ناسا گرنگترین نه‌خشه‌ له‌سه‌ر هه‌ساره‌ى مه‌ریخ ده‌دۆزێته‌وه‌

هەواڵ / زانست :: 16/12/2019‌ :: 629‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ

ئاژانسى ناسا رایگه‌یاند: ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی كه‌ به‌ (نه‌خشه‌ى سامانه‌كه‌) وه‌سف ده‌كرێت له‌سه‌ر هه‌ساره‌ى مه‌ریخ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و تیایدا هه‌ندێك له‌و  شوێنانه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ پێشتر له‌سه‌ر مه‌ریخ به‌سته‌ڵه‌ك بوون.  


پێگه‌ى كۆرسۆس نیوز بڵاویكرده‌وه‌: "ئاژانسه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ توێژه‌ره‌كان نه‌خشه‌ى هه‌ساره‌ى مه‌ریخ-یان دروستكردووه‌ و ده‌توانن له‌ رێگه‌ى ئه‌و نه‌خشه‌یه‌وه‌ ئه‌و شوێنانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ ئاو و به‌سته‌ڵه‌كى تێدابووه‌ و پێده‌چێت به‌سته‌ڵه‌ك له‌ هه‌ندێك شوێنى هه‌ساره‌كه‌دا به‌ قووڵیی 2.5 سه‌نتیمه‌تر له‌ژێر رووه‌كه‌یه‌وه‌ بدۆزرێته‌وه‌".

سیلڤان بیكۆ، پسپۆری تاقیگه‌ى سه‌ر به‌ ئاژانسی ناسا و سه‌رپه‌رشتیاری سه‌ره‌كیى توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: "پێویستمان به‌ (حه‌فاره‌) نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ بگه‌ین، ته‌نیا ده‌توانین گرێده‌ر به‌كاربهێنین و له‌ئێستادا سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارییه‌كانى تایبه‌ت به‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ نێژراوه‌ین له‌سه‌ر رووی هه‌ساره‌ى مه‌ریخ".

پسپۆره‌كه‌ ده‌ڵێت: "گرنگه‌ ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ده‌ستنیشانكردنى شوێنى پڕۆژه‌كانمان، وه‌ك پرۆژه‌ى مارس ئێكس كه‌ كۆمپانیای سپه‌یس ئێكس نه‌خشه‌ى بۆ داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ بنكه‌ى سه‌ره‌كیى هه‌ساره‌كه‌".

هه‌وره‌ها ده‌ڵێت: "ئاو قورسه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌ رێگه‌ى مووشه‌كه‌كانمانه‌وه‌ بیگوازینه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌بوونى ئاو له‌سه‌ر مه‌ریخ، یارمه‌تى مانه‌وه‌ى مرۆڤایه‌تى ده‌دات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ به‌رگه‌هه‌واكه‌ی زۆر ناسكه‌ زۆربه‌ى ئه‌و ئاوه‌ی له‌سه‌ر رووه‌كه‌ى هه‌یه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڵم". 

پ. ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure