ئەحمەد حاجی رەشید زانیاری نوێ لەبارەی مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانەوە ئاشکرا دەکات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 22/12/2019‌ :: 15684‌ جار بینراوە
ئەحمەد حاجی رەشید

دواڕۆژ، سامان قوبادى

تا كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێكنه‌هێنرێت، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ى گشتى عێراق نانێردرێت بۆ په‌رله‌مان. 

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌پێى یاساى (ئیداره‌ى مالى) یه‌ك له‌سه‌ر 12ى بودجه‌ى گشتى بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم خه‌رج ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بودجه‌ش نه‌چێته‌ په‌رله‌مان،   ده‌شڵێت: "به‌ڵام له‌كاتێكدا ده‌توانین بڵێین ساڵى داهاتوو له‌ڕووى داراییه‌وه‌ بۆ هه‌رێم باش ده‌بێت كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى هه‌رێم و ناوه‌ند له‌ بودجه‌دا بچه‌سپێندرایه‌ و بنێردرایه‌ بۆ په‌رله‌مان".
 
دواڕۆژ: پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى هه‌رێم و ناوه‌ند، ئایا ئه‌و خاڵانه‌ى پێشتر له‌سه‌رى رێككه‌وتوون، پێتوایه‌ حكومه‌تى داهاتوو له‌سه‌رى رازیی بێت؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید
: به‌هۆى گۆڕینى ئه‌م ده‌سته‌یه‌ى حكومه‌ت، رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا كه‌ له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى كراوه‌، به‌یه‌كجارى كۆتایى هاتووه‌، حكومه‌تێك ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ حكومه‌ت بێت، ئه‌گه‌ر كابینه‌ى نوێ پێكبهێنرێت ده‌بێت دووباره‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌ تازه‌یه‌ رێككه‌وتنێكى نوێ بكه‌ن، ده‌بێت چاوه‌ڕوانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ بكه‌ین، پێویسته‌ بزانین ده‌سته‌ به‌شداربووه‌كانى حكومه‌تى داهاتوو كێن و مه‌رجیان چى ده‌بێت؟ هه‌روه‌ها ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پشتگیریى ده‌كه‌ن یان نا.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى دواده‌كه‌وێت؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید:
تا حكومه‌تى نوێ پێكنه‌هێنرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پرۆژه‌یاسای بودجه‌ نایه‌ته‌ په‌رله‌مان، به‌پێى یاسا حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ناتوانێت بودجه‌ بنێرێت، په‌رله‌مانیش هیچ كارێك ناكات، به‌ڵكو حكومه‌ت یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ى بودجه‌ خه‌رج ده‌كات، هاوشێوه‌ى ساڵى پێشوو.

دواڕۆژ: ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ى ئاماده‌كراوه‌، بۆ ساڵى داهاتوو بڕى چه‌ند كورتهێنانى تێدا ده‌بێت؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید
: له‌ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌دا كه‌ ئاڕاسته‌ى حكومه‌تم كردووه‌، وتویانه‌ نزیكه‌ى 48 ملیار دۆلار كورتهێنان له‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا ده‌بێت، به‌ڵام تا پرۆژه‌یاساكه‌مان پێنه‌گات ئه‌مه‌ نابێت به‌ ره‌سمى.

دواڕۆژ: دواكه‌وتنى پرۆژه‌یاساكه‌ ده‌بێته‌ هۆى لێكه‌وته‌ى قه‌یرانى دارایى؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید:
نه‌خێر كێشه‌ى دارایى دروست نابێت، چاره‌سه‌ركراوه‌ به‌ یاساى ئیداره‌ى دارایى، قه‌رزى گشتى، بۆیه‌ نابێته‌ هۆى قه‌یران.

دواڕۆژ: ئایا وه‌كو لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مان نووسراوتان ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كردووه‌ له‌باره‌ى بودجه‌ى گشتییه‌وه‌؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید:
ئێمه‌ چاوه‌ڕوانى گه‌یشتنى بودجه‌ین، به‌ڵام دواده‌كه‌وێت، بۆیه‌ سه‌رقاڵى چه‌ند بابه‌تێكى یاسایین. حكومه‌تى داهاتوو پێكنه‌هێنرێت بودجه‌ نایه‌ته‌ په‌رله‌مانى عێراق، بۆ ساڵى داهاتووش به‌هه‌مان شێوه‌ى 2019 مووچه‌ خه‌رج ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئایا هیچ كارێك بۆ مووچه‌ى زیندانیانى سیاسى و شه‌هیدان كرا كه‌ بخرێنه‌ سه‌ر به‌غدا؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید
: نه‌خێر نه‌توانراوه‌ هیچ كارێكیان بۆ بكرێت، چونكه‌ بودجه‌ى زیندانیى سیاسى و شه‌هیدانیان له‌ سیادى لابردووه‌ و خستوویانه‌ته‌ سه‌ر بودجه‌ى گشتى، به‌ڵام حكومه‌تى داهاتوو كاتێك پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى ده‌نێرێت له‌ په‌رله‌مان باس له‌مه‌ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ ده‌سته‌ى نوێى حكومه‌ت كێشه‌ بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دروست بكه‌ن؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید
: به‌پێى یاسای ئیداره‌ى مالیى عێراق، یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ى بودجه‌ى گشتى ساڵى 2019 خه‌رج ده‌كرێت بۆ ساڵى 2020، بۆیه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وه‌ك خۆى به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ ده‌نێردرێت بۆ هه‌رێم.

دواڕۆژ: حكومه‌تى عێراق هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و له‌ دۆخێكى خراپدایه‌، ساڵى داهاتوو له‌ڕووى داراییه‌وه‌ چۆن ده‌بێت؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید
: له‌كاتێكدا ده‌توانین بڵێین ساڵى داهاتوو له‌ڕووى داراییه‌وه‌ باش ده‌بێت كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بچوایه‌ته‌ ناو چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یاساى بودجەی گشتى و بنێردرایه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرایه‌.

دواڕۆژ: 816 ملیار دینار كه‌ مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نه‌نێردراوه‌، هۆكاره‌كه‌ى چییه‌؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید
: له‌م باره‌یه‌وه‌ پرسیارم ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگریى كردووه‌، ده‌ڵێت: "هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ خه‌رجكردنى پاره‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ و پێشتریش خه‌رجمان نه‌كردووه‌". ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ بودجه‌دا چه‌سپێندراوه‌، به‌ڵام ئه‌وان باسى هۆكاره‌كه‌یان نه‌كردووه‌.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure