هەڵەبجە یادی هونەرمەند حسێن عەلی كردەوە

هەواڵ / که‌لتور :: 14/12/2019‌ :: 242‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە چین و توێژە جیاوازەكانی هەڵەبجە و كەسوكاری هونەرمەدی كۆچكردوو (حسێن عەلی) یادی هونەرمەند حسێن عەلی كرایەوە.


پەروێز نیازی، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: هونەرمەندان موڵكی تەنها شارو ناوچەیەك نین، بەڵكو موڵكی هەموو شوێنێكن و ئەوەی سنورەكانی تێپەڕاندووە، هونەرو هونەرمەندانن، بۆیە لەو سۆنگەیەوە وەكو بەڕێوەبەڕایەتیمان بەهاوكاری گروپی (زەڕیاب) بەباشمان زانی لە پایتەختی ئاشتیدا یادێك بۆ هونەرمەندی شارە جوانەكەی كەركوك (حسێن عەلی) بكەینەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی لەتواناماندا بێت بۆ هاوكاری هونەرمەندان ئەنجامی دەدەین هەوڵدەدەین ئەم جۆرە كارانە بەردەوامبن، هاوكات لە یادەكەدا گۆرانییەكانی (نەرمە نەرمە، ناوێرم ماچی بكەم، شەتڵی ڕێحان، بزمارە بزمارە، دانە دانە، زاڵم) لەلایەن گروپی موزیكی زەڕیابەوە پێشكەشكران، كە سەرجەمیان گۆرانی هونەرمەندی كۆچكردوو حسێن عەلی بوون.

هەر لەو یادەدا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە كەسوكاری هونەرمەند حسێن عەلی كە لەشاری كەركوكەوە ئامادەی یادەكە بوون.

هونەرمەند حسێن عەلی، لەساڵی ١٩٢٥ لەگوندی حەفتەغار سەر بەشارۆچكەی داقوقی پارێزگای كەركوك لەدایكبووە، لەساڵی ١٩٤٦ دەچێتە بەغدا و لەوێوە دەستدەكات بەگۆرانی وتن، خاوەنی ٤٦ بەرهەمی هونەرییە لە گۆرانی و مەقام.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure