خه‌یریا.. رۆژانى ره‌شى ئه‌و كچه‌ى له‌ ته‌مه‌نى 12 ساڵیدا ده‌ستدرێژى كرایه‌سه‌ر

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/12/2019‌ :: 6407‌ جار بینراوە
خه‌یریا ماله‌لڵا موراد

تاگ :: شەنگال

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

له‌ ته‌مه‌نى 12 ساڵیدا ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست چه‌كدارانى داعش و ئه‌وانیش بێبه‌زه‌ییانه‌ ده‌ستدرێژى ده‌كه‌نه‌سه‌ر، خه‌یریا كه‌ تائێستا له‌ چاوه‌ڕوانى ئازادبوون و دیاریكردنى چاره‌نوسى كه‌سوكاره‌كه‌یه‌تى چیرۆكى رۆژانى ژێرده‌ستى ده‌گێڕێته‌وه‌.


له‌ رۆژى دووه‌مى هێرشى داعش بۆ سه‌ر شنگال له‌ 4ى ئاب چه‌كداره‌كانیان له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ى ئه‌واندا راده‌وه‌ستن، دواتر ده‌ستگیریانده‌كه‌ن و سه‌ره‌تا ده‌یانگوێزنه‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ى نفووسى شنگال.

خه‌یریا ماله‌لڵا موراد، كچه‌ رزگاربووى ده‌ستى داعش بۆ دواڕۆژ وتى: "منداڵ و كه‌سانى به‌ته‌مه‌ن له‌گه‌ڵماندا بوون ده‌گریان ئاوى خواردنه‌وه‌ش نه‌بوو دونیا زۆر گه‌رم بوو، له‌ بیرمه‌ ژنێكى دووگیان له‌ناو حه‌وشه‌ى نفووسى شنگال له‌كاتى منداڵبوون گیانى له‌ده‌ستدا و منداڵه‌كه‌شى گیانى له‌ده‌ستدا و ته‌رمه‌كانیان له‌ به‌رچاوى ئه‌و خه‌ڵكه‌ بووه".

"ئاو نه‌بوو بیخۆینه‌وه‌، چه‌كدارانى داعش به‌ ئێمه‌یان وت ده‌بێت موسڵمان ببن ئه‌گه‌رنا ئاوى خواردنه‌وه‌تان بۆ ناهێنین، ئێواره‌ى ئه‌و رۆژه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى ته‌نیشت نفووسى شنگالیان بۆردومانكرد، به‌هۆیه‌وه‌ بردیانینه‌ قوتابخانه‌یه‌ك له‌ ته‌له‌عفه‌ر، دواى حه‌وت رۆژ بردینه‌ بادۆش".

رۆژانه‌ ته‌نیا خوردنمان خه‌یارێك بوو
خه‌یریا ئه‌وه‌شى وت: "حه‌وت رۆژ له‌ناو بیناى قوتابخانه‌یه‌ك له‌ ته‌له‌عفه‌ر ماینه‌وه‌ رۆژانه‌ ته‌نیا یه‌ك خه‌یار یان ته‌ماته‌یه‌كیان وه‌كو خواردن به‌ ئێمه‌ ده‌دا، به‌بێ نان و هیچ شتێكی تر. رۆژانه‌ چه‌كدارانى داعش كچ و ژنیان ده‌برد".

كه‌ گوازرانه‌وه‌ بۆ گرتوخانه‌ى بادۆش گه‌لێك كچ و ژنى ترى ئێزدى له‌وێبوون، دواى 17 رۆژ ده‌وروبه‌رى گرتوخانه‌كه‌ بۆردومان ده‌كرێت، به‌هۆیه‌وه‌ جارێكى تر ده‌گوازرێنه‌وه‌ ته‌له‌عفه‌ر، له‌ناو بیناى قوتابخانه‌كه‌ ئه‌وانه‌ى هاوسه‌رگیریان پێكنه‌هێناوه‌ له‌وانی تر جیاده‌كرێنه‌وه‌ كران، خه‌یریا و كچى خاڵه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌یان كچی تر  كاتژمێر 12ى شه‌و به‌ دوو پاس ده‌برێنه‌ موسڵ.

سه‌ره‌تا ده‌یانبه‌نه‌ ماڵێكى مه‌سیحیه‌كان له‌و شاره‌. خه‌یریا وتى: "رۆژى دواتر كاتژمێر 6:30 كه‌سێك به‌جلى مه‌ده‌نیه‌وه‌ هاته‌ سه‌رمان و وتى، له‌ خه‌وهه‌ستن ئێستا چه‌كدارانى داعش دێن كام له‌ ئێوه‌یان به‌دڵبێت بۆ خۆیان ده‌تانبه‌ن، پێویسته‌ ئه‌وكاته‌ى چه‌كدارانى داعش دێنه‌ ژوره‌وه‌ ئێوه‌ پێبكه‌ن و ده‌موچاوتان زه‌رده‌خه‌نه‌ى لێ دیاربێت نه‌ك بگرین، هه‌ر كه‌سێكتان وانه‌كات به‌ دار ئه‌شكه‌نجه‌ى ده‌ده‌م".

بۆ جاری یه‌كه‌م چه‌كدارێكى ته‌مه‌ن 22 ساڵ
له‌و رۆژه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌و كچانه‌ به‌ پاسێك گوازرانه‌وه‌، خه‌یریا و شه‌ش كچی تر برانه‌ به‌عاج، دواتر درانه‌ ده‌ست به‌رپرسێكى داعش به‌ناوى (ئه‌بو قاسم به‌عاجى). ئه‌و كچه‌ ئێزدییه‌ وتى: "ئه‌و به‌رپرسه‌ به‌ ئێمه‌ی وت ناوتان ده‌نووسین و به‌ قورعه‌ له‌سه‌ر چه‌كداره‌كانمان دابه‌شتان ده‌كه‌ین، هه‌ر یه‌كێكتان ناوى ده‌ركه‌وت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كداره‌ بڕوات، ناوى منیش بۆ چه‌كدارێك ده‌رچوو به‌ناوى (ئه‌بو سه‌عید) ته‌مه‌نى 22 ساڵ و خه‌ڵكى به‌عاج بوو".

خه‌یریه‌ ماوه‌ى حه‌وت رۆژ لاى ئه‌و چه‌كداره‌ ماوه‌ته‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا چوار جار ده‌ستدرێژى كردوه‌ته‌سه‌ر، "زۆر ترسام و زۆریش ئازارم هه‌بو، ئه‌شكه‌نجه‌شى دام و به‌هۆیه‌وه‌ بردمیانه‌ نه‌خۆشخانه‌ى به‌عاج، بردمیانه‌ ژورێكى نه‌خۆشخانه‌كه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌و كه‌سانه‌ى بارى ده‌روونیان تێكچبوو، هاوكات بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئه‌و ناوچه‌یه‌ كچانى ئێزدى نه‌بینن، ده‌رگاى ژوره‌كه‌یان داخست و مێزێكیان هێنایه‌ به‌رده‌م ده‌رگاكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س ده‌رگاكه‌ نه‌كاته‌وه‌".

دیارى
دواى ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كداره‌، به‌رپرسه‌كه‌یان به‌ چه‌كداره‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌ پێویسته‌ بچێته‌ به‌غدا، ئه‌ویش بڕیارده‌دات خه‌یریا به‌ دیارى بداته‌ هاوڕێیه‌كى خۆى، ئه‌و وتى: "به‌ دیارى دامى به‌ به‌رپرسێك به‌ناوى خالد ناسراو به‌ (ئه‌بو روقه‌یا) كه‌ خه‌ڵكى شارى موسڵ و به‌رپرسى شه‌رعى داعش بوو".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى داعش خه‌یریا ده‌باته‌ لاى خێزان و منداڵه‌كانى له‌ موسڵ، دواتریش ده‌یباته‌ گوندێكى ناوچه‌كه‌، خه‌یریا وتى: "ئێواره‌یه‌ك بردمیه‌ گوندى تل ره‌مان له‌ ماڵێك له‌وێ كه‌ كه‌سى لێنه‌بوو، ماوه‌ى مانگێك له‌گه‌ڵى مامه‌وه‌ و زیاتر له‌ 20 جار ده‌ستدرێژى كرده‌سه‌رم، دواى نوێژى به‌یانى ده‌ستدرێژى ده‌كرده‌ سه‌رم، دواتر به‌منى وت خێزانه‌كه‌ت له‌ ته‌له‌عفه‌ره‌ ده‌تبه‌مه‌ لاى ئه‌وان، بردمیه‌ كه‌سر میحراب له‌ ته‌له‌عفه‌ر دایك و باوكم و براكانم له‌وێ بوون".

ئه‌وان دواى پێنج مانگ مانه‌وه‌ له‌ كه‌سر میحراب، جارێكى تر گوازرانه‌وه‌ بۆ هۆڵێك له‌ شارى موسڵ، دواى 17 رۆژ چه‌كدارانى داعش هاتنه‌وه‌ و وتیان پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان جیاده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ پاره‌ ده‌یانده‌ینه‌وه‌ به‌ كه‌سوكاره‌كانیان له‌ دهۆك، به‌ كچه‌كانیشیان وت ده‌تانبه‌ینه‌ ته‌له‌عفه‌ر مه‌ڕوماڵات به‌خێوبكه‌ن.

به‌ڵام پاش مانگێك له‌ به‌خێوكردنى مه‌ڕوماڵاتى داعش له‌ گوندێكى سنورى ته‌له‌عفه‌ر، چه‌كداره‌كان هاتنه‌وه‌ و وتیان ده‌بێت كچه‌كان شوو بكه‌ن.

خه‌یریا وتى: "بردیانمه‌ ماڵێك، تۆنێلێك له‌ناو ماڵه‌كه‌دا بوو، شه‌ش خانو كونكرابوون و تونێلێكیان لێدابوو، ده‌ست و چاوه‌كانیان به‌ستم و وتیان ده‌بێت به‌و تونێله‌دا بڕۆى، دواى تێپه‌ڕبوونمان به‌ تونێله‌كه‌دا چاویان كردمه‌وه‌ و بینیم له‌ گه‌راجێكى ئۆتۆمبێلدام كه‌ حه‌وشه‌ى ماڵێكى تر بوو".

له‌به‌ركردنى قورئان
ئه‌و كچه‌ وتى: "ئه‌بو معاویه‌ى ته‌مه‌ن 30 ساڵ كه‌ به‌ ره‌گه‌ز میسرى بوو هاته‌لام كه‌ دوو ژن و شه‌ش منداڵى هه‌بوو، به‌منى وت ده‌بێت (عه‌قد زه‌واج) بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو موسڵمانێك بناسرێى و ئازادببى، بردمیه‌ دادگا و عه‌قدمان كرد، دواتر به‌منى وت ده‌بێت قورئان له‌به‌ربكه‌ی و ئینجا زه‌واج ده‌كه‌ین، رۆژانه‌ ده‌هاته‌ ماڵ و قورئانى پێبوو ده‌یوت ده‌بێت ئه‌مه‌ و ئه‌مه‌ له‌به‌ر بكه‌ى و نوێژى خۆت بكه‌یت، دواى هه‌فته‌یه‌ك وتى ده‌بێت له‌گه‌ڵ من بێیت".

شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كداره‌ له‌ ته‌له‌عفه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌ "له‌و شه‌ش مانگه‌دا به‌رده‌وام ده‌ستدرێژى ده‌كرده‌سه‌رم، رۆژى وا هه‌بوو دووجار ده‌هاته‌ لام به‌یانیان و ئێواران، به‌منى وت دوو ژنم هه‌یه‌ منداڵم ناوێت، جارێك به‌منى وت ده‌بێت منداڵت هه‌بێت".

ئه‌بو معاویه‌ له‌ ناوچه‌ى عیازیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارێكی تر بوونه‌ ئامانجى فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كان و كوژرا، به‌ خه‌یریه‌ش ده‌ڵێن ده‌چیته‌ ماڵى باوكت و نابێت بێیته‌ ده‌ره‌وه‌.

مژده‌ى رزگاربوون
"بردیانمه‌ لاى كه‌سوكاره‌كه‌م و چوار مانگ و ده‌ رۆژ ده‌رنه‌كه‌وتم، كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ پێیان وتم باوكت به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ كۆچى دوایى كردووه‌، چه‌كدارانى داعش بڕیاریاندا بچینه‌ په‌یمانگایه‌ك بخوێنین، مانگێكیش له‌و په‌یمانگایه قورئانم خوێند، دواتر حه‌شدى شه‌عبى هێرشیانكرده‌سه‌ر ته‌له‌عفه‌ر، خه‌ڵك و چه‌كدارانى داعش هه‌ڵهاتن و شه‌ڕ روویدا هۆزێكى عه‌ره‌بى ئه‌و ناوچه‌یه‌ وتیان وه‌رن ده‌تانگه‌ینینه‌ دهۆك".

خه‌یریا وتیشى: "له‌ سه‌ره‌تا باوه‌ڕمان نه‌ده‌كرد، وتیان گه‌لێك ئێزدیمان رزگاركردووه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌ لاى كه‌سوكاره‌كانیان".

"ئه‌وان ئێمه‌یان برده‌لاى مه‌ڕوماڵاتى خۆیان و وتیان شه‌وى داهاتوو كاتژمێر حه‌وت به‌ڕێده‌كه‌ون، كاتژمێر حه‌وتى شه‌و ئێمه‌ 18 كه‌س بووین و ئه‌وانیش پێنج كه‌سیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاتن و كاتژمێر 12ى شه‌و گه‌یشتینه‌ لاى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ى زوممار، له‌ بیرمه‌ له‌ 24\11\2016 گه‌یشتینه‌ لاى كه‌سوكاره‌كانمان له‌ كۆمه‌ڵگاى شاریا".

خه‌یریا پاش به‌ڕێكردنى ئه‌و رۆژه‌ ره‌شانه‌ ئازادبوه‌، به‌ڵام هێشتا چاو له‌رێگایه‌ و ده‌ڵێت: "تائێستا برا و خاڵ و كوڕى خاڵێكم له‌ ده‌ستى داعش ماون".

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure