توركیا نهێنییه‌كی سعودیه‌ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 21/12/2019‌ :: 383‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

دوای ئه‌وه‌ی پاكستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی ئیسلامی له‌ مالیزیا ئاماده‌نه‌بووه‌، توركیا ئاشكرایكرد: سعودیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئیسلامئاباد كردووه‌ كه‌ نابێت له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌بێت.


ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا (رۆژی هه‌ینی 20ی كانوونی یه‌كه‌مى 2019) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچى عومران خان، سه‌رۆك وه‌زیرانى پاكستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی ئیسلامی به‌شدارنه‌بووه‌ وتی: سعودیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ عومران خان كردووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شداری بكات، ئه‌و چوار ملیۆن كریكاره‌ پاكستانییه‌ی له‌ سعودیه‌ كارده‌ده‌ن ده‌رده‌كات و كرێكاری به‌نگلادیشی ده‌كاته‌ جێگره‌وه‌یان.

ئه‌ردۆغان ئاشكراشیكرد: جگه‌ له‌ بابه‌تی كرێكاره‌كان، ریاز هۆشداری داوه‌ته‌ ئیسلامئاباد، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی مالیزیا بایكۆت نه‌كات، سه‌رمایه‌كانی خۆی له‌ بانكی ناوه‌ندی پاكستان ده‌رده‌هێنێته‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی ئیسلامی له‌ مالیزیا له‌ رۆژانی سێشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌ 17 و 18ی كانوونی یه‌كه‌م، به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ئیسلامی له‌ كوالالامپوری پایته‌ختی مالیزیا به‌ڕێوه‌چوو.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure