دانوستانەکانى چوونى له‌شكری رۆژ بۆ خۆرئاواى كوردستان به‌رده‌وامن

هەواڵ / کوردستان :: 22/12/2019‌ :: 400‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

دانوستانەکانى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كورد-سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خۆرئاواى كوردستان به‌رده‌وامە كه‌ خاڵێكى ئه‌و دانوستانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا (له‌شكری رۆژ)ە بۆ خۆرئاوای کوردستان.

سه‌رچاوه‌یەك له‌ناو پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌نه‌كه‌سه‌ داواى گه‌ڕانه‌وەى پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوای خستووه‌تە به‌رده‌م به‌ڕێوبه‌رایه‌تى خۆسه‌ر و هێزه‌كانى سوریای دیموكرات، هێزه‌كانى سوریاى دیموكراتیش رازین تایبه‌تمه‌ندى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا وه‌ك ناو بمێنێت، به‌ڵام له‌ ژێر چه‌ترى هێزه‌كانى سوریای دیموكرات بن".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ نه‌یویست ناوى خۆى ئاشكرابكات ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "پێ ناچێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، ئه‌نه‌كه‌سه‌ رازی بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ خۆرئاواى كوردستان، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا باڵى سه‌ربازى ئه‌نه‌كه‌سه‌-ن و ئێستا له‌ باشوورى كوردستانن".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شى وت: "ئێستا فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ى رۆژئاوا رازی نین له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ ببنه‌ به‌شێك له‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات".

پێشمه‌رگه‌كانى رۆژئاوا (له‌شکرى رۆژ) ساڵى 2012، له‌ باشوورى كوردستان به‌ هاوكارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دامه‌زران و ئێستا نزیكه‌ى 5 هەزار له‌و پێشمه‌رگانه‌ مووچه‌ له‌ سه‌ر میلاكى پێشمه‌رگه‌كانى زێره‌ڤانى وه‌رده‌گرن.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure