"ژمێرە و حسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم"

هەواڵ / ئابوری :: 14/12/2019‌ :: 1009‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ پرۆژه‌ى چاكسازیدا، ژمێرە و حسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەکەونە ژێر دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم و یه‌كه‌ى ژمێریارى بۆ ھیچ ھێزێکی سەربازی و حیزبی نامێنێت، جگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مووچه‌ى هه‌زاران خانه‌شنینى، هه‌ر حه‌وت فه‌رمانگه‌كانى خانه‌نشینى هه‌رێم نامێنن و یه‌ك فه‌رمانگه‌ى خانه‌نشینى دروستده‌كرێت.


عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019) رایگه‌یاند: له‌ پرۆژه‌ى چاكسازی مووچه‌دا، زۆر كێشه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و زۆر رێگه‌ى گه‌نده‌ڵى نامێنێت، له‌وانه‌: ھەڵوەشاندنەوەی ھەزاران خانەنشینی نایاسایی لە وەزیرەوە بۆ بریکار و خوارتر، هه‌روه‌ها رێکخستنەوەی لیستی شەھیدان و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین لەوانەی شایستە نین، وەرگرتنەوەی پلەی سەربازی و ئیداری لە ئەوانەی لە دەرەوەی شایستەی خۆیان پلەیان بەرزکراوەتەوە و رێگریکردن لە دووجار سودمەند بوون لە مووچە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: شەش جێگە ھەیە فەرمانگەی خانەنشینن و ھۆکارێکن بۆ گەندەڵی و لیستی ناڕەوای خانەنشینی، ھەڵدەوەشێندرێنەوە و خانەنشینی لەیەک فەرمانگەدا کۆدەبێتەوە، هه‌روه‌ها پاسەوانی لە کوردستاندا بووە بە ھۆکارێکی گەورەی گەندەڵی و نادادی، ئەویش رێکدەخرێتەوە و ھیچ ھێزێکی سەربازی و حیزبی یەکەی ژمێریاری خۆی نامێنێت و له‌ سندوقی خانەنشینی جێگیر دەکرێت، هه‌روه‌ها ژمێرە و حسابی سەرجەم ھێزە سەربازی و ئەمنیەکان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی دیوانى چاودێرى دارایی هه‌رێم.

له‌باره‌ى خانه‌نشینكردنى پله‌باڵاكان له‌ یاساى چاكسازى، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح له‌ فه‌یسبوكى خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌: بە بۆچوونی ئێمە ئەوەی خانەنشینی پلە باڵا لە پرۆژەکەی ئەنجومەن وەزیرانیشدا ھەیە پێویستی بە چاککردنە، بەڵام پێشتر خانەنشینی باڵا زۆر ناڕەوا بووە و کار بۆ چاککردنی دەکەین.

وتیشى: "لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە چەندین ئیزافەی تریان ھەیە بۆ چاکسازی و جێگیرکردنی زۆر خاڵی باش بۆ خزمەتی گشتی".

له‌باره‌ى خاڵه‌ سنوورییه‌كانیشه‌وه‌، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت: "ھەر لەم ھەفتەیەدا لەسەر بنەمای بەدواداچوون و کاری جددی پەرلەمان، لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکان زانیاری گرنگ ئامادەکراوە و بڕیارە کاری جددی لەسەر بکرێت و سەرۆکایەتی حکومەتیش بڕیاری بەدواداچوونی داوە، چونكه‌ لای ئێمە چاکسازی لە خاڵە سنوورییەکان، نەوت، باج، وەبەرھێنان، دەرمان له‌ ھەنگاوە گرنگەکانی چاکسازین، ئەوەی ئێستا تەنیا یەک ھەنگاوە".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure