گه‌نجێك كارێكى جیاواز بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 27/12/2019‌ :: 318‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌مه‌به‌ستى به‌خشینى سیمایه‌كى جوانتر به‌ رێگایه‌كى سه‌ره‌كى هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌وزكردنى رێگەكه‌ و پاراستنى ژینگه‌ و سروشتى ناوچەكه‌، گه‌نجێكى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناشتنى 500 نه‌مام له‌ جۆرى (چنگه‌ پشیله‌) رێگەى سه‌ره‌كى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ گوڵڕێژ ده‌كات و به‌رپرسانى شاره‌كه‌ش پاراستنى ئه‌و نه‌مامانه‌ له‌ئه‌ستۆده‌گرن.


رێگا ئه‌حمه‌د، ئه‌و گه‌نجه‌ى ده‌ستیكردووه‌ به‌ ناشتنى 500 نه‌مام له‌سه‌ر جوتسایدى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: مه‌به‌ست له‌م كاره‌م بۆ به‌خشینى سیمایه‌كى جوانتره‌ به‌و رێگە سه‌ره‌كییه‌ كه‌ رۆژانه‌ به‌ سه‌دان خوێندكار و مامۆستاى زانكۆ پیایدا تێده‌په‌ڕن، بۆیه‌ بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستم هه‌بێت له‌ خزمه‌تكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناشتنى 500 نه‌مام.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌و نه‌مامانه‌ له‌ جۆرى (چنگه‌ پشیله‌ن) ئه‌م جۆره‌ نه‌مامه‌ش تواناى هه‌ڵكشانى هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌و دیواره‌ راگره‌ى كه‌ له‌سه‌ر رێگە سه‌ره‌كییه‌كەدا دروستكراوه‌، به‌مه‌ش له‌لایه‌ك سیمایه‌كى جوان به‌ رێگە سه‌ره‌كییه‌کە ده‌به‌خشێت له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ له‌ڕووى ژینگه‌ و سروشته‌وه‌ كارێكى جوان ده‌بێت.

ئه‌و گه‌نجه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كه‌مان جێگه‌ى خۆى بگرێت و سه‌ركه‌وتوو بێت، پێویستیمان به‌ هاوكارى هه‌ماهه‌نگى هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌رپرسانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڵێنی پاراستن و ئاودانی نه‌مامه‌كانیان له‌ئه‌ستۆگرتووه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure