"ئەوەی دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ناتوانێت كورد نادیدە بگرێت"

هەواڵ / کوردستان :: 15/12/2019‌ :: 609‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق نەرمی بەرامبەر كورد نەنوێنێت، بەڵام ئەوەی دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ناتوانێت كورد نادیدە بگرێت".


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ 15ی كانوونی یەكەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: لەئێستادا باسی محەمەد شیاع سودانی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت، لەوە دەچێت سازانێك لەنێوان لایەنە سەرەكییەكان بۆ ئەو كاندیدە هەبێت، لەبەرئەوەی كاتیش نەماوە، بۆیە دەبێت ناوەكەی بدرێتە سەرۆك كۆمار بۆ ئەوەی كاندیدی بكات بۆ سەرۆك وەزیران.

سەبارەت بەوەی پێشبینی دەكرێت ئەم كاندیدە بۆ كورد باش بێت، ئەسەسەرد روونیكردەوە :"لەبەرئەوەی تائێستا ئەزمونی ئەم كەسایەتییە نەبینراوە، بۆیە نازانرێت چۆنە، بەڵام لەپەرلەمانی عێراقیش گروپ هەیە دژیەتی و خۆپیشاندەرانیش پشتگیرییان نەكردووە، بەڵام هەوڵ دەدرێت كەسێك بێت كەمترین رەخنەی لەسەر بێت، كۆمەڵێك مەرجیش هەیە بۆ سەرۆك وەزیران كە تۆمەتی گەندەڵی و یاسایی لەسەر نەبێت".

فەرید ئەسەسەرد وتیشی: "بۆ مامەڵەی كوردیش، ئەوە دەوەستێتە سەر شێوەی رەفتاری كورد لەم قۆناغ و هەلومەرجەی عێراق، بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت سەرۆك وەزیران نەرمی بەرامبەر كورد نەنوێنێت، بەڵام جارێ زووە باسی ئەو مەسەلەیە بكرێت، چونكە ئەوەی دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ناتوانێت كورد نادیدە بگرێت".

بەپێی یاسا سبەینێ دوا كاتە بۆ رادەستكردنی ناوی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ پەرلەمان، ئەمەش دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەهۆی داواكاری خۆپیشاندەرانی عێراقەوە. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure