كاتی كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو دیاریكرا و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ش خۆیان بۆ پۆستی ئه‌میندار كاندید ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 14/12/2019‌ :: 487‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


بڕیار وایه‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می خۆی ببه‌ستێت و جگه‌ له‌ سه‌لاحه‌دین به‌هادین چه‌ند به‌رپرسێكی تری ئه‌و حیزبه‌ خۆیان بۆ پۆستی ئه‌میندار كاندید ده‌كه‌ن. 

(ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ی كانوونی یه‌كه‌می 2019) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌نجامدا و ئامانج له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دیاریكردنی رۆژێك بوو بۆ به‌ستنی كۆنگره‌. 

به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ بڕیاریداوه‌ له‌ رۆژانی 28-29ی ئه‌م مانگه‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌می خۆ‌یان ببه‌ستن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زۆربه‌ی رێككاره‌كانی به‌ستنی كۆنگره‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌ڵبژاردن و لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ ته‌واو كراوه‌.  

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی یه‌كگرتوو كۆنگره‌یه‌كی چاره‌نووسساز ده‌بێت و گۆڕانكاری له ئه‌دای حیزب بۆ چوار ساڵی داهاتوو ده‌كرێت و به‌پێی ئه‌و پلان و به‌رنامه‌یه‌شی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌وه‌ داندراوه‌ یه‌كگرتوو بۆ داهاتوو خۆی رێكده‌خاته‌وه‌و رێكخستن و كاری بانگه‌وازی به‌هێز ده‌كاته‌وه‌و كار بۆ پێگه‌یاندنی كادیری به‌هێز ده‌كات.  

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: "بۆ پۆستی ئه‌میندار تاوه‌كو ئێستا هه‌ریه‌كه‌ له‌ سەڵاحه‌دین به‌هادین و ئه‌بوبه‌كر عه‌لی (كاروانی) و كه‌سایه‌تییه‌كی بادینان خۆیان كاندید ده‌كه‌ن و پێده‌چێت تا كاتی به‌ستنی كۆنگره‌ خه‌ڵكی تریش هه‌بن خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكەن".  

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی دراوه‌ته‌ دواڕۆژ ژماره‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی ئه‌م جاره‌ی یه‌كگرتوو نزیكه‌ی 900 ئه‌ندام ده‌بێت كه‌ زۆربه‌یان له‌ میانه‌ی هه‌ڵبژاردنی كۆنفڕانسی مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌به‌كانی یه‌كگرتوو دیاریكراون.  

له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو به‌لاغێك راگه‌یه‌ندرا كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: 
 
دواڕۆژ زانیوێتی سه‌عید عه‌لی عه‌بۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو- بادینان، خه‌لیل ئیبراهیم، وته‌بێژی یه‌كگرتوو، غازی سه‌عید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردن، یه‌كێكیان خۆیان له‌سه‌ر ئاستی بادینان بۆ پۆستی ئه‌میندار كاندید ده‌كه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure