كارمه‌نده‌ رفێندراوه‌كه‌ی ئاسایشی كه‌ركوك ئازاد كرا

هەواڵ / کوردستان :: 15/12/2019‌ :: 286‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

له‌ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌شی دژه‌تیرۆری یه‌كێتی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق، كارمه‌نده‌ رفێندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی كه‌ركوك له‌سنوری پارێزگای دیاله‌ ئازادكرا.

دره‌نگانی شه‌وی 10ی ئه‌م مانگه‌، له‌سنوری دیاله‌، كارمه‌ندێكی ئاسایشی كه‌ركوك به‌ناوی (ناجی زاهیر) و دوو هاوڕێی رفێندران كه‌ بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل رویان له‌شاره‌كه‌ كردبوو، دواتر یه‌كێك له‌هاوڕێكانی ئازادكرا و له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنیشی داوای 40 ده‌فته‌ر دۆلار ده‌كرا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 15ی كانونی یه‌كه‌م، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "شانه‌یه‌كی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی هاوبه‌ش پێكهێنرا له‌نێوان هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر و زانیاری یه‌كێتی، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆری عێراق، پۆلیسی دیاله‌ و نه‌هێشتنی تاوانه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌، توانرا شوێنی حه‌شاردانی ئاسایشه‌كه‌ ئاشكرابكرێت".

وتیشی: "هێزه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ له‌ناحیه‌ی كه‌نعانی پارێزگای دیاله‌، له‌كاتژمێر 6ی به‌یانی ئه‌مڕۆ كارمه‌نده‌كه‌ی ئاسایشی كه‌ركوك ئازادكرا و 5 كه‌سیش له‌رفێنه‌ره‌كانی ده‌ستگیركراون".

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌و گروپه‌ی كارمه‌نده‌كه‌ی ئاسایشیان رفاندبوو، ئۆتۆمبێله‌كه‌یان فرۆشتووه‌ و تاوه‌كو ئه‌مڕۆش چه‌ند ده‌ستێكی كردووه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure