پڕۆژەیاسایەك ناكۆكی دەخاتە نێوان بازرگانانی سلێمانییەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/12/2019‌ :: 402‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال، زریان محەمەد

یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایەكە تا لەپەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند بكرێت و لەمەودوا بەیاسا پارێزگاری لەبەرهەمی ناوخۆیی بكرێت، بەڵام سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت، باشترە بۆ كوردستان بەیاسای حكومەتی عێراق كار بكات.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئوتێل رامادا لەشاری سلێمانی، یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بەئامادەبوونی رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك پەرلەمانتار و پسپۆڕانی ئابووری، سیمینارێك بۆ ئامادەكردنی پێشنیاری پڕۆژەی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی سازكرا.


د. رێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوای بەشداریكردنی لەسیمینارەكە بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند: دەستخۆشی لە هەر دەسپێشخەرییەك دەكەن بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، پەسەندكردنی یاسایەك بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی یەكێكە لە ستراتیژەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەش بە بەركاركردنی یاسا فیدراڵییەكە یان پەسەندكردنی یاسای نوێ.

ناوبراو وتی: "پێموایە ئەمە بابەتێكی گرنگە و پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییمان و مانەوەی كیانەكەمان هەیە بەوەی دروستكردنی توانایەكی ئابورییە كە بەدەر بێت لە پشتبەستن بە نەوت، دەتوانین پشت بە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازیش ببەستین".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتیشی: "پشتبەستنی هەمیشەیی بە بەرهەمی نەوت رەنگە رۆژێك لە لوتكە بین كاتێك نەوت گران دەبێت یان رۆژێكیش وێران دەبین وەك ساڵی ۲٠۱٤ تا ۲٠۱۸ كوردستانی پێدا تێپەڕی، بۆیە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی یەكێكە لە ئەركەكانمان".

عەتا محەمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "مەبەستیان لەم سیمینارە دەوڵەمەندكردنی پڕۆژە پێشنیازێكە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی كە لەپەرلەمانی كوردستانەوە یاسای تایبەت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دەربچێت و لەو رێگەیەوە برەوی زیاتر بە بواری پیشەسازی و بازرگانی بدرێت و پارێزگاری لەبەرهەمی خۆماڵی بكرێت".

سەبارەت بەوەی بۆچی لەگەڵ ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییان نییە، عەتا محەمەد وتی: "ئێمە ئامادەین لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەماهەنگی باشمان هەبێت، بمانەوێت و نەمانەوێت ئەوان ئەزموونێكی كۆنیان هەیە، رەنگە ئەوان لەگەڵ ئێمە كەمتر هاوكاری بكەن".

بەڵام سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ دواڕۆژ رایگەیاند "تووشی سەرسوڕمان بوون كاتێك ئەم سیمینارەی ئەمڕۆیان بینیوە، چونكە پێشتر لەكوردستان پڕۆژە یاسای لەم جۆرە نەبووە و ئەوان داوایانكردووە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010ی عێراق جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەم یاسایانە سیادین، بەرهەمی كوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات، ئەگەر كوردستان بەیاسایەكی جیاوازتر كار بكات، حكومەتی عێراقی قبوڵ ناكات".

دەربارەی نەبوونی هەماهەنگی ئەوان لەگەڵ یەكێتی هاوردە و ناردنكاران، سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەكرد "ژووری بازرگانی سلێمانی كراوەیە، بەڵام بواری پیشەسازی لای ئەوان نییە، بەڵكو نوێنەری پیشەسازی راستەقینە ژووری بازرگانییە، نزیكەی 2 هەزار و 400 كەرتی پیشەسازی لای ئێمە تۆماركراوە".

پسپۆرانی بواری ئابووری ئەم پڕۆژە یاسایەی یەكێتی هاوردەیان بەلاوە باشە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، د.خالید حەیدەر، پسپۆری ئابوری بۆ دواڕۆژ رایگەیاند "كوردستان و عێراق ئابوورییەكی بەرخۆرن، بەڵام پێویستە خۆیان پێداویستییەكانیان پڕ بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئابوری كوردستان بووە بە بازاڕی بەرهەمهێنی ئێرانی و توركی و چینی، لەكاتێكدا زەوی باش بۆ بەرهەمهێنان هەیە.

ناوبراو وتی: "ئەم پڕۆژەیاسایە زۆر گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر جێبەجێكردنیەتی، چونكە ئەگەر جێبەجێش بكرێت، ئەوا بەشێك لەبازرگانان زەرەمەند دەبن، چونكە ئەوان لەماوەی هەفتەیەكدا رەنگە زۆرترین قازانج لەبەرهەمی هاوردە بكەن".

عەزیز رەسوڵ، هاوڵاتییەكی دانیشتووی كۆمەڵگەی تاسڵوجەی نزیك شاری سلێمانییە و بەوتەی خۆی نزیكەی 22 ساڵە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەرهەمی شیرەمەنییە و ئێستا بۆتە كارگەی تایبەت بە خۆی.

ئەو خاوەنكارە روونیكردەوە: ئەگەر ئەم پڕۆژە یاسایە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە كارێكی زۆر باشە، چونكە ئەو كاتە دەبێت پارێزگار بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و جوتیار و خاوەنكارانیش دەتوانن قازانجی باشتر بكەن.




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure