نەوزاد ئەدهەم: بەشەخۆراك و نەوتی بەشێك لە هاووڵاتیان دەبڕدرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 23/12/2019‌ :: 2478‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

بەبەكارهێنانی كارتی زیرەك، بەشەخۆراك و نەوتی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەبڕدرێت كە بەهۆی  ناوی دووبارە یان كۆچكردوو پێشتر وەریانگرتووە. نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێم لە دیدارێكی دواڕۆژدا دەڵێت"هەر بەهۆی ئەو كارتە زیرەكەوە و لە قۆناغی دووەمدا خۆراكی ئەو خێزانانە دەبڕدرێت كە داهاتیان باشە".



دواڕۆژ: باس لە نەمانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەكرێت، راستە؟

نەوزاد ئەدهەم: نەخێر بەشەخۆراكی سەرجەم هاووڵاتییان نابڕدرێت، بەڵام چاكسازیی تێدا دەكرێت، بەوەی كە لەمەودوا كارتی زیرەك پێیادە دەكرێت، لەئێستادا لە قۆناغی تاقیكردنەوەدایە، دواتر دەستدەكرێت بە دابەشكردنی كارتی زیرەك بەسەر خێزانەكاندا تا بتوانێت لەو رێگەیەوە خۆراكی خۆی وەربگرێت. بەپێی ئەو كارتە، ئەگەر ناوی دووبارە یان كەسێك لە ناوچەكانی خوارووی عێراق بووە و هاتووەتە هەرێم و دواتر گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی،  یان هاووڵاتی هەیە كۆچی دوایی كردووە یاخود چووەتە دەرەوەی وڵات، لەم حاڵەتەدا داتابەیسی فۆڕمی خۆراك پاكدەكرێتەوە لە ناوی دووبارە یان كۆچكردوو، لە رێگەی ئەو ئامێرەوە كە (بەسمەی چاو) وەردەگیرێت لەجیاتی پەنجە، لەمانگی 2ی ئەمساڵیشەوە پرۆسەكە دەستی پێكردووە و بەردەوامیشە.



دواڕۆژ: لە هەرێم چەند خێزان بەشەخۆراكی مانگانە وەردەگرن؟
نەوزاد ئەدهەم: هەموو خێزانێك وەریدەگرێت، بەڵام هەیە سوودی لێوەرناگرن. دوای پڕۆسەی كارتی زیرەك دەستدەكرێت بە جیاكردنەوەی ئەو كەسانەی باری داراییان باشە لەگەڵ ئەوانەی داراییان خراپە.



دواڕۆژ: ئایا ئەگەر سەرۆك خێزانێك داهاتی مانگانەكەی زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار بێت، بەشەخۆراكەكەی دەبڕدرێت؟
نەوزاد ئەدهەم: لە قۆناغی یەكەمدا پاككردنەوەی لیستەكەیە، دواتر ئاستێك دادەنرێت بۆ پێدانی بەشەخۆراك بە هاووڵاتییان، بەڵی بڕیار هەیە بۆ بڕینی بەشەخۆراك، ئەمەیش بەپێی داهاتی خێزانەكەیە، بۆیە كاتی ئەوە نەماوە ئەو كەسانەی باری داراییان باشە بەشەخۆراكیان پێبدرێت، چونكە پێویستیان پێی نییە. كاری ئێستامان رێكخستنەوەی فۆڕمی خۆراكە، هاوكات گرنگیدانە بە كوالێتی ئەو خۆراكەی لە بەغداوە بۆمان دەنێردرێت.


دواڕۆژ: كەواتە بەهەمانشێوە ئەو خێزانانەی بەهۆی ناوی دووبارە یان كۆچكردوو بەشە نەوت وەردەگرن، ئەوەیش دەبڕن؟
نەوزاد ئەدهەم: ئەمە یەكێكە لە شتە گرنگەكان، كاتێك ناوی دووبارە یان كۆچكردوو لە داتابەیس دەسڕێتەوە، ئەوكات هەر كەسێك كە بەو هۆیەوە پێشتر بەشەنەوتی وەرگرتبێت، دەبڕدرێت و دەدرێت بەو كەسانەی كە پێویستیان پێیەتی. خەڵكێكی زۆر هەیە سەردانی فەرمانگەی خۆراكیان نەكردووە بۆ ماوەیەكی زۆر، نازانرێت ئەم كەسانە ماون یان نا، بەپێی ئەو كارتە زیرەكە ئەمە ئاشكرا دەكرێت.


دواڕۆژ: ئەگەر ئەو خواردنەی دابەش دەكرێت لێیوەرنەگیرێت كەواتە چی لێدەكرێت؟
نەوزاد ئەدهەم: هەموو خێزانێك بەشەخۆراك وەردەگرێت، بەڵام هەندێكیان بەكاریناهێنێت، بەڵكو لە بازاڕەكاندا دەیفرۆشنەوە، دابەشكردنی بەشەخۆراك كاریگەریی هەیە لەسەر بازاڕی كوردستان، ئەگەر بۆ ماوەی 3 رۆژ دابەشكردنی ئارد دوابكەوێت، نرخەكەی لەبازاڕدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەبێت.


دواڕۆژ: بەلای هاووڵاتییانەوە ئەو خۆراكەی دابەش دەكرێت كوالێتییەكی ئەوتۆی نییە و زۆركات بەكاریناهێنن، هەروەها جۆرەكانی كەمن، بۆچی لەگەڵ بەغدا چارەسەری ئەمە ناكەن؟
نەوزاد ئەدهەم: ناردنی خۆراك مەركەزییە و بەغدا دەیكات، هەرێمی كوردستان نوێنەری نییە لە بەغدا بۆ ئەو مەبەستە، داوامان كردووە هەر پارێزگایەك كە لیژنەی تەندەرینی هەیە، هەروەك چۆن تەندەر بۆ بەڵێندەر دەكرێت بەشێوەی ركابەری، بەهەمان شێوە لە هاوردەكردنی خۆراكدا جێبەجێ بكرێت، حكومەتی هەرێم رەزامەندیی دەربڕیوە، بەڵام عێراق رێگە نادات بەمە كە هەر پارێزگایەكە بەشی خۆی پێبدرێت، لەم حاڵەتەدا ئیدارەی پارێزگاكە بەرپرس دەبێت لە كوالێتی خۆراك، بەم رێگەیە دەتوانرێت جۆر و بڕی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان باشتر بكرێت، ئێمە داوایشمان لە رێكخراوی WFP كردووە كە بەم كارە هەڵسن، چونكە ئەوان دەیهێن.


دواڕۆژ: دەوترێت گەندەڵیی ناو وەزارەتی بازرگانی بووەتە هۆی هێنانی خواردنی خراپ، هاوكات بڕە پارەیەكی كەمتر دەدرێت، دەڵێیت چی؟ 
نەوزاد ئەدهەم: من لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق نیم، بەڵام هەر كەشتییەكی خۆراك بێت، بەشێوەی ریزبەندی و وەكو یەك بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت، بەهۆی ئەوەی بەغدا خۆی هاوردەی دەكات، هەندێك رێكار دەگرێتەبەر كە لەبەرژەوەندیی هاووڵاتیدا نییە.


دواڕۆژ: ئەو مادانەی دەدرێن بە هاووڵاتی لە كام وڵاتەوە هاوردە دەكرێن؟
نەوزاد ئەدهەم: برنج لە ڤێتنام و ئۆرۆگوای و كەنەدا و ئەمریكاوە دەهێنرێت، مادەكانی تریش كە ئێستا دەدرێن بە هاووڵاتی لە وڵاتانی ئاسیاوە دەهێنرێن، هیچ جیاوازییەكیش لە دابەشكردنیدا ناكرێت لەنێوان پارێزگاكاندا، بەڵكو بەپێی ژمارەی دانیشتوانە. 


پ: ل. م 
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure