حكومه‌تى هه‌رێم پێدانی ئەم پارەیە دواده‌خات

هەواڵ / ئابوری :: 15/12/2019‌ :: 609‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاره‌ى حه‌قده‌ست و شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان دواده‌خات و سه‌رچاوه‌یه‌كیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ كێشه‌ى گواستنه‌وه‌ى پاره‌ له‌ بانكێكه‌وه‌ بۆ بانكێكى دیكه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.


ماوه‌ى دوو مانگه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاره‌ى حه‌قده‌ست و شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى نه‌داوه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كانیش چوارشه‌ممه‌ى رابوردوو، 11ى كانونى یه‌كه‌م، له‌ له‌نده‌ن  ئاشتى هه‌ورامى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وزه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان كۆبووەته‌وه‌ و پێی راگه‌یاندوون هۆكاره‌كه‌ ته‌كنیكییه‌.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كه‌رتى وزه‌ و نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان زانیویه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم پاساوى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پاره‌ى كۆمپانیاكانى له‌ بانكێكى وڵاتى نه‌مسا گواستووەته‌وه‌ بۆ بانكێكى سویسرا دواى ته‌واوبوونى رێوشوێنه‌كان له‌سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو سه‌رجه‌م شایسته‌ داراییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌داته‌وه‌ كۆمپانیاكان.

هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیا  "جینل" و"گه‌لف كیستون"، له‌ راگه‌یەندراوێكیاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌: كه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاره‌ى چوار مانگى شایسته‌ى دارایى هه‌ردوو كۆمپانیاى نه‌داوه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ كێشه‌یه‌كى كاتیى داده‌نێن و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا ئه‌و پاره‌یەیان بۆ بگه‌ڕینێته‌وه‌.

كۆمپانیای "جینل" رۆژانه‌ بڕى 37 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت و كۆمپانیاى "گه‌لف كیستون"ش 30 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure