ده‌یان پارچه‌ ته‌قه‌مه‌نی ته‌قێندرانه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/12/2019‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ سنووری گه‌رمیان زیاتر له‌ 100 پارچه‌ ته‌قه‌مه‌نی جۆراو جۆری سه‌رده‌می جه‌نگی عێراق و ئێرانی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابوردوو ته‌قێندرانه‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی سنوری گه‌رمیان كۆكرابوونه‌وه‌. 

ئاكۆ محه‌مه‌د وته‌بێژی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مین له‌ گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛  ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ 108 پارچه‌ بوون و پێكهاتبوون له‌ "مین، گوله‌ هاوه‌ن،  گوله‌ تۆپ"ی سه‌رده‌می جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران. 

وتیشی:" ئه‌م ته‌قه‌مه‌نییانه‌ به‌شێوه‌ی تاك و به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان دۆزراونه‌ته‌وه‌ و كۆكراونه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری مین به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌كنیكی و به‌ سه‌لامه‌تی ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دۆزینه‌وه‌ی ته‌قه‌مه‌نی به‌ دوو شێوه‌یه‌، راسته‌وخۆ له‌ كاتی پشكنینی تیمه‌كانمان یان له‌ لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌یان به‌ ئێمه‌ ده‌درێت و تیمه‌كانمان چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌ن.
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure