حكومه‌تى هه‌رێم: نابێت چیتر پێشێلكارى به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان بكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/12/2019‌ :: 269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: نابێت چیتر به‌ناوی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی رۆژنامه‌نوسان تۆمه‌تباربكرێن و پێشێلكاریان به‌رامبه‌ر بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌سه‌ر زارییه‌وه‌ ده‌یڵێت.


(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی كانوونی یه‌كه‌می 2019) قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى حه‌مه‌ى حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى رۆشنبیرى و لاوانى هه‌رێم له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى كوردستان و سه‌نته‌رى میترۆ و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم كۆبووه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ پرسی پێشكارییه‌كانی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان و ده‌ستگیركردنیان. 

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند كه‌ نابێت چیتر به‌ناوی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆژنامه‌نوسان تۆمه‌تباربكرێن و پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر بكرێت. 

وتیشی: "تاڵه‌بانی وتویه‌تى له‌م كابینه‌یه‌دا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن رۆژنامه‌نوس چیتر به‌ یاسای سزادانی عێراقی مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت به‌ڵكو به‌پێی یاسایی ژماره‌ 35ی رۆژنامه‌نوسان له‌ هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت". 

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ 13ی تشرینى دووه‌مى رابوردوو قوباد تاڵه‌بانی له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاند: زیندان شوێنی رۆژنامەنوس و رەخنەگران نییە، بەڵکو شوێنی دز و پیاوکوژانە.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: نووسین بە نووسین وەڵام دەدرێتەوە، ئەگەر رۆژنامەنوسێکیش هەڵەیەکی کرد و بێ بەڵگە کەسێک و لایەنێکی تۆمەتبار کرد ئەوا یاسای کاری رۆژنامەگەریمان هەیە و دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک پەنا ببرێت بۆ دەستگیرکردن و هەڕەشە و توندوتیژی.

هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردبوو: لەماوەی داھاتودا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رۆژنامەنوسان رێکدەخەم بۆ ئەوەی رێوشوێنێک بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەم جۆرە مامەڵەکردنانە.

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure