دواڕۆژ ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 15/12/2019‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

پڕۆژه‌یاسای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان خراوه‌ته‌ به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان و بڕیارە خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت، به‌پێی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ سزاكانی ئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانی به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كه‌ن زیادكراوه‌ و له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا ده‌گاته‌ ئاستی له‌سێداره‌دان. 


به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ مادده ‌و بڕگه‌كانی ناو یاساكه‌ كراوه‌ به‌جۆرێك ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ستكراوه‌ ده‌كرێن له‌ هه‌ركات و شوێنێك بێت راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌كوتنه‌سه‌ر ئه‌و جێگه‌یە و ئەو كه‌سانه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
 
له‌ خاڵێكی تری پڕۆژه‌یاسای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا هاتووه‌: "سزای بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر سێ ھێندە زیادكراوە و تەنانەت لە ھەندێ حاڵەتدا سزاكەی دەگاتە زیندانیی ھەتاھەتایی و لەسێدارەدان".

رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ته‌نها له‌ سزادان خۆی نه‌بینیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ ئه‌و خاڵه‌ش جێگیركراوه‌ كه‌ ئەو كەسانەی زانیاری ده‌ده‌نه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار لەبارەی ئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانی به‌ ماددەی ھۆشبەرەوە دەكه‌ن پاره‌یه‌كی تایبه‌تیان بۆ دیاریكراوه‌ و وه‌ك خەڵات پێیان ده‌درێت. 

هه‌ر له‌و پڕۆژه‌یه‌دا هاتووه‌: چاره‌سه‌ری پێویست بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی سەنتەری راھێنان و دابینكردنی پزیشكی تایبه‌ت بۆ ئه‌م بواره‌ بۆ ئەو كەسانەی ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەكان ده‌بن، ھەر كەسێكی كه‌ ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر بێت و سەردانی سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری نه‌كات، سزای بەندكردنیان بەسەردا جێبەجێدەكرێت.

حه‌سیبه‌ گه‌ردی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پڕۆژه‌كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌ و بڕیاروایه‌ له داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌ گۆڕانكارییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میشی بۆ بكرێت كه‌ سزاكانی ئه‌و بواره‌ توندكراون و تا ئاستی له‌سێداره‌دان ده‌ڕوات. 

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure