بەهار مەحمود: داوادەکرێت لەعێراق هەرێمێکی دیکە دروستبكرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 15/12/2019‌ :: 1165‌ جار بینراوە
به‌هار مه‌حمود

دواڕۆژ، سامان قوبادى 

خۆپیشاندانه‌كانى عێراق ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ى چاكسازییدا نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوریشى گرتووه‌ته‌وه‌. به‌ وته‌ى ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم بپارێزرێت و مافه‌كانى بچه‌سپێنرێت پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا باشتر بكات. دكتور به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ دیدارێكى دواڕۆژ-دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆى زۆریى پێشنیار و گۆڕانكارییه‌كانه‌وه‌ قورسه‌ كاره‌كانى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور ته‌واو بكرێت.

دواڕۆژ: دوایین زانیاریى له‌باره‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستورى عێراق چییه‌؟
به‌هار مه‌حمود:
په‌رله‌مانى عێراق به‌پێى ماده‌ى 42 لیژنه‌یه‌كى پێكهێناوه‌ كه‌ پێشنیارى گۆڕانكاریى له‌ ده‌ستوردا بكه‌ن، پاشان پێشنیاره‌كه‌ دێته‌ ناو هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى پێبدرێت، دواتر له‌ سه‌رتاسه‌رى عێراقدا ده‌خرێته‌ راپرسییه‌وه‌. لیژنه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ كاره‌كانى، له‌ چه‌ند رۆژى رابوردووشدا پێشنیارى خه‌ڵكى شاره‌زا و تایبه‌تمه‌ند وه‌رگیراوه‌. به‌ڵام بوونى ئه‌و هه‌موو حیزب و نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاوازانه‌ى ناو لیژنه‌كه‌ و په‌رله‌مان، واى كردووه‌ ئاسان نه‌بێت پێشنیاره‌كان ته‌واو بكه‌ن، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى قورس كاره‌كان ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌، به‌پێى ماده‌ ده‌ستورییه‌كه‌ ته‌نیا چوار مانگ دانراوه‌ بۆ هه‌موارى ده‌ستور و ته‌واوكردنى.

دواڕۆژ: ئایا هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كورد ده‌بێت، یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌؟
به‌هار مه‌حمود
: به‌پێى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یه‌ كه‌ تیایدا ده‌كرێت، ره‌نگه‌ فرسەتێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى مافى خۆمان زیاتر له‌ ده‌ستوردا بچه‌سپێنین، ره‌نگه‌ ئه‌و مافانه‌ى پێشتر چه‌سپێنراون له‌ده‌ستى بده‌ین، بۆیه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ ئه‌داى ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى ناو لیژنه‌كه‌، هه‌روه‌ها له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان كه‌ ده‌نگ ده‌درێت له‌سه‌رى، هه‌رچه‌نده‌ كورد 58 كورسى په‌رله‌مانى هه‌یه‌ و كه‌مینه‌ین، هاوكات روئیاى پێكهاته‌كانى تر و خه‌ڵكى دیكه‌ تا چ راده‌یه‌ك ده‌توانرێت بڕوایان پێ بهێنرێت، ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریى هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ چۆن ده‌توانرێت ره‌تبكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوى مافه‌كانى كوردى تیادا نه‌چه‌سپێت؟
به‌هار مه‌حمود
: ئه‌گه‌ر دوو له‌سه‌ر سێى پارێزگایه‌ك ره‌تى بكاته‌وه‌، ئه‌و كات ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.

دواڕۆژ: شه‌قامى عه‌ره‌بى و كوردى ناڕازییه‌، ئایا ده‌ستوره‌كه‌ ده‌نگى پێویست به‌ده‌ستدێنێت؟
به‌هار مه‌حمود:
ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌نگ ده‌ده‌ن، به‌ به‌ڵێ ده‌نگى پێبده‌ن ئه‌وا ده‌ڕوات. ده‌نگدان به‌م ده‌ستوره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ چ مافێكى بۆ كورد تیادایه‌، به‌ڵام خه‌ڵك له‌ ده‌نگدان بێزار بووه‌، بۆیه‌ قورسه‌ ده‌نگى پێویست به‌ده‌ستبێنێت.

دواڕۆژ: ئایا هه‌موارى ده‌ستور هه‌وڵێك نییه‌ بۆ سنوورداركردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان؟
به‌هار مه‌حمود:
نیه‌تى به‌رامبه‌ره‌كه‌مان رۆڵ ده‌بینێت، هه‌روه‌ها هێزى مه‌نتقى و یاسایی ئێمه‌ له‌ به‌رگریكردن له‌و بابه‌ته‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر زۆره‌ هه‌موارى ده‌ستور ببێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى له‌ده‌ستیبدات، پێچه‌وانه‌كه‌شى راسته‌، به‌ڵام به‌پێى ماده‌ى 126ى ده‌ستور نابێت گۆڕانكاریى له‌و مادانه‌دا بكرێت كه‌ ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمه‌كان، ته‌نیا به‌ ره‌زامه‌ندیى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى په‌یوه‌ندیدار و زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى له‌ رێگه‌ى راپرسییه‌وه‌ نه‌بێت.

دواڕۆژ: ئایا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ى دووه‌م یان شه‌ریكى راسته‌قینه‌ ده‌چه‌سپێندرێته‌وه‌؟
به‌هار مه‌حمود:
ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ له‌ به‌غداین و كار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌كه‌ین، تا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ى دووه‌م و شه‌ریكى راسته‌قینه‌ له‌ عێراقدا مافه‌كانى بپارێزرێت.

دواڕۆژ: كێشه‌كه‌ بوونى گه‌نده‌ڵى و چاكسازیى بوو، بۆچى داواكارییه‌كان گۆڕدران بۆ هه‌موارى ده‌ستور؟
به‌هار مه‌حمود
: كێشه‌كان له‌ بوونى ده‌ستوردا نییه‌، به‌ڵكو له‌ چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنیدایه‌، ئه‌گه‌رنا سیستمى په‌رله‌مانى باشترینه‌ بۆ ده‌وڵه‌تى عێراق كه‌ له‌سه‌ره‌تاى دیموكراسیدایه‌، چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌بى جیاوازى تیادایه‌، له‌عێراقدا گه‌نده‌ڵییه‌كى زۆر هه‌یه‌، بۆیه‌ بنه‌ڕه‌تى كێشه‌كه‌ ده‌ستور نییه‌، به‌ڵكو له‌ حكومڕانیدایه‌.

دواڕۆژ: ئه‌وه‌ى جه‌ختى لێ ده‌كرێته‌وه‌ زیاتر كام مادانه‌ن كه‌ پێشنیار كراوه‌ گۆڕانكارییان تیادا بكرێت؟
به‌هار مه‌حمود
: ماده‌ به‌ ماده‌ ده‌ڕوات، ئه‌ندامانى لیژنه‌ پێشنیاره‌كانى خۆیانى له‌سه‌ر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، كارێكى باش كراوه‌ ئه‌ویش ده‌بێت لیژنه‌كه‌ به‌ سازان و رێككه‌وتن بڕیار بدات، واته‌ گۆڕانكاریى له‌ ماده‌كاندا له‌ناو لیژنه‌كه‌دا به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ نییه‌. 

دواڕۆژ: له‌ هه‌موارى ده‌ستوردا هه‌رێم ده‌توانێت داواى زه‌مانه‌ت له‌ به‌غدا بكات؟
به‌هار مه‌حمود
: نه‌خێر، ناتوانێت داواى زه‌مانه‌ت بكات، زه‌مانه‌ت ته‌نیا سازانى ناو لیژنه‌كه‌ و رێككه‌وتنى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى ناو لیژنه‌كه‌ توانایان له‌و ئاسته‌دایه‌ كه‌ متمانه‌یان پێبكرێت.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ له‌ئێستادا پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان چ هه‌نگاوێك بگرێته‌به‌ر؟
به‌هار مه‌حمود
: ده‌بێت سه‌ركردایه‌تى سیاسى هه‌رێم، تا ئه‌و ئاسته‌ى ده‌توانێت، په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ره‌و ئاستێكى باشتر به‌رێت، هاوكات پێویسته‌ كوتله‌ كوردستانییه‌كان یه‌ك ده‌نگ و هاو هه‌ڵوێست بن به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستور. هه‌ندێك پرس هه‌یه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستانه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تردا بكات، بۆ نموونه‌: دروستكردنى هه‌رێمێكى تر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كوردستانه‌ و ده‌بێته‌ هۆى به‌هێز بوونى. سوننه‌كان داواى هه‌رێمى جیا ده‌كه‌ن، پێویسته‌ ئێمه‌ پشتیوانیى دروستكردنى ئه‌و هه‌رێمه‌ بین، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ پرسى تردا پشتیوانیمان بكه‌ن، دروستكردنى هه‌رێمێكى تر داواى ده‌سه‌ڵاتى ده‌ستورى ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو هه‌رێمه‌كان وه‌كو یه‌ك ده‌بێت.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ دروستكردنى هه‌رێمێكیش بۆ شیعه‌كان له‌ئارادایه‌؟
به‌هار مه‌حمود:
ئه‌گه‌ر هه‌رێم بۆ سوننه‌ دروست بكرێت، ئه‌وكات هه‌رێمێكى تریش بۆ شیعه‌ دروست ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئایا سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتى گۆڕانكاریى یان ره‌تكردنه‌وه‌ى ده‌ستورى هه‌یه‌؟
به‌هار مه‌حمود
: ئه‌و پارێزه‌رى ده‌ستوره‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى نییه‌ ره‌تیبكاته‌وه‌.  

پ. ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure