بازاڕى پێداویستییەکانی جەژنی کریسمس گەرمبووە

هەواڵ / ئابوری :: 15/12/2019‌ :: 239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

هەموو ساڵێک کاتی نزیکبوونەوەى رۆژى جه‌ژنى کریسمس، وڵاتانی جیهان ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەو رۆژە، له‌ هەرێمی کوردستان-یش هاوشێوەی وڵاتان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان، بەتایبەت شاری سلێمانی، ئامادەکاریی دەکرێت بە سازدانی ئاهەنگ و رازاندنەوەی شەقام و کۆڵانه‌كان، بەتایبەت کریستیانەکان کە ماڵەکانیشیان دەڕازێننەوە بە گڵۆپی رەنگاوڕەنگ و داری کریسمس.

نزار حەنا، هاووڵاتییه‌كى کریستیانە و دانیشتووی عەنکاوە-ى هه‌ولێرە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئێمە ساڵانە بۆ جەژنی کریسمس و ساڵی نوێ، ئامادەکاریی دەکەین بە رازاندنەوەی داری کریسمس و جوانکاریی ناوماڵ، بۆیە هاتووم بۆ کڕینی دارێکی نوێ چونکە بۆ من ساڵێکی نوێ ئاواتی نوێی تیادایە".

نزار دەڵێت: "نرخی دارەکان گونجاون و پارەیەکی زۆری ناوێت، بۆیە من هەموو ساڵێک دارێکی نوێ دەکڕم و دارە کۆنەکەش دەبەخشم".

لەبارەی دراوسێ موسڵمانه‌كانى، ئەو هاووڵاتییە کریستیانە دەڵێت: "دوو دراوسێی موسڵمانمان هەیە لەگەڵ ئێمە ئەوانیش دار دەکڕن و ئەو جەژنە یاد دەکەنەوە".

بازرگان و فرۆشیارانی داری کریسمس و گوڵ و کەلوپەلی رازاندنەوە، لە سەرەتای مانگی یازدە-وە بەشێکی زۆر لەو کەلوپەلانە هاوردە دەکەن، جگە لەو بڕەی لەناو شارەکانی هەرێم دەیفرۆشن بەشێکی زۆریشی بۆ بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەنێرن.

رێباز ئەحمەد، بازرگانێکی گەورەی هاوردەکاری گوڵ و داری سنەوبەر و کەلوپەلی رازاندنەوەی داری کریسمس-ە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ساڵانە هاوشێوەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و خواروو و ناوەڕاستی عێراق-یش خەڵکێکی زۆر ئامادەکاریی دەکات بۆ سەری ساڵ، بۆیە ئێمەش ژمارەیەکی زۆر لە داری سنەوبەر و گوڵ و زینەی رازاندنەوەی ماڵ و دارەکە، هاوردە دەکەین. ئەمساڵ 6 هەزار دار و 40 هەزار گوڵ و جوانکاریی دارەکە و ناوماڵم هاوردە کردووە، بەڵام بۆ شارەکانی سلێمانی و دهۆک و شارەکانی عێراق-یشى دەنێرم".

محەمەد هادی كه‌ گوڵفرۆشە و ناوبانگی هەیە لە رازاندنەوەی داری کریسمس و کەرەستەکانی بابانوئێل، به‌ دواڕۆژى وت: "هەموو ساڵێک لە سەرەتای مانگی 12 کڕیارەکانم دێنە لام بۆ ئامادەکردنی داری کریسمس و جلوبەرگی بابانوئێل و جوانکارییەکانی دیکە. گه‌رچى کریستیانەکان کریسمس بە جەژنی خۆیان دەزانن بەڵام کڕیارەکانی من هێندەی موسڵمانن هێندە کریستیان نین. بەشێک موشتەریم هەیە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق كه‌ ساڵانە داری کریسمس و جواکارییەکان و گوڵ-یان بۆ دەنێرم".

محەمەد هادى ده‌ڵێت: "لای من نرخی دارێکی سنەوبەر کە وەک داری کریسمس دەڕازێندرێتەوە 40 هەزار دیناره‌، به‌ڵام قەبارەی جیاوازی هەیە، بۆیە دارمان هەیە دەگاتە 400 هەزار دینار".

لەبارەی فرۆشی داری کریسمس و جوانکارییەکانی دیکەش، دەڵێت: "تاسەرەتای مانگی 12 رۆژانە بایی 200 هەزار دینارمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا فرۆشمان سەرووی 500 هەزار دینارە".

پ. ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure