داوادەکرێت پێداچوونەوە بەکارەکانی دەستەی دەستپاکیدا بکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/12/2019‌ :: 117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، فه‌رمان ره‌شاد

ماوەی دوو مانگە رەشنووسی هەمواری یاسای دەستەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستانە و داواش دەکرێت پێداچوونەوە بەکۆی کارەکانی دەزگاکە بکرێت.

ئەمڕۆ 15ی کانوونی یەکەمی 2019 لە هەولێر گفتوگۆیەک بۆ هەمواری یاسای دەستەی دەستپاکی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، د.ئەحمەد ئەنوەر لەم بارەیەوە بە دواڕۆژی راگەیاند: ماوەی دوو مانگە هەمواری یاسای دەستەی دەستپاکیمان بۆ پەرلەمان ناردووە تائێستا کاری لەسەر نەکراوە.

وتیشی: "لە پرۆژە هەموارەکەدا داوامان کردووە چەند مادەیەکی یاساکە گۆڕانکاری تیادا بکرێت بۆ بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوەکە".

د.دانا سەعید سۆفی سەرۆکی ئینیستیتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان کە رێکخەری گفتوگۆکە بوو بە دواڕۆژی راگەیاند: دەستەی دەستپاکی خۆیان هەموارێکیان ئامادەکردووە، بەڵام دوای گفتوگۆکردن دەرکەوت هەموارەکە هێشتا پێویستی بەدەوڵەمەند کردنە.

ئەوەشی وت: "پێمانوایە لە ئێستادا کۆی دامەزراوەکە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بەکارەکانیدا بۆ ئەوەی بتوانێت باشتر رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونکە بەو چوارچێوەیەی ئێستا ناتوانێ وەک پێویست رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوه".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure