زانیاری دەربارەی بڕینی ده‌رماڵه‌ى ئەم توێژە

هەواڵ / ئابوری :: 14/12/2019‌ :: 2416‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: "فه‌رمانبه‌رانى كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت دڵنیا ده‌كەینه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رماڵه‌ی  (لەبری په‌ككه‌وته‌یی) نابڕدرێت و پێیان ده‌درێت".

له‌باره‌ى بڕینى ده‌رماڵه‌ى كه‌مئه‌ندامان و ئه‌وانه‌ى زیاتر له‌ مووچه‌یەكیان هه‌یه‌، زانا مه‌لا خالید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌: هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌ بڕگه‌ى چواره‌مى ماده‌ى هه‌شتى پرۆژه‌یاساى خانه‌نشینى و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ فه‌رمانبه‌رانی ئازیزی كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رماڵه‌ی (لەبری په‌ككه‌وته‌یی) كه‌ بڕێك پاره‌یه‌ وه‌كو ده‌رماڵه‌ به‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌درێت كه‌ كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن نابڕدرێت و پێیان ده‌درێت.

وتیشى: "له‌ دوای ده‌رچواندنی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕه‌چاوكردنی رێژه‌ی په‌ككه‌وتن بڕی ده‌رماڵه‌كه‌ دیاری ده‌كات و دادپه‌روه‌ری تیادا په‌یڕه‌و ده‌كرێت".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure