گەشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان کەمیکردووە

هەواڵ / ئابوری :: 14/12/2019‌ :: 280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بە ساڵی داڕوخانی کارەکانیان دەزانن، چونکە وەک ئەوان دەڵێن سەرباری کەمبوونەوەی نرخی تکتی فڕۆکە و گروپەکان بەڵام چوونی خەڵکی هەرێم بۆ گەشتی سەری ساڵ بۆ وڵاتان بەراورد بە ساڵی رابوردوو لەسەدا 60% کەمیکردووە.

ئێستا نرخی چوون و هاتن بە فڕۆکە بۆ شاری ئیستانبوڵ بۆ تورکیا 300 دۆلارە، ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی رابوردوو هەمان تکت بە 700 دۆلار بوو.

سابیر ئەحمەد، هاووڵاتییەکی خەڵکی هەولێرە و هەفتەیەکە لەگەڵ سنوور ئیسماعیل، هاوسەرگیری کردووە، ئێستا هاتووە بۆ مانگی هەنگوینی و سەری ساڵ بچێتە تورکیا.

سابیر ئەحمەد، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: هەرچەندە بە نابەدڵییەوە گەشت دەکەم، چونکە بەڕاستی هێندە باسی ئەشکەنجەدانی و ناخۆشییەکانی تورکیایان کردووە بەرامبەر بە کورد بۆیە ترساوین، بەڵام بەڵێنم بە هاوسەرەکەم دابوو بۆیە دەچین.

دەشڵێت: "پێشتر کە مارەبڕاو بووین قەرار بوو بڕۆین، بەڵام نەگونجا خێری تیابوو چونکە ئێستا تکتەکان نرخیان زۆر دابەزیوە".

کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیاران هۆکارێکە بۆ دابەزینی نرخی تکتەکان، بەڵام هۆکاری دیکەش هەن لەوانە تێکچوونی بارودۆخی سیاسی وڵاتان و نەبوونی پارە.

بەیار هەناری، خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی بۆسفۆڕس لاین، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئەمساڵ ساڵی وشکەساڵییە بۆ ئێمە، چونکە دووچاری زیانێکی زۆر هاتووین لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر کەم گەشت دەکات بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، سەرباری ئەوەی نرخیشمان کەمکردووەتەوە، بەڵام خەڵک گەشت ناکات".

دەشڵێت: "هۆکار زۆرن کە خەڵک گەشت ناکات، ساڵانی رابوردوو زۆربەی خەڵک بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان و ئیستانبوڵ گەشتیان دەکرد، بەڵام بەهۆی گردبوونەوەکانی لوبنان کەس ناچێت بۆ ئەو وڵاتە، تورکیاش بەشێکیان بەهۆی بۆردومان و داگیرکاری خۆرئاوا و بەهۆی خراپی مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی کورد ئێستا کەمتر خەڵکی دەچن بۆ ئەو دوو وڵاتە".

لای بەشێک لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری و فڕۆکەوانی بەتایبەت ئەوانەی کاری گروپەکانی گەشتیاری دەکەن بازاڕیان باشترە لەو کۆمپانیایانەی کە تەنیا تکت دەفرۆشن.

عومەر خۆشناو، بەڕێوەبەر لە لقی هەولێری کۆمپانیای مۆنلاین، بەدواڕۆژی راگەیاند: گەشتکردن بۆ وڵاتان بە گروپ باشە و لە ئێستاوە بەشێک لە خەڵکی ناویان نووسیوە و تکتیان بڕیوە.

دەشڵێت: "بەراورد بە ساڵانی رابوردوو نرخی گەشتکردن بۆ وڵاتان بە گروپ لەسەدا 10% کەمبووەتەوە، بەڵام خەڵک پێچەوانەی ساڵانی رابوردوو لەبری تورکیا و لوبنان دەچنە میسڕ و دوبەی".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure