مه‌زڵوم كۆبانى په‌یامێكى بڵاوکردەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/12/2019‌ :: 348‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

مه‌زڵوم كۆبانى، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ دوو تویتدا، په‌یامێكى سه‌باره‌ت بە دۆخى ئیدلب له‌ سوریا بڵاوکردەوە.

مه‌زڵوم كۆبانى، له‌و تویتانه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ 27ى كانوونى یه‌كه‌م بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە: ده‌رگایان بۆ خه‌ڵكى شارى ئیدلب كراوه‌یه‌ و ده‌توانن هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئیدلب بكه‌ن و ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ ژێر چاودێرى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات بێنه‌ ناوچه‌كانى ئێمه‌.

ئه‌وه‌شى خستوه‌تەڕوو: "ئه‌وه‌ى له‌ ئیدلب رووده‌دات، به‌شێكه‌ له‌ پلانى ئه‌ردۆغان بۆ رووخاندنى ناوچه‌كه‌، پێویسته‌ سنوورێك بۆ ئه‌وانە دابنێن كه‌ بازرگانى به‌ خوێنى سورییه‌كان ده‌كه‌ن، پێویسته‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ وێرانكه‌ره‌ رابوه‌ستێت و له‌ژێر چه‌ترێكدا هه‌موو هێزه‌كانى نیشتمانى پارێزگارى له‌ نیشتمان و كه‌رامه‌تیان بكه‌ن".

لە چه‌ند رۆژى رابوردوودا له‌ شارى ئیدلب، هێرشه‌كانى رژێمى سوریا و فڕۆكه‌كانى رووسیا بۆ سه‌ر هێزه‌كانى به‌ناو (سوپای ئازاد) چڕبووه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌سه‌دان كه‌سى مه‌ده‌نى له‌ ترسى ئه‌و هێرشانه‌ ئاواره‌ بوون.

له‌سه‌ر دۆخى ئه‌و شاره،‌ روانگه‌ى سورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، رایگه‌یاندووه: "چه‌كداره‌كانى (سوپاى ئازاد) به‌ته‌واوى له‌ توركیا بێ هیوا بوون، بۆیه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)وە كردووه‌ كه‌ ئه‌وان ئامادەن‌ چه‌كى خۆیان راده‌ستى (هه‌سه‌ده)‌ بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ژێر چه‌ترى هێزه‌كانى سوریای دیموكرات.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure