سێ كچی كورد دوای گەڕانەوە بۆ شنگال کارێکی مەترسیدار دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 15/12/2019‌ :: 1979‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی


سێ کچە کوردی ئێزدی قەزای شنگال دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشی داعش شنگالیان جێهێشت، ماوەی دوو ساڵە گەڕاونەتەوە بۆ قەزاکە و دەستیان کردووە بە مەترسیدارترین کار بۆ ئەوەی ناوچەکانیان پاکبکەنەوە و خەڵکەکەیان بپارێزن.

ئەو سێ کچە کوردە دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٧ گەڕانەوە بۆ شنگال، ئێستا لەگەڵ تیمێکی تایبەتی ئەمریکی ئەرکی پاککردنەوەی مین و تەقەمەنی و پاشماوەکانی جەنگن لەو ناوچانە کە پێشتر لەدەستی داعشدا بوون یان شەڕی پێشمەرگە و هێزەکانی تری عێراقی لێبووە لەگەڵ داعش و تا ئیستا سەدان کیلۆمەتر چواگۆشەیان پاککردۆتەوە.

لەبارەی ئەرکەكەیان فەهیمە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئێمە راستە کارێکی مەترسیدار دەکەین، بەڵام ئامانجمان ئەوەیە خاکەکەمان لە دوومین دوژمن پاکبکەینەوە کە مین و تەقەمەنییە بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە ئاوارەیی رزگاریان بێت و ئەوەش شانازییە بۆ ئێمە".

دەشڵیت: "ئێستا سەدان کیلۆمتر چوارگۆشە مین و تەقەمەنی لێیە و بە هەزارن جۆر چەک و مین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕی داعش و هێزەکانی تری لێیە کە مەترسی گەورەن بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانمان، بۆیە ئێمە ئەو کارە مەترسیدارە بۆ ژیانی خەڵک دەکەین".

فەهیمە ئەرکەکەی تیم لیدەرە و هەریەک لە هاوکارەکانی حەلیمە و ڤیانیش لەڕێگەی سەگی تایبەتەوە پشکنین بۆ زەوییەکان دەکەن، بۆ دۆزینەوەیان و لەناوبردنیان".

فەهیمە و حەلیمە و ڤیان بەهاوکاری تیمێکی تایبەتی ئەمریکی کارەکانیان ئەنجامدەدەن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پشتیوانی مادییان دەکات و لەبارەی کارەکەوە ڤیان دەڵێت: "ئەو کارەی ئێمە زۆر پیرۆزە کارێکی مرۆڤایەتییە بەر لەوەی کارێک بێت بۆ ناوچەکەی ئێمە، بۆیە زۆر دڵخۆشم پێی".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure