داوادەکرێت پێشێلکاری دژی رۆژنامەنووسانی کەرکوک رابگیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/12/2019‌ :: 155‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

بەهۆی خراپی دۆخی رۆژنامەنووسان لەشاری کەرکوک، لیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنووسان و مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت: ماوەیەکە پارێزگای کەرکوک بەدۆخێکی سیاسی نائارام‌ و پڕ کێشە تێدەپەڕێت، رێژەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەبەرزبوونەوەدایە‌.

باسی لەوەشکردووە: رێژەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، لەسەر سەندیکای رۆژنامەنووسان‌ و حکومەتی عیراق‌ و هەرێمی کوردستان‌ و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە هەڵوەستەی جددی لەسەر بکەن، زەمینەیەکی لەبار و ئارام بۆ رۆژنامەنووسان فەراهەم بکەن‌و مەترسی لەسەر ژیانیان نەهێڵن.

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان پرسی پێشێلکاری دژی رۆژنامەنووسان بە پرسێکی هەستیار و نائاسایی‌ و مەترسیدار دەزانێت، ئیدارەی شارەکە و هێز و گروپە چەکدارەکانی کەرکوک تۆمەتبار دەکات کە بەبەرنامە و بەمەبەست ئەو کارانە دژ بە رۆژنامەنووسان بەدیاریکراویش دژ بە رۆژنامەنووسانی کورد دەکەن‌ و کەشێکی هێندە ترسناکیان دروستکردووە کە رۆژنامەنووسان ناتوانن کاری ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن.

هەروەها داوا لەسەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق دەکات بەئەرکی پیشەییانەی خۆیان هەستن‌ و داکۆکی لە رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک بکەن، هەروەک داوا لە لایەنە بەرپرسەکانی شاری کەرکوک دەکات ئەو پێشێلکارییانە رابگرن، لەهەمان کاتدا داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان‌ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش دەکەین کە لەخەمی رۆژنامەنووسانی پارێزگای کەرکوکدا بن‌ و نەهێڵن چیتر رۆژنامەنووسان‌ و ئازادی رۆژنامەگەری لەو شارە پێشێل بکرێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure