پێكهێنانى هاوپه‌یمانى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كێشه‌ى بۆ دروستده‌بێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/12/2019‌ :: 402‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانییه‌تى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراق دروستبكات، به‌ڵام لایه‌نه‌كان به‌ داواكارییه‌كه‌ رازى نه‌بوون و مه‌رجیان هه‌یه‌، هاوكات به‌شێكیش له‌ په‌رله‌مانتارانى كورد گروپێكیان دروستكردووه‌ و ئاماده‌نین بچنه‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌.


دواى سه‌ردانیكردنى پێنج حیزبه‌كه‌ى هه‌رێم، (سێشه‌ممه‌ى رابوردوو 10ى كانوونى یه‌كه‌مى 2019) مسته‌فا سه‌ید قادر، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى حیزب و لایه‌نه‌كانى (پارتى، یه‌كێتى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو) كۆبووه‌وه‌ و جارێكى دیكه‌ داوایكرد هاوپه‌یمانییه‌تى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق دروستبكه‌ن، به‌ڵام لایه‌نه‌كان به‌ مه‌رج رازى بوون.

عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سەبارەت بە هاوپەیمانیەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، داوایان لێكراوه‌ بۆ دروستکردنی ئەو هاوپەیمانیەتییە، به‌ڵام ئه‌وان وتویانە: ئەزمونێکی ناخۆش و خراپمان لەگەڵ دەستەواژەی (یەکڕیزی) هەیە، پێویستە بە کردار ئەو مەترسییانەمان بڕەوێندرێتەوە.

وتیشى: "پارتی و یەکێتی لە بەغدا لە رووی سیاسیی و ئابوری و تەنانەت ئەو پۆست و بەرکەوتانەی بەر کورد کەوتووە، تا ئەم ساتەش خراپ مامەڵەیان کردووە و ئەمەش بێ متمانەیی لای لایەنەکانی دیکە و ئێمەش دروستکردووە".

عه‌بدولستار مه‌جید، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: لەم کاتەی کە داوای یەکڕیزی و پێکهێنانی هاوپەیمانیی دەکەن، بیستومانە ژێر بەژێر گفتوگۆ هەیە لەسەر جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی بەبێ ئەوەی ئێمە لە وردەکاریی و بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان ئاگاداربین.

هاوكات هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ‏شتێک نییە ناوی (هاوپەیمانی فراکسێۆنە کوردستانییەکان) بێت، چونكه‌ پارتی دوای ئەوەی هەموو پۆستە گرنگەکانی بەغدادی قۆرخکرد تازە هاتووە داوای هاوپەیمانیەتی دەکات.

وتیشى: "‏جگە لە سەنگەری بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێم، باوەڕی بە هیچ سەنگەرگرتنێکی قەومی و تائیفی نییه‌".

‏جگه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى فراكسیۆنى ئاینده‌ و تێبینى فراكسیۆنه‌كانى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌سه‌ر شێواز و كارى فراكسیۆنه‌كه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى كوردى په‌رله‌مانى عێراق گروپێكیان دروستكردووه‌ و ئاماده‌نین له‌گه‌ڵیان بچنه‌ هاوپه‌یمانییه‌وه‌.

به‌ربه‌سته‌كانى پێكهێنانى هاوپه‌یمانى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان، له‌كاتێكدایه‌ مانگى رابوردوو سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ر پێنج لایه‌نه‌كه‌ى كرد و داوایكرد په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌تى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى به‌غدا كه‌ له‌ئێستادا 58 ئه‌ندامى له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌.

تاوه‌كو ساڵى 2009، پارتى و یه‌كێتى هاوپه‌یمانییه‌تیه‌كیان هه‌بوو به‌ناوى لیستى كوردستانی، به‌ڵام به‌هۆى ناكۆكى نێوانیان و دابه‌زینیان به‌ لیستى جیا، وایكرد هاوپه‌یمانیەتیه‌كه‌ نه‌مێنێت، له‌وكاته‌شه‌وه‌ تائێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ دروستبكرێت كه‌ پێشتر و له‌ خولى رابوردووى په‌رله‌مانى عێراق هه‌وڵى زۆرى بۆ درا.

پ: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure