فرۆشتنى تابلۆى ژماره‌ (1)ى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/12/2019‌ :: 916‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

هه‌رچه‌نده‌ بڕیاروابوو له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا جارێكى دیكه‌ زیادكردنى ئاشكرا بۆ تابلۆى ژماره‌ (1)ى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ بكرێت، به‌ڵام جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایده‌كات به‌پێى پێشنیارێك ئه‌و تابلۆیه‌ ده‌درێته‌ وه‌به‌رهێنێك كه‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ شاره‌كه‌ جێبه‌جێبكات.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ى كانونى یه‌كه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ئێستادا پڕۆسه‌ى فرۆشتنى تابلۆ نایابه‌كانى ئۆتۆمبێل كه‌ له‌ ژماره‌ (1 تا ژماره‌ 9) ده‌ستپێده‌كات راگیراوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا پێشنیارێكمان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كردووه‌ كه‌ ئه‌و ژمارانه‌ بدرێنه‌ هه‌ر وه‌به‌رهێنێك كه‌ ئاماده‌بێت پڕۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزارى له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێبكات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: مه‌رجه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ وه‌به‌رهێنانه‌ره‌كان جێبه‌جێى ده‌كه‌ن پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى بن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى، هاوكات بڕى تێچووى پڕۆژه‌كه‌ش نزیك بێت له‌ نرخى تابلۆى ژماره‌ نایابه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پڕۆژه‌كه‌ و تێچووه‌كه‌ى ده‌كرێت.

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ته‌نها بۆ ژماره‌ نایابه‌كانه‌ كه‌ نرخیان زۆره‌ و تائێستا نه‌فرۆشراون، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ئه‌وه‌ى كه‌ له‌و رێگایه‌وه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران به‌شداربكه‌ین له‌ خزمه‌تكردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ و جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى له‌ سنوره‌كه‌دا.

تابلۆى ژماره‌ (1) له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌ به‌ بڕى یه‌ك ملیار دینار خه‌مڵێندرابوو، به‌ڵام له‌ دووجار زیادكردنى ئاشكرادا هیچ سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنێك ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى پێبدات.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure