ئه‌مینداری یه‌كگرتوو: ده‌بێت خۆپیشاندانه‌كانی عێراق له‌ هه‌رێم حیسابی گه‌وره‌ی بۆ بكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 28/12/2019‌ :: 117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می حیزبه‌كه‌ی سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌ددین رایگه‌یاند: خۆپیشاندانه‌كانی عێراق چاوه‌ڕێی گۆڕانكاری گه‌وره‌ی لێ ده‌كرێت و ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان حیسابی گه‌وره‌ی بۆ بكرێت. 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2019 له‌ هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌ددین ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند: یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ بارودۆخێكی ناسك و هه‌ستیاردا كۆنگره‌ی هه‌شته‌می خۆی ده‌به‌ستێت، له‌كاتێكدا شه‌قامی ناڕازی و خۆپیشاندانه‌كانی عێراق ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری گه‌وره‌ی لێ ده‌كرێت كه‌ گه‌ر به‌ زوویی كێشه‌كانی هاووڵاتیان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت دۆخه‌كه‌ و خواستی خۆپیشانده‌ران پاڵپشتی ده‌وێت و ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستانیش په‌ند له‌و خۆپیشاندانانه‌ وه‌ربگیرێت و حیسابی گه‌وره‌ی بۆ بكرێت.

وتیشی: "یه‌كگرتوو هه‌میشه‌ دوور بووه‌ له‌ ململانێ و شه‌ڕی نه‌گریس، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی منه‌ت نییه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی تره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ نه‌هج و هه‌ڵقوڵاوی ئێمه‌یه‌ بۆ نیشتمانپه‌روه‌ری". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ژماره‌ی كورسی پاشه‌كشێمان كرد، به‌ڵام برایه‌تیمان به‌هێز كرد، بۆیه‌ ئێمه‌ خه‌می له‌ده‌ستانی كورسیمان  نییه‌، به‌ڵكو خه‌می ئه‌وه‌مانه‌ دیموكراسیه‌ت له‌ناو بچێت. 

سه‌باره‌ت به‌ پرسی ریفراندۆمیش وتی: "ریفراندۆم كارێكی سه‌خت بوو، گه‌رچی ئاواتی هه‌موو كوردێكی دێرینه‌، به‌ڵام یه‌كگرتوو له‌ په‌یڕه‌و مافی چاره‌نووسی كردووەته‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كان و كاری له‌سه‌ر ده‌كات، بۆیه‌ پاڵپشتیمان له‌و پرۆسه‌یه‌ كرد، به‌ڵام ناته‌بایی ناوخۆ و ده‌ستی ده‌ره‌كی شكستی به‌م پرۆسه‌یه‌ هێنا و وه‌ك یه‌كگرتووش په‌شیمانین كه‌ پاڵپشتیمان له‌ ریفراندۆم كرد". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌نجامدانی دوو هه‌ڵبژاردن بۆ حیزبێكی وه‌ك یه‌كگرتوو له‌ خراپی باری دارایی و ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری ئه‌لیكترۆنی و بێ هیوایی خه‌ڵك له‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ سیاسییه‌كان وایكرد ئێمه‌ش به‌ر شاڵاوی پاشه‌كشێ بكه‌وین. 
 
روونیشیكرده‌وه‌: له‌ خولی ئه‌مجاره‌ی سه‌ركردایه‌تی یەكگرتوودا گۆڕانگاری له‌ شێوازی كاری حیزبدا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م بگونجێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure