بابه‌ته‌ سێكسییه‌كان له‌ په‌رستگا كۆنه‌كانی میسردا

هەواڵ / که‌لتور :: 14/12/2019‌ :: 1578‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر په‌رستگایه‌كی گه‌وره‌ له‌ شاری ئه‌دیدۆس كه‌ ئێستا پارێزگای سوهاجه‌ شوێنێكی پیرۆزی ئاینی كۆنی میسرییه‌كان بوو، بۆ حه‌جكردن روویان لێ كردووه‌. 


رێوڕه‌سمه‌كه‌ وابوو له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی سه‌ركرده‌ ئاینییه‌كاندا به‌ ده‌وری په‌رستگاكه‌دا سووڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ په‌یكه‌ری خوداوه‌ندی ئۆزۆریس كه‌ له‌ شێوه‌ی بتێكدا بووه‌ و پاڵكه‌وتووه‌. 

ئۆزۆریس ئه‌ندامی نێرینه‌ی گه‌وره‌ بوو و بینینی ئه‌م دیمه‌نه‌ به‌لای حاجییه‌كانه‌وه‌ نوقڵانه‌ی خێر و به‌ره‌كه‌ت بووه‌. تائێستا په‌رستگاكه‌ چه‌ندین ئاسه‌واری دێرینی پێوه‌ ماوه‌ و له‌ هه‌موویاندا ده‌بینین وێنه‌ی ئۆزۆریس به‌ سه‌لامه‌تی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌ندامی نێرینه‌ی بڕاوه‌ته‌وه‌ یان له‌ په‌یكه‌ره‌كاندا شكاوه‌.

ئاینی كۆنی میسرییە و نزیكه‌ی چوار هه‌زار ساڵ درێژه‌ی كێشاوه‌ كه‌ له‌ مێژوودا تائێستا هیچ ئاینێك ئه‌وه‌نده‌ ته‌مه‌نی نه‌بووه‌. به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ئاینه‌ ده‌ره‌نجامی كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌، وه‌ك یه‌كێتی سیاسیی و هه‌بوونی رێگه‌ی هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌ی ئاسان به‌هۆی رووباری نیله‌وه‌، جگه‌ له‌مانه‌ش میسرییه‌ كۆنه‌كان زۆر پێداگیرییان كردووه‌ كه‌ دابونه‌ریت و زانیارییه‌ ئاینییه‌كانیان له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌، له‌ سه‌ده‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پاش زایینیدا ئاینی مه‌سیحی گه‌یشته‌ خاكی میسر و میسرییه‌كان روویان له‌ ئاینه‌ كۆنه‌كه‌یان وه‌رچه‌رخاند و پشتیان كرده‌ خوداوه‌نده‌ زۆرینه‌كانیان و هاتنه‌ سه‌ر ئاینه‌ تازه‌كه‌.

دیاره‌ ئاینی مه‌سیحیش وه‌ك هه‌موو ئاینه‌كانی دیكه‌ به‌ یه‌ك جار و یه‌ك شێوه‌ی كۆتایی نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو چه‌ندین جۆر و رێباز و شێوازی په‌یڕه‌وكردنی هه‌بووه‌. دیاره‌ یه‌كه‌مین ئه‌ركی هه‌موو بیروباوه‌ڕێكی تازه‌ له‌ناوبردنی بیروباوه‌ڕه‌ كۆنه‌ نه‌یاره‌كه‌یه‌، بۆیه‌ مه‌سیحییه‌ سه‌ره‌تاكان زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری په‌رستگا كۆنه‌ میسرییه‌كانیان رووخاند چی له‌ رێگه‌ی وێرانكردن و شكاندن و سوتاندنه‌وه‌ بێت یان له‌ شێواندنی زۆری سیمبول و بابه‌ته‌كانی. 

زۆرترین شێواندن ئاڕاسته‌ی په‌رستگای خواوه‌ند ئیزیز كراوه‌ هه‌روه‌ها په‌رستگاكانی حۆرس و ئه‌بیدۆس و ده‌نگده‌ره‌.

له‌ سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كانی میسردا پیاوه‌كان هه‌موو چوون بۆ به‌شداریكردن له‌ جه‌نگدا ته‌نیا یه‌ك پیاو ماوه‌ته‌وه‌ بۆ پاراستنی شاره‌كه‌. كاتێك شه‌ڕه‌كه‌ درێژه‌ ده‌كێشێت ئه‌و پیاوه‌ ده‌بێته‌ تاقه‌ سه‌رچاوه‌ی سێكس و زاوزێ بۆ ژنانی ئه‌و شاره‌ دێرینه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا 500 منداڵ له‌دایك ده‌بن. كاتێك پیاوه‌كان كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و پیاوه‌دا قۆڵی كابرا ده‌بڕن. ئه‌م چیرۆكه‌ كابرا ده‌كات به‌ خواوه‌ندێكی سیمبولی سێكس و زاوزێ له‌ میسری دێریندا. 

وێنه‌كه‌شی له‌ زۆربه‌ی په‌رستگاكاندا به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت. به‌ڵام كه‌ مه‌سیحییه‌كان دێن هه‌موو وێنه‌كانی ئه‌م خواوه‌نده‌ له‌ناو ده‌برێت، ته‌نیا به‌شێكی كه‌می ده‌رباز ده‌بن. خوداوه‌ندی ئازۆریش هه‌مان چاره‌نووسی هه‌بوو. ئه‌م خوداوه‌نده‌ بۆ میسری كۆن سیمبوولی ژیان و كشتوكاڵ بووه‌. لای میسڕییه‌ كۆنه‌كان پیت و به‌ره‌كه‌ت چه‌مكێكی گشتی بووه‌ مرۆڤ و خاكیشی گرتووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ندامی نێرینه‌ی ئه‌م خواوه‌نده‌ هێمایه‌ك بووه‌ بۆ كشتوكاڵ. به‌ڵام ئاینی مه‌سیحی به‌و شێوه‌یه‌ ئاسانكاری نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ سێكس و هێما سێكسییه‌كاندا. 

كرۆكی مه‌سیحی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سێكس و باوه‌ڕی ئاینی پێكه‌وه‌ له‌ شوێنێكدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌. دیاره‌ هه‌موو ئاینێكی تازه‌ له‌ سه‌ره‌تادا توندوتیژ ده‌بێت بۆ قایمكردنی جێ پێی خۆی بۆیه‌  مه‌سیحییه‌ سه‌ره‌تاكانی میسر به‌ جۆش و خرۆشی زۆره‌وه‌ ئه‌و سیمبول و په‌رستگایانه‌یان وێران كردووه‌. شێواندن و له‌ناوبردنه‌كه‌ هه‌ر ئه‌ندامه‌كانی زاوزێ و ئه‌و خواردنه‌وانه‌ی نه‌گرته‌وه‌، به‌ڵكو رووخسار و جه‌سته‌یان ده‌شێوێندران بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مر نه‌بن كه‌ ئه‌مه‌ له‌ میسری كۆندا قورسترین سزا بووه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure