ئامارێکی جیاواز لەسەر بودجەی عێراق بڵاودەکرێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 27/12/2019‌ :: 677‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دیوانی چاودێری دارایی عێراق راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا شکستی ئەدای زۆربەی دەزگاکانی دەوڵەتی لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاشکرا کردووە.

تیایدا هاتووە: زۆربەی دەزگاکانی دەوڵەت لە وەزارەتەکان و پارێزگاکان نەیانتوانیوە پارەی تایبەت بە پرۆژە و پێشخستنی دەزگا گشتییەکان خەرجبکەن.

راپۆرتەکە لە یەکی کانونی دووەمی 2019وە تا 30ی ئەیلولی هەمان ساڵی بە نموونە وەرگرتووە و تیایدا هاتووە: ئەو دەزگایانەی دەوڵەت 9 تریلیۆن و 370 ملیار دیناریان خەرجکردووە لە کۆی 33 تریلیۆن دینار کە بۆ وەبەرهێنان دیاریکراوە لە بودجەی ئەمساڵدا.

باس لەوەشکراوە: زۆربەی پارە خەرجکراوەکە وەزارەتی نەوت خەرجی کردووە کە 7 تریلیۆن و 426 ملیار دینار بووە، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەنیا 89 ملیار دیناری خەرجکردووە لە کۆی یەک تریلیۆن و 953 ملیار دینار کە دەکاتە 4 لەسەدی بودجەی تەرخانکراو بۆی.

هەروەها وەزارەتی کارەباش 17 لەسەدی بودجەکەی خەرجکردووە کە 4 تریلیۆن و 750 ملیار دیناری عێراقی بۆ تەرخانکرابوو.

پارێزگای بەسرەش کە چەندین ساڵە بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنێت، لەو ماوەیەی ئەمساڵدا تەنیا 48 لەسەدی بودجەکەی خەرجکردووە کە بودجەکەی یەک تریلیۆن دینارە، بەغداش 33 لەسەدی بودجەکەی خەرجکردووە کە بودجەکەی 559 ملیار دینارە، پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووریش جگە لە کەربەلا نەیانتوانیوە زیاتر لە 50 لەسەدی بودجەکەیان خەرجبکەن، پارێزگای دیوانیە کە یەکێکە لە پارێزگا هەژارەکانی عێراق تەنیا 11 لەسەدی بودجەی وەبەرهێنانەکەی خەرجکردووە.

بەڵام لە نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین ئامارەکە جیاوازە و نەینەوا چوار هێندەی بودجەی تەرخانکراو بۆی خەرجکردووە، ئەنباریش پێنج هێندە و سەڵاحەدینیش سێ هێندەی خەرجکردووە.

عێراق لەو نۆ مانگەدا 66 تریلیۆن و 448 ملیار دیناری خەرجکردووە کە 30 تریلیۆنی بۆ مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران بووە، 11 تریلیۆنیشی بۆ قەرزی گشتی و بەهاناوەچوون بووە، لەبەرامبەر ئەم خەرجیەشدا دەوڵەت 73 تریلیۆن دینار داهاتی هەبووە کە دەکاتە 7 تریلیۆن و 200 ملیار دیناری عێراقی.

ئا: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure