گەورە پڕۆژەیه‌كی نیشته‌جێبوون لە هەولێر بنیاد دەنرێت

هەواڵ / ئابوری :: 29/12/2019‌ :: 751‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو


حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو هەوڵی جددی دەدات بۆ پێشخستنی زیاتری پڕۆژه‌ جۆراوجۆره‌كان، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و سەرمایەداران هەماهەنگی دەکەن بۆ بنیادنانی پڕۆژەی جۆراوجۆری گەشتیاری.

یەکێک لەو کارانەی گەورە پڕۆژەیه‌كی نیشته‌جێبوون دەبێت لەهەولێر لەلایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە، پڕۆژەی بەرزترین تاوەری نیشتەجێبوونە لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتووە لە 50 نهۆم، پێشكەشی دەستەی وەبەرهێنان كراوە و وەبەرهێنانی هەولێریش رەزامەندییان لەسەر پڕۆژەكە و دروستكردنی تاوەرەكە دەربڕیوە.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر بە بە دواڕۆژی راگەیاند "لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە خۆماڵییە پڕۆژەی دروستکردنی گەورەترین تاوەری نیشتەجێبوون پێشکەشکراوە پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەكە ئامادەیە و پێشكەشمان كراوە و بڕیارە كۆمپانیاكە چەند بڕاندێكی جیهانی بهێنێ بۆ دروستكردنی پڕۆژەیەكی بازرگانی و گەشتیاری، كە بە پڕۆژەی تاوەر ناسراوە".

سامان عارەب، ڕاشیگەیاند "ئەو تاوەرە 50 نهۆمییە و بەرزترین تاوەرە لە ئاستی هەموو عێراق، لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی لە شوێنێكی هەولێر زەوی بۆ دابینبكەین، بە جۆرێك رەچاوی ئەوەش بكرێت، كە دوور بێت لە مەدرەجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".

ئاماژەی بەوەشدا "بەشێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندییان لەسەر پڕۆژەكە داوە و چاوەڕوانی هێنانی بڕاندە جیهانییەكان دەكەین" لەبارەی تێچوونیشەوە وتی: "سەرمایەی پڕۆژەکە زۆرە و جارێ نامانەوێت ئاشكرای بكەین تا قۆناغی زیاتر دەچێتە پێشێ".

بەرپرسەكەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستەڕوو "پرۆژەکە تەنیا تاوەر نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی بازرگانی و گەشتیاریی فراوانە و 25 هەزار مەتر زەویی پێویستە، بۆیە دەمانەوێت لە شوێنێك بكرێت، ئەو تاوەرە لە هەموو هەولێرەوە دیار بێت و ببیندرێت، بە جۆرێك دیزاین كراوە، كە لەگەڵ قەڵا و منارەی هەولێر بگونجێت".

سامان عارەب، باسی لەوەشکرد "تاوەرەکە كاریگەریی زۆری ئابووری و بازرگانیشی دەبێت وا دەكات دەستی كار ببووژێتەوە و كاریگەریی باشی دەبێت بۆ سەر بازاڕی ناوخۆ".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure