دوو دادوه‌ری كورد بۆ كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق زیادكران

هەواڵ / عێراق :: 29/12/2019‌ :: 278‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراق له‌رێى تیروپشكه‌وه‌ دوو دادوه‌ری كوردی بۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق زیادكرد.

تیروپشكه‌كه‌ (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) ئه‌نجامدرا و به‌پێى ئه‌نجامه‌كه‌ى هه‌ریه‌ك له‌ دادوه‌ران (عومەر ئەحمەد محەمەد و دەهام ئەکرەم عومەر) وه‌ك نوێنه‌رانى هه‌رێم ده‌بنه‌ ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق.

ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد كه‌ تیروپشكه‌كه‌ به‌ به‌شدارى ژماره‌یه‌ك له‌ میدیاكاران و به‌ چاودێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ بیناى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان به‌ڕێوه‌چووه‌.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئاشكرایكرد ناوی شه‌ش دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانیان بۆ به‌غدا ناردووه‌ به‌مه‌به‌ستی دانانی دوو كه‌سیان وه‌كو ئه‌ندامی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان.

رۆژی 5ی كانونی یه‌كه‌م، په‌رله‌مانی عێراق یاسای نوێی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ندكرد و ئه‌ندامانی پێشووى ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران-یشی ره‌وانه‌ی خانه‌نه‌شین بوون كرد.

به‌پێی یاسای نوێى كۆمسیۆن، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆن له‌ نۆ كه‌س پێكدێن، كه‌ حه‌وت-یان له‌ دادوه‌ران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت ده‌بن.

هه‌ر به‌پێى یاسا تازه‌كه‌، یاسای ژماره‌ (11)ی ساڵی 2007ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ هه‌موو هه‌مواره‌كانییه‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى بڕگه‌یه‌كی تری یاساكه‌، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی ئێستا، ئه‌وانه‌یان كه‌ جێگیرن یان راسپێردراون، به‌ هه‌مان پله‌ی وه‌زیفی و ده‌رماڵه‌كانیانه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمسیۆن، ئه‌وانه‌یش ئاره‌زووی خانه‌نشینی ده‌كه‌ن، خانه‌نشین ده‌كرێن.

هاوكات یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی كۆمسیۆنی ئێستا به‌هه‌مان پله‌ و ده‌رماڵه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت، یان ئه‌وانه‌ی ئاره‌زووی خانه‌نشینی ده‌كه‌ن، هه‌واڵه‌ی خانه‌نشینی ده‌كرێن، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی به‌ش و به‌ڕێوه‌به‌ری لقه‌كان له‌ پۆسته‌كانیان ده‌به‌خشرێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نوێ له ‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمسیۆن داده‌مه‌زرێن.

پ: ل. م
ب: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure