ئەڵماس فازیل: یاساى نوێی هه‌ڵبژاردن زیانى زۆرى هه‌یه‌ و زۆربه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌فه‌وتێن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 27/12/2019‌ :: 349‌ جار بینراوە
ئه‌ڵماس فازیل

دواڕۆژ، سامان قوبادى

تێپه‌ڕاندنى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌ك ته‌نیا زیانه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان، به‌ڵكو كێشه‌ بۆ عێراق دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ وته‌ى ئه‌ڵماس فازیل ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌، له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ر قه‌زایه‌ك رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى نه‌گاته‌ 100 هه‌زار ده‌بێت یه‌ك بخرێت له‌گه‌ڵ قه‌زایه‌كى تر، یاساكه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى كوتله‌ گه‌وره‌كان و له‌ زیانى كه‌مینه‌كانه‌، جێبه‌جێكردنیشى له‌ واقیعدا قورسه‌.

 
دواڕۆژ: یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ زیان بۆ كورد ده‌زانن، بۆچى رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌تان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا نه‌كرد؟
ئه‌ڵماس فازیل:
له‌ماوه‌ى دوو مانگى رابوردوودا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ ئەنجامدراوە، له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌كو كوتله‌ سیاسییه‌كان تێبینى خۆمان داوه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاوڕا بوون، بۆ نموونه‌ كوتله‌ى ده‌وڵەتى یاسا به‌مه‌ رازى نه‌بوون، هۆكاره‌كانیشى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئاستى بازنه‌ى قه‌زاكان ورد ده‌بێته‌وه‌، 186 قه‌زا له‌ عێراقدا هه‌یه‌ 64ى كێشه‌ى سیاسى و ئیدارییان هه‌یه‌، بازنه‌ هه‌یه‌ رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى ناگاته‌ 100 هه‌زار ده‌نگ، بۆیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ قه‌زایه‌كى تر یه‌ك بخرێن، به‌پێى یاساكه‌ش له‌ نزیكى سنوورى جوگرافى، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ سنوورى جوگرافییه‌كانیان تێكه‌ڵه‌، بۆ نموونه‌ قه‌زاى سێمێل له‌ نێوان دهۆك و موسڵ و هه‌ولێردایه‌، جگه‌له‌وه‌ قه‌زاكانى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان، ئه‌مانه‌ هه‌مووى كێشه‌ دروست ده‌كات، وه‌زاره‌تى پلاندانان ئه‌م ئالیه‌ته‌ى دانا، به‌ڵام هێشتا سه‌رژمێرى دانیشتوانى عێراقى نه‌كردووه‌، هاوكات جێبه‌جێكردنى له‌ ئه‌رزى واقیدا له‌ رووى جوگرافی  و هونه‌ریشه‌وه‌ قورسه‌، جگه‌ له‌وه‌ چۆن كۆتای ژنان یه‌كلایى ده‌كه‌یته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى بازنه‌یه‌ك كه‌ رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى ناگاتە 100 هه‌زار؟ به‌م هۆیه‌وه‌ مافى ژنانیش پێشێل ده‌كرێت.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ هه‌موو پارێزگاكانى عێراق به‌پێى یاساكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا وه‌كو قه‌زا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟
ئه‌ڵماس فازیل
: به‌ڵى له‌ هه‌ڵبژاردندا هه‌موو پارێزگاكان دێنه‌ سه‌ر ئاستى قه‌زا، ئه‌مه‌ خێڵه‌كیى زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ قه‌زایه‌ك حیزبێك به‌هێزتره‌ له‌وانى تر نا، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستى پارێزگا نه‌بێت هه‌مه‌جۆریى تیادا روونادات، به‌ڵكو جۆرێك له‌ قۆرخكاریى دێنێته‌ ئاراوه‌، زیانێكى گه‌وره‌ له‌ پێكهاته‌كانى عێراق ده‌دات  كه‌ ئامارێكى دروستى ژماره‌ى دانیشتوان نه‌بێت به‌چى شێوه‌یه‌ك ئه‌م قه‌زایانه‌ یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌.

دواڕۆژ: زیانه‌كانى یاساكه‌ بۆ كورد و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا چین؟
ئه‌ڵماس فازیل
: ده‌بێته‌ هۆى په‌رته‌وازه‌بوونى ده‌نگه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لیستى تاك و گشتیش هه‌یه‌، له‌ لیسته‌ فه‌ردییه‌كاندا ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌لایه‌نه‌كان زۆربه‌ى ده‌نگه‌كان تێكه‌ڵ بكه‌ن، چونكه‌ نازانێت ئایا له‌سه‌ر ئاستى قه‌زا مامه‌ڵه‌ ده‌كرێت یان نا، له‌و بازنه‌یه‌ ئه‌ندامێك ئه‌گه‌ر 23 هه‌زار ده‌نگى هێنابێت، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا 10 هه‌زار ده‌نگى به‌ر بكه‌وێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى بازنه‌ى گشتى چ هاوكێشه‌یه‌كى تیادایه‌؟ یان چۆن ئه‌م هاوسه‌نگییە له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ده‌كرێت و كۆمسیۆن له‌ رووى هونه‌رییه‌وه‌ یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌؟

دواڕۆژ: كه‌واته‌ ده‌بێته‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى كورسییه‌كانى كورد له‌داهاتوودا؟
ئه‌ڵماس فازیل
: نازانرێت ده‌بێته‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان یان نا، به‌ڵام بۆ نموونه‌ ناحیه‌ى (خان بەنی سەعد) كه‌ بچووكترین ناوچه‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌و یاسایه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێكى ئه‌م ناحیه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ دیاله‌ و به‌شه‌كه‌ى ترى سه‌ر به‌به‌غدایه‌، باشه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک پێوه‌ره‌كان بۆ ئه‌م ناحیه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، زۆر قورسه‌، ده‌نگێكى زۆریش ده‌فه‌وتێت.

دواڕۆژ: تێپه‌ڕبوونى ئه‌م یاسایه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى كێیه‌؟
ئه‌ڵماس فازیل:
له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و كوتلانه‌یه‌ كه‌ پێشنیاریان كردبوو و كاریان ده‌كرد بۆ تێپه‌ڕبوونى ئه‌م یاسایه‌،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كوتله‌ سیاسییه‌كانى عێراق ده‌كات به‌ زۆرینه‌، دووه‌م ره‌نگه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌سه‌ر ئاستى قه‌زا به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنى پارێزگاكاندا ده‌نگیان به‌ده‌ست نه‌هێنابوو، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر لیستى تاك ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنن، نه‌ده‌بوایه‌ یاساكه‌ به‌و شێوازه‌ تێپه‌ڕێنرێت، چونكه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق سازان نامێنێت.

دواڕۆژ: ئایا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو رووبه‌ڕووى كێشه‌ى گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌؟
ئه‌ڵماس فازیل
: نه‌ك بۆ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان، به‌ڵكو كێشه‌ى گه‌وره‌ بۆ هه‌موو عێراق دروست ده‌كات، كۆمسیۆن ناتوانێت له‌ واقیعدا یاساكه‌ جێبه‌جێ بكات.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ ته‌وافوقى سیاسى نه‌ماوه‌ به‌پێى قسه‌كانت بێت؟
ئه‌ڵماس فازیل
: به‌ڵى، چونكه‌ یاساكه‌ تێپه‌ڕكردن بوو به‌ زۆره‌ملێ، ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و كوتلانه‌ى پشتیوانى یاساكەیان ده‌كرد، راى وا هەبوو كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق دروست ده‌كات كه‌ چاره‌سه‌رى قورسه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م یاسایه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو تا هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ نه‌كرێت.

دواڕۆژ: به‌ڵام یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌ باشه‌كانى یاساكه‌ ده‌رچوونى كه‌سانى سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ توانا و لێهاتوویى خۆیان، بۆچى زیانى هه‌یه‌؟
ئه‌ڵماس فازیل:
یه‌ك بازنه‌یى و فره‌ بازنه‌یى باشى و خراپى هه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ئه‌م یاسایه‌ش راسته‌ كه‌ تاكى سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت به‌ تواناى خۆى ده‌ربچێت بێ ئه‌وه‌ى سەر به‌ لایه‌نێك بێت یان پشت به‌ قه‌واره‌یه‌ك ببه‌ستێت، به‌ڵام كێشه‌ى هونه‌رى و ئیدارى دروست ده‌كات و ده‌نگه‌كان تێكه‌ڵ ده‌بێت.

دواڕۆژ: ئایا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو به‌ شێوه‌ى ئه‌یكترۆنى ده‌كرێت؟
ئه‌ڵماس فازیل
: به‌پێى یاساكه‌ ده‌نگدان و ته‌نانه‌ت جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنى ده‌نگه‌كانیش به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێت، له‌ 2% دانراوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌سمه‌یان نه‌خوێندرێته‌وه‌ و به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ ناوه‌كان نه‌خوێندرێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و وێستگه‌یه‌ دوباره‌ به‌ ده‌ست ده‌نگه‌كانى ده‌ژمێردرێن و جیا ده‌كرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ساخته‌كاریى روونه‌دات.

دواڕۆژ:  ئایا باس له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ نه‌كراوه‌ به‌هۆى دۆخى خراپى ئێستاى عێراق؟
ئه‌ڵماس فازیل:
ئه‌گه‌ر بیریان له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بكردایه‌ته‌وه‌ كوتله‌ عه‌ره‌بییه‌كان رێككه‌وتنیان نه‌ده‌كرد له‌سه‌ر بازنه‌یى له‌سه‌ر ئاستى قه‌زا، ئه‌گه‌ر نا ئاسانتر بوو له‌سه‌ر  یه‌ك بازنه‌یى بوایه‌، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ناكرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure