"حکومەت سستە لە بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/12/2019‌ :: 906‌ جار بینراوە

تاگ :: حکومەت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت: "دوای ئەوەی پڕۆژەیاسایەکمان دایە پەرلەمان و دواتریش حکومەت بۆ بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، سەرەتا حکومەت وتی هیچ بارگرانی نییە بۆ دامەزراندنیان، ئامادەن دایان بمەزرێنن، بەڵام ئێستا حکومەت پەشیمان بۆتەوە" سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵیش پێیوایە "ئەو هەنگاوە جێبەجێبكرێت، نزیکەی ٤ ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە".

عەباس فەتاح ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمای كوردستان، ئەمڕۆ شەممە 14ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بە دواڕۆژی راگەیاند "دوای ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتی پڕۆژەیاسایی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دایە حکومەت و پەرلەمان، حکومەت سەرەتا رەزامەندیدا و وەزیری دارایی بە نوسراوی فەرمی وەڵامی داینەوە کە کێشەیان نییە بۆ دامەزارندنیان".

وتیشی: "وەزیری دارایی لە نوسراوەکەیدا کە کۆپی نوسراوەکە لای من هەیە، دەڵێت: "ئامادەن بۆ بەهەمیشەیی کردنی فەمانبەرانی گرێبەست، هیچ بارگرانییەکیش لەسەر حکومەت دروستناکات". 


دەشڵیت: "دواتر حکومەت داوایکرد کە بەهۆی کێشە لەداتا و گۆڕانکارییەکان، دەرفەتێکیان پێبدەن ئینجا دایاندەمەزرێنن، بەڵام ئەوە زیاتر لە مانگێکە حکومەت هیچ وەڵامێکی نییە و پەشیمان بۆتەوە لە دامەزراندنیان".

وتیشی: "ئەگەر تا کۆتایی ئەم هەفتەیە وەزیری دارایی بڕیاری کۆتایی نەدات و حکومەت دایان نەمەزرێنێت، ئەوا نوسراوی وەزیری دارایی بڵاودەکەمەوە کە پێشتر باسی لەوە کردووە بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بارگرانی لەسەر حکومەت دروستناکات".

دوای ئەو رێككارانە، ئەنجومەنی وەزیران بەفەرمی وەڵامی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە کە ئەوان خەریکی کۆکردنەوەی داتان بۆ وەرگرتنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتەکان تا بەهەمیشەیی بکرێن".

لەلایەکی ترەوە عبدولسەتار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ بۆ دواڕۆژ وتی: "هۆکاری بە هەمیشەیی نەکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست نازانین، چونکە حکومەت وەڵامی رونی نییە بۆ پەرلەمان".

دەشڵێت: "ئێستا خەرجی موچەی مانگانەی گرێبەستەکان ١٦ ملیار دینارە، ئەگەر حکومەت بیانکات بە هەمیشەیی خەرجییەکە دەبێت بە ١٢ ملیار دینار، واتا ٤ ملیار دینار داهات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە".


ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، رۆژی ١١ تشرینی دووەمی ٢٠١٩، نوسراوێکی فەرمی بە ژمارە ٥٢٢ ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە تیایدا داوایکردبوو "پێویستە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان لەماوەی سێ ڕۆژدا داتای تەواو لە بارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتەکانیان بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی".

دوای ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی وەستانی دامەزاراندنی هەمیشەیی، پێشتر زیاتر لە ٣٥ هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست هەبوون، بەڵام دوای بەهەمیشەیی کردنی مامۆستایانی گرێبەست لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵ، ئێستا نزیکەی ٣٠ هەزار فەرمانبەری فەرمانگە و وەزارەتەکان وەک گرێبەست هەن و چارەنوسیان یەکلانەکراوەتەوە".  

حکومەت دوو نوسراوی فەرمی بۆ پەرلەمان کردووە کە بەڵێنی داوە گرێبەستەکان بکات بەهەمیشەیی، بەڵام تاکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی گرێبەستەکان نەداوە و وەڵامی پەرلەمانتارنیش نەدراوەتەوە. 

هەر تایبەت بە پرسی گرێبەستەکان دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا باسی لەوەکرد، کۆی ئەو فەرمانبەرانەی لە وەزارەتی داراییەوە تۆمارکراون وەک گرێبەست دادەمەزرێنرێن و ئەوە کاری حکومەتە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی ئەو پرسە دەکات و داوای زانیاری و داتای کردووە لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست، بۆ دامەزراندنیان".

بەپێی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر فەرمانبەرێک بۆ ماوەی سێ ساڵ وەك گرێبەست بەردەوامبێت، راستەوخۆ مافی بوون بەهەمیشەیی هەیە، بەڵام دوای نەمانی بودجە و قەیرانی دارایی، دامەزراندنی هەمیشەیی لە کەرتی حکومەت وەستا لەکاتێکدا بەشێک لەو فەرمانبەرانە ماوەی نزیکەی ٩ ساڵە فەرمانبەری گرێبەستن.  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە