شاژنی دراو.. ئه‌و ژنه‌ی جیهانی خه‌ڵه‌تاند و خۆی ونكرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/12/2019‌ :: 1085‌ جار بینراوە
روجا ئیگناتووا

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

دامه‌زرێنه‌رى دراوی ئه‌لیكترۆنی (وه‌ن كوین) كه‌ له‌ هۆڵه‌ گه‌وره‌كانى وڵاتانى جیهان داواى له‌ خه‌ڵكى ده‌كرد سه‌رمایه‌گوزارى له‌ پڕۆژه‌كه‌یدا بكه‌ن تا دواتر سودی ده‌یان به‌رامبه‌ر وه‌ربگرنه‌وه‌ و ژیان و داهاتوویان بگۆڕن، له‌چاوتروكانێكدا ونبوو دواى ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ خه‌ڵكى نابوت كرد و ئه‌وى كرده‌ ملیاردێر.  

روجا ئیگناتووا ناسراو به‌ (شاژنی دراوی ئه‌لیكترۆنی- Cryptoqueen) له‌ ساڵی 2014دا پڕۆژه‌ی دراوی ئه‌لیكترۆنی "وه‌ن كوین"ی دامه‌زراند و به‌وته‌ی خۆی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی بۆ ركابه‌ری له‌گه‌ڵ بیت كوین، یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین و ناسراوترین دراوی ئه‌لیكترۆنی دامه‌زراندووه‌.

بی بی سی فارسی له‌ راپۆرتێكدا به‌شێك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌كانی جیمی بارتلێت،ى نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری بریتانی و گرووپه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ و گه‌ڕانیان به‌دوای شاژنی دراوی ئه‌لیكترۆنی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: شاژنی دراوی ئه‌لیكترۆنی له‌ هۆڵه‌ گه‌وره‌كانی له‌نده‌ن و سه‌رانسه‌ری جیهان، به‌ جل و به‌رگه‌ شاهانه‌كانی، گواره‌ ئه‌ڵماس و سوراوه‌ سووره‌كه‌یه‌وه‌، له‌ناو ملیۆنان هه‌واداریدا ده‌یوت: وان كوین له‌ زووترین كاتدا  ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین دراوی ئه‌لیكترۆنی جیهان و داوای لێده‌كردن ملیۆنان دۆلار سه‌رمایه‌ بخه‌نه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ و سودی ده‌یان به‌رامبه‌ر وه‌ربگرنه‌وه‌ و ژیان و داهاتوویان بگۆڕن.

رۆجا به‌ خه‌ڵكی هه‌موو جیهانی ده‌وت: وان كوین هاتووه‌ ببێته‌ بكوژی بیت كوین یه‌كه‌م دراو و گه‌وره‌ترین دراوی ئه‌لیكترۆنی جیهان، و هاواری ده‌كرد: تا دووساڵی دیكه‌ هیچ كه‌س له‌سه‌ر بیت كوین ته‌نانه‌ت یه‌ك وشه‌ش قسه‌ناكات و چیدیكه‌ له‌ هیچ شوێنێكی جیهان ناوی نابیستین.

به‌ڵام شاژنی دراوی ئه‌لیكترۆنی دوای دوو ساڵ و له‌كاتێكدا بۆ هاندان و خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكی سه‌دان گه‌شتی بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان كردبوو، كتوپڕ و بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س شوێن و مه‌كانی بزانێت، ونبوو.

ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ ده‌ریخستووه‌: ته‌نیا له‌ 6 مانگی سه‌ره‌تای 2016 له‌ بریتانیادا 30 ملیۆن یۆرۆ سه‌رمایه‌ له‌ وان كویندا داندراوه‌.

هه‌روه‌ها وان كوین له‌ میانه‌ی ساڵانی 2014 بۆ 2017 زیاتر له‌ 4 ملیار یۆرۆی له‌ ده‌یان وڵاتی جیهان كۆكردووته‌وه‌ و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی دیكه‌ ده‌ریخستووه‌ سه‌رمایه‌ی وان كوین تا 15 ملیار یۆرۆش رۆشتووه‌. 
 
جیمی ده‌ڵێت: تا كۆتاییه‌كانی ساڵی 2018 كه‌ من و تیمه‌كه‌م گه‌ڕان و لێكۆڵنه‌وه‌مان له‌سه‌ر دوكتۆر روجا ده‌ستپێكرد، هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و خانمه‌ و شوێنی خۆحه‌شاردانی نه‌بوو، ته‌نیا چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسانی ئه‌مریكی ئاشكرایانكرد، ئه‌و خانمه‌ له‌ 25ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2017دا گه‌شتی كردووه‌ بۆ ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنان و دوای ئه‌وه‌ دیارنییه‌ چووه‌ته‌ كوێ و چی به‌سه‌رهاتووه‌.

لیكۆڵینه‌وه‌ و گه‌ڕانی  جیمى و گرووپه‌كه‌ی له‌ سه‌رانسه‌ری جبهان و به‌ تایبه‌ت ئه‌و ناوچه‌ و وڵاتانه‌ی روجا زۆرترین هاتوچۆی بۆ كردوون و له‌وانه‌ بولگاریا شوێنی له‌دایكبوونی، ئه‌ڵمانیا، بریتانیا و چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ درێژه‌ی هه‌بوو، تا ئه‌وكات ئه‌وان پێیانوابوو ئه‌و خانمه‌ مردووه‌، به‌ڵام هه‌موو به‌ڵگه‌كان ده‌ریده‌خست، شاژنی دراو زیندووه‌ و بێ ئه‌وه‌ی ترسێكی له‌ ده‌ستگیركردن هه‌بێت، له‌ ژیانێكی شاهانه‌دا و هه‌ر وه‌كوو ئه‌وی خۆی نازناوی شاژنی خستبوه‌ سه‌رخۆی وه‌كوو شاژنێك ده‌ژى.

له‌ كۆتاییدا ئه‌وان نه‌یانتوانی روجا بدۆزنه‌وه‌ و راده‌ستی یاسایی بكه‌ن، به‌ڵام زانیان ئه‌و له‌ڕێی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكارییه‌وه‌ و به‌ پاڵپشتی چه‌ندین وڵات و كه‌سایه‌تی و پاسپۆرتی گرنگه‌وه‌، باشترین ژیان به‌رێده‌كات و له‌به‌رچاو خه‌ڵكدا و به‌ شاراوه‌یی ده‌ژى و به‌و كه‌سانه‌ی زۆر به‌ ئاسانی خه‌ڵه‌تاندوونی پێده‌كه‌نێت.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure