"فەتح و سائیرون كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان پێ یەكلایی ناكرێتەوە"

هەواڵ / عێراق :: 15/12/2019‌ :: 232‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پەرلەمانتارێكی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: فراكسیۆنەكانی سائیرون و فەتح كە گەورەترین فراكسیۆنەكانی پەرلەمانن، ناتوانن كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكلایی بكەنەوە، حكومەتی كاربەڕێكەریش تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەتوانێت كار بكات.

سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ 15ی كانونی یەكەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای داواكەی سەرۆك كۆمار بۆ ئەوەی پەرلەمان لەكۆبوونەوەی خۆیدا كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكات، دەبێت فراكسیۆنەكانی (سائیرون و فەتح) كە گەورەترین فراكسیۆنن كاندید دیاری بكەن، بەڵام ئەوانیش پێیان یەكلایی ناكرێتەوە، چونكە لایەنە شیعەكان كۆبوونەوەیان نەكردووە و لەیەك دوورن، جگە لەوەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێویستی بەپێكهاتەی نوێیە.

شوشكەیی روونیكردەوە: حكومەتی كاربەڕێكەر بەسەرۆكایەتی عادل عەبدلمەهدی تا پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەتوانێت بەمشێوەیەی ئێستای كار بكات، تائێستاش هیچ وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاری نەكراوە.

زیاتر لە دووو هەفتەیە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەهۆی داواكاری خۆپیشاندەرانی عێراقەوە دەستی لەپۆستەكەی كێشایەوە.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure