"رەنگە ساڵی 2020 سزاكانی سەر ئێران كەمبكرێنەوە"

هەواڵ / جیهان :: 15/12/2019‌ :: 337‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محەمەد


لێكۆڵەرێكی سیاسی ئێرانی رایدەگەیەنێت "نەرمی نواندنی ئەمریكا بەرامبەر تاران و گۆڕینەوە دیلەكان لەنێوان ئێران و ئەمریكا ئاسۆیەكی روونی دەبێت لەداهاتووی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتەدا".

حەسەن هانی زادە لێكۆڵەری سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راپۆرتێكدا، باس لە گەشتی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ ژاپۆن دەكات و دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ئەمریكا و قەیرانی سیاسی دۆناڵد ترامپ، وادەردەكەوێت سەرۆكی ئەمریكا ئەو راستییەی بۆ دەركەوتبێت، درێژەدان بە سیاسەتی دوژمنكارانەی لەگەڵ ئێران، زیاتر گۆشەگیری دەكات".

هانی زادە لە درێژەدا دەنووسێت "ئەمریكا هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئێران گۆڕیوە و نەرمی نواندنی بەرپرسانی ئەمریكی و ئاڵوگۆڕ كردن بە زیندانییەكان و گەشتی رۆحانی بۆ ژاپۆن لەم نزیكانە، هەڵگری پەیامێكی خۆش و مژدە بەخشین لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ئێران".

چوونی حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران بۆ تۆكیۆ لەم نزیكانەدا دەتوانێت، روانگەیەكی نوێ بێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان واشنتۆن و ئێران كە توكیۆ وەك بێ لایەن ئەم ئەركەی لە ئەستۆدا دەبێت. 

ئەو لێكۆڵەرە دەشڵێت: "لەوانەیە سەرۆك ترامپ ناچار ببێت لەساڵی 2020دا بەشێك لە سزاكان لەسەر ئێران لاببات و تەنانەت گومانی ئەوەش هەیە، سەرۆكی ئەمریكا بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure