ئایا سه‌رده‌م سه‌رده‌مى زانینه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/12/2019‌ :: 162‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ سه‌ده‌كانى رابوردوودا بیركردنه‌وه‌ى لیبراڵى متمانه‌یه‌كى زیاد له‌ پێویست به‌ مرۆڤى ئه‌قڵگه‌را نیشاندا. تاك تاكى مرۆڤ وه‌كو بوونه‌وه‌رى سه‌ربه‌خۆى لۆجیكى وێنا كرد و كردنى به‌ بناغه‌ى كۆمه‌ڵگەى هاوچه‌رخ. 


دیموكراسى له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ هه‌ڵچنرا كه‌ ده‌نگده‌ران باشتر ئه‌توانن ژیان و چاره‌نووسى خۆیان دیاری بكه‌ن. سه‌رمایه‌دارى بازاڕى ئازاد له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ هه‌میشه‌ كڕیار له‌سه‌ر حه‌قه‌ و په‌یمانگە لیبڕاڵییه‌كان هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ فێرى خوێندكاره‌كانى ده‌كات كه‌ خۆیان له‌باره‌ى هه‌موو شتێكه‌وه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌.

له‌ڕاستیدا ئه‌م هه‌موو متمانه‌یه‌ به‌ مرۆڤى ئه‌قڵگه‌را كارێكى هه‌ڵه‌یه‌، بیرمه‌نده‌كانى سه‌رده‌مانى پاش كۆڵۆنیالیزم و فێمێنیسته‌كان ده‌ریانخست كه‌ مرۆڤى ئه‌قڵگه‌را بۆى هه‌یه‌ شۆڤێنیستێكى خۆرئاوایی بێت كه‌ پێى وایه‌ مرۆڤى سپى پێست له‌ڕووى توانا و ره‌گه‌زییه‌وه‌ سه‌روو هه‌مووانه‌.

ئه‌وه‌ى زاناكان و ده‌روونناسه‌كان بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ پێمان ده‌ڵێن: بڕیارى مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ى كاردانه‌وه‌ى سۆزدارى و قه‌د بڕكردنى ئه‌قڵییه‌ نه‌ك لێكدانه‌وه‌ى لۆجیكى. 

ئه‌قڵیه‌ت و سۆزى ئێستاى مرۆڤ رەنگه‌ بۆ سه‌رده‌مه‌كانى چاخى به‌ردین گونجاو بووبن به‌ڵام بۆ ئه‌مڕۆى جیهانى دۆڵى سلیكۆن كه‌م و كورتى زۆریان تیادایه‌.

نه‌ك ته‌نیا هه‌ر ئه‌قڵانى بوون، به‌ڵكو تاك گه‌راییش ئه‌فسانه‌یه‌. مرۆڤ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن ته‌نیا هه‌ر بیر له‌ خۆى ده‌كاته‌وه‌. له‌ زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا ئێمه‌ به‌ شێوه‌ى ده‌سته‌ جه‌معى بیرده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌ر وه‌ك چۆن گه‌وره‌كردنى یه‌ك منداڵ پێویستى به‌ هاوكارى خێڵێك هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش داهێنانى ئامێرێك یان چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌یه‌ك یاخود چاككردنه‌وه‌ى نه‌خۆشێكیش دیسان پێویستیان به‌ هاوكارى هه‌موو خێڵه‌كه‌یه‌. هیچ كه‌س ته‌نیا هه‌ر خۆى هه‌موو شتێك نازانێت ده‌رباره‌ى بابه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كان. ئه‌وه‌ى مرۆڤی له‌ ئاژه‌ڵه‌كانى دیكه‌ به‌رزتركرده‌وه‌ و كردى به‌ ئاغاى زه‌وى، لۆجیكى تاكگه‌رایی نه‌بوو، به‌ڵكو تواناى بێ وێنه‌ى مرۆڤ بوو له‌ڕووى  بیركردنه‌وه‌ى به‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌.

مرۆڤ وه‌كو تاك زانیارى زۆر كه‌مى ده‌رباره‌ى جیهان هه‌یه‌ هه‌تا مێژوو زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕوات ئه‌م زانیارییانه‌ كه‌متر بوونه‌ته‌وه‌. له‌ سه‌رده‌مى راو و شكاردا مرۆڤ ده‌یزانى چۆن جلوبه‌رگى خۆى دروست بكات، ئاگر دابگیرسێنێت و كه‌روێشك راو بكات و له‌ شێر و پڵنگ هه‌ڵبێت. پێمانوایه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ مرۆڤى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌زانین. بۆ دابینكردنى زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى پێویستییه‌كانمان پشتمان به‌ستووه‌ به‌ پسپۆڕى و شاره‌زایی كه‌سانى دیكه‌، ئه‌م وه‌همى زانینه‌ كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ى مرۆڤى سه‌رده‌م زۆر زانیاریمان هه‌یه‌ له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ زانیارى ئه‌قڵى خه‌ڵكانى دیكه‌ به‌ جۆرێك بۆمان كراوه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى زانیارى خۆمان بن. مه‌رج نیه‌ ئه‌م خه‌یاڵه‌ شتێكى خراپ بێت. پشت به‌ستنى ئێمه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ى ده‌سته‌ جه‌معى كردووینى به‌ ده‌سه‌ڵاتدارى جیهان و یارمه‌تیمان ده‌دات له‌وه‌دا كه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ هه‌موو شتێك كه‌ مه‌حاڵه‌ بتوانین درێژه‌ به‌ ژیانى خۆمان بده‌ین.
 
به‌ڵام نكوڵى له‌وه‌ش ناكرێت كه‌ ئه‌م وه‌همى زانینه‌ زیانیشیى هه‌یه‌. جیهان رۆژ به‌ رۆژ ئاڵۆزتر ده‌بێت، مرۆڤ ناتوانێت هه‌موو رووداو و گۆڕانكارییه‌كانى ده‌وروبه‌رى تێ بگات و لێیان ئاگادار بێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌و بێ ئاگاییه‌ش بیر و بۆچوون و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌ت و كێشه‌ و مه‌سه‌لانه‌ى كه‌ هیچیان لێ نازانێت، له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئه‌مڕۆماندا مرۆڤ به‌ جۆرێكه‌ كه‌ نه‌ده‌توانێت هه‌موو زانیارییه‌كى له‌ باره‌ى هه‌موو شتێكه‌وه‌ هه‌بێت، نه‌ خۆشحاڵیشه‌ له‌وه‌ى ده‌وروبه‌ر به‌ گێل و بێ ئاگای بزانن، سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتى بیركردنه‌وه‌ ده‌سته‌ جه‌معیه‌ هێنده‌ تۆكمه‌یه‌ كه‌ شكاندنى قه‌ڵاكه‌ى بووه‌ته‌ كارێكى سه‌خت. ئێستا بارودۆخێك هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ موحافیزكاره‌كان كه‌ پێویسته‌ به‌رگرى له‌ سروشت و ژینگه‌ بكه‌ن، له‌ژێر كاریگه‌رى ده‌وروبه‌رى خۆیاندا پێچه‌وانه‌ بوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ ئێستا دیموكرات و چه‌په‌كانن كه‌ دژى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژینگه‌ن نه‌ك موحافیزكاره‌كان، چونكه‌ موحافیزكاره‌كان له‌ژێر ده‌ور و ته‌ئسیرى به‌رژه‌وه‌ندى و هزرى ئه‌وانه‌ى كه‌ نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كه‌ن ئامانجیان ته‌نیا به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ژیانه‌. ئێستا ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ بانگه‌وازى ساده‌یی و یه‌كسانى و ره‌تكردنه‌وه‌ى پله‌به‌ندى مرۆڤ ده‌كات له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر خۆى ده‌بێته‌ كه‌سایه‌تییه‌كى باڵا و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكه‌كه‌ كڕنوشیشى بۆ ده‌به‌ن. زانیارییه‌كان و بابه‌ت و دیارده‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆر و قووڵ و به‌ربڵاون ئه‌گه‌ر رۆژ هه‌تا ئێواره‌ش رابكه‌یت ناتوانیت بگه‌یته‌ قوڵایی هیچ بابه‌تێكیان. 

له‌به‌رئه‌وه‌ كاربه‌ده‌ستان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان پشت به‌ پسپۆڕ و راوێژكاره‌كانیان ده‌به‌ستن. له‌ سه‌رێكى دیكه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ سروشتى خۆى راستیى ده‌شێوێنێت. ده‌سه‌ڵاتى زیاتر واته‌ گۆڕینى واقیع نه‌ك بینینى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌. تۆ كاتێك چه‌كوشت به‌ ده‌سته‌وه‌ بێت هه‌موو شتێكت له‌به‌ر چاودا ده‌بێت به‌ بزمار ده‌وروبه‌ره‌كه‌شت له‌ برى ئه‌وه‌ى راستیه‌كه‌ت پێ بڵێن، له‌ روانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى و ئاره‌زووه‌كانى خۆیانه‌وه‌ هیچ كارێك ناكه‌ن جگه‌ له‌سه‌ر له‌قاندن بۆ بیر و بۆچوونه‌كانت و ماستاوكردن بۆ هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانت. خه‌ڵكى ده‌زانن مرۆڤى ده‌سه‌ڵاتدار بوارى هه‌یه‌ ته‌نیا ماوه‌یه‌كى كه‌م بۆ ئه‌وان ته‌رخان بكات، بۆیه‌ هیچ قسه‌یه‌كى ناماقوڵ و نه‌گونجاو ناكه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌و ماوه‌ كورته‌دا زۆرترین سوودت لێ ببینن.

ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت حه‌قیقه‌ت بزانیت پێویسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبێیت و كاتێكى زیاتر ته‌رخان بكه‌یت خۆت هه‌موو مه‌سه‌له‌كان تێ بگه‌یت. هۆشیارى شۆڕشگێڕانه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن ده‌گاته‌ ناوه‌ندى ده‌سه‌ڵات، چونكه‌ ناوه‌ند له‌سه‌ر بناغه‌ى ئه‌وه‌ دروست بووه‌ كه‌ پارێزگارى له‌ زانیارى و واقیعه‌كه‌ى ئێستا بكات.

كێشه‌كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا سه‌ختتر و ترسناكتر ده‌بێت، چونكه‌ جیهان له‌مه‌ى ئێستا زیاتر ئاڵۆزتر ده‌بێت سه‌ره‌نجام مرۆڤه‌ تاك گه‌راكان به‌ ده‌سه‌ڵاتدار و بێ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ زانیارییان كه‌متر و كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ ده‌رباره‌ى ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌كان و رووداوه‌ ئابورییه‌كان و بزوێنه‌ره‌ سیاسییه‌كان.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure