هەڵەبجە.. ئامێرێكی پێشكەوتوو بێبەرامبەر نەشتەرگەری چاو بۆ هاوڵاتیان دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 20/12/2019‌ :: 703‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئاشكرایكرد ئامێرێكی پێشكەوتویان بۆ نەشتەرگەری چاو بەدەستگەیشتووە، ئەو نەشترگەرییانەی بە هەزار دۆلار بۆ چاو دەكرێن ئەمان بێبەرامبەر دەیكەن.

 
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ژمارەیەكی زۆر لە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە پێویستیان بە نەشتەرگەریی چاو هەیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەڵەبجەیش بۆ ئەم مەبەستە ئامێری نەشتەرگەری چاوی لە جۆری فاكۆ فارۆس، تازەترین ئامێری نەشتەرگەری چاو بەبێ تەقەڵ دابینكردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو كەسانەی چاویان ئاوی سپی هەیە ناویان تۆمار دەكرێت و نەشتەرگەرییان بۆ دەكرێت".
 
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو جۆرە ئامێرەی دابینمانكردووە تەنها لە سەنتەرە پێشكەوتووەكانی هەولێر و سلێمانی بوونی هەیە، هاوكات لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نەشتەرگەری بەو جۆرە ئامێرە بە سەروو هەزار دۆلار ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئێمە نەشتەرگەرییەكە بەبێ بەرامبەر ئەنجامدەدەین.
 
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی وت: "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە چەند پزیشكێكی پسپۆڕی چاویان بۆ دابین كردووین، لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەستدەكرێت بە دانانی ئامێرەكە و تائێستاش 400 كەس ناوی خۆیان تۆماركردووە كە زۆبەیان بەركەتووی چەكی كیمیایین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure