رۆژانە نەوتی کەرکوک رەوانەی دوو وڵات و ژمارەیەک پاڵاوگە دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 28/12/2019‌ :: 415‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیماد جەباری

رۆژانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەکێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بەرهەمدەهێنرێت، جگە لەهەناردەکردنی بۆ دوو وڵات، پێداویستی ژمارەیەک پاڵاوگەش پڕ دەکاتەوە.


سەرچاوەیەکی بەرپرس لەکۆمپانیای نەوتی باکور بەدواڕۆژی راگەیاند "رۆژانە لەکێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک ٩٠ بۆ ١١٠ هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بەندەری جیهان دەکرێت لەتورکیا و ١٠ هەزار بەرمیلیش هەناردەی وڵاتی ئوردن دەکرێت کە دوای ئەوەی رەوانەی بێجی دەکرێت لەوێوە لەڕێگەی تانکەرەوە دەبرێت".

وتیشی: "بەپێی گرێبەستێک پێویستە رۆژانە لەکەرکوکەوە ١٠٠ هەزار بەرمیل رەوانەی پاڵاوگەی کەڵەک بکرێت لەهەولێر، بەڵام ئاستی هەناردەکە ناگاتە ئەو رێژەیە و لە ٧٠ هەزار زیاتر رەوانە ناکرێت ئەوەش بەهۆی کێشە تەکنیکییەکانەوە کە بەردەوام دوچاری دەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو کە لەکەرکوکەوە ٣٨ بۆ ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی بازیان دەکرێت و ٧٠ هەزاریش بۆ پاڵاوگەی بێجی دەڕوات، هەرچی پاڵاوگەی کەشک و سینیەشە، رۆژانە بڕی ١٠ هەزار بەرمیل بۆ هەر یەکێکیان دەڕوات.

ئەو سەرچاوەیەی نەوتی باکور ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە تاوەکو ماوەیەک پێش ئێستا رۆژانە بڕی ١٠ هەزار بەرمیل بۆ کۆمپانیایەک لەبەغدا دەڕۆیشت، بەڵام لەئێستادا ئەو هەناردەیە راوەستاوە.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی نەوتی عێراقیش، تەنها لەمانگی ڕابوردوودا، دوو ملیۆن و ٣٨١ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک هەناردە کراوە، کە داهاتەکەی دەکاتە (١٤٠) ملیۆن و (٦٦٣) هەزار دۆلار.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure