وه‌زاره‌تى دارایی لیستى نوێى مووچه‌ى راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 27/12/2019‌ :: 70237‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


ئه‌گه‌رچی له‌ چه‌ند مانگی رابوردوودا دابه‌شكردنی مووچه‌ چه‌ند رۆژێك له‌و كاته‌ی بۆی دیاری كرابوو دواده‌كه‌وت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی ئاشكرای ده‌كات: دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 10 چه‌ند رۆژێك زووتر ده‌ستپێده‌كات. 


(ئه‌مڕۆ هه‌ینی 27ی كانوونی یه‌كه‌می 2019) سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "پاره‌ی پێویست بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ داهاتی هه‌رێم بۆ  چه‌ند وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌ک ئاماده‌یه‌ و پاره‌كه‌ی به‌غداش له‌ لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندى ئاماده‌یه‌".  

وتیشی: "به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی دانراوه‌، له‌ رۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ 5 و 6ی كانوونی دووه‌می 2020 ده‌ستده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 10ی 2019 و یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش كه‌ مووچه‌ی پێده‌درێت وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت".  

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "وه‌زیری دارایی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌غدا كه‌ مانگانه‌ ده‌ینێرێت به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ باره‌ی پشكی كورد له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە". 

هاوكات عابد مزوری، به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندى عێراقی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ بانكه‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ و هه‌موو مانگێك به‌ ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ مووچه‌ خه‌رج ده‌كرێت".  

روونیشیكرده‌وه‌: "تاوه‌كو ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی مووچه‌ی فه‌مانبه‌رانی هه‌رێم دروستنه‌بووه‌، هیچ بڕیار و نووسراوێكیش له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ به‌غدا ئاڕاسته‌ی هیچ لایه‌ن و كه‌سێك نه‌كراوه‌". 

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ به‌ پاره‌ی داهاتی ناوخۆ و سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌ بڕه‌كه‌ی 317 ملیار دیناره‌ و  پاره‌كه‌ی به‌غداش كه‌ بڕه‌كه‌ی 453 ملیار دیناره‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شده‌كات. 

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure