سومه‌یه‌ ئازارى ددانى بوو به‌ خه‌مى گیان له‌ده‌ستدانى بۆ كه‌سوكارەکەی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/12/2019‌ :: 4891‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
 سومه‌ییه‌  نه‌یده‌زانی ئازارى ددانه‌كه‌ى دواتر ئازارێكى قوڵتر له‌ دڵى كه‌سوكاره‌كه‌یدا دروست ده‌كات كاتێك به‌یانى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابوردوو سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ ده‌كات بۆ كێشانى ئه‌و ددانه‌ى كه‌ دواتر گیان له‌ده‌ست ده‌دات. 

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ى رابوردوو 11ى كانونی یه‌كه‌مى 2019 سومه‌ییه‌ كه‌ كچێكی دانیشتوی ناحیه‌ی سیده‌كانی سه‌ر به‌قه‌زای سۆران بوو به‌مه‌به‌ستی ددان كێشان سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كردووه‌و دوای كێشانی ددانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، له‌ماڵ ته‌ندروستی تێكده‌چێت و ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن ، به‌ڵام به‌ر له‌گه‌یشتنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ ڕێگادا گیانی له‌ده‌ستدا.

كه‌سوكاری ئه‌و كچه‌ی دوای ددان كێشان گیانی له‌ده‌ستدا سكاڵا دژی ئه‌و پزیشكه‌ تۆمار ده‌كه‌ن كه‌ ددانی سومه‌ییه‌ی كێشاوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی سیده‌كانیش ده‌ڵێت: ئێمه‌ وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆمان داوه‌و به‌ باشترین شێوه‌ چاره‌سه‌ریمان بۆ ئه‌نجامداوه‌، پزیشكێكی پسپۆری ددانیش ده‌ڵێت، له‌ ڕووی زانستی پزیشكیه‌وه‌، به‌نجی لۆكاڵی و ساده‌یه‌ نابێته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدان ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ هیچ نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نیان نه‌بێت.  

فه‌رحان برادۆستی مامی سومییه‌ به‌دواڕۆژی وت: له‌ شه‌وی سێشه‌ممه‌وه‌ سومه‌ییه‌ ئازاری ددانێكی هه‌بوو، بۆ به‌یانیه‌كه‌ی واته‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر بردمانه‌ نه‌خۆشخانه‌ی سیده‌كان، ئازارێكی زۆری ددانی هه‌بوو، بۆیه‌ بڕیاردرا ددانه‌كه‌ی بكێشرێت. 

وتیشی:" دكتۆری ددان به‌نجی یه‌كه‌می لێدا فشاری خوێنی دابه‌زی و نه‌توانرا ددانه‌كه‌ی بكێشرێت، دواتر ئاسایی بوه‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ی به‌نجیان لێداو له‌بری ددانێك دكتۆر دوو ددانی بۆ كێشاوه‌". 

مامی سومه‌ییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌: دوای ددان كێشانه‌كه‌ ته‌ندروستی سومه‌ییه‌ ئاسایی بوو بۆیه‌ گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ دوای نیوه‌ڕۆ بارودۆخی ته‌ندروستی تێكچوو، له‌هۆش خۆی چوو، ویسترا بگه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ڵام به‌رله‌گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ له‌ ڕێگادا گیانی له‌ده‌ستدا". 

وتیشی:" سومه‌ییه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی ‌و نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نی نه‌بووه‌، له‌وباره‌وه‌ هیچ شتێكی لای ئێمه‌ باس نه‌كردووه‌".

باسی له‌وه‌شكرد كه‌: به‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی كچه‌كه‌مان دوای ددان كێشان سكاڵا دژی ئه‌و دكتۆره‌ تۆمار ده‌كه‌ین و داوا ده‌كه‌ین هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی سومه‌ییه‌ به‌ وردی و به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی بۆ ئێمه‌ ڕون بكرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بسه‌لمێت كه‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌ی پزیشكه‌كه‌وه‌ یان كه‌مته‌رخه‌میه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدابێت ئێمه‌ داوای مافی خۆمان ده‌كه‌ین. 

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ كاروان فه‌یسه‌ل به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی سیده‌كان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی سیده‌كان هه‌رچی پێویست بێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی سومه‌ییه‌ ئه‌نجاممان داوه‌، هیچ كه‌مته‌رخه‌میه‌كمان نه‌كردوه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ی، ئه‌و كچه‌ش لای ئێمه‌ ته‌نها ددانی كێشاوه‌و پاشان فشاری خوێنی دابه‌زیوه‌، به‌ڵام دواتر ئاسایی بووه‌ته‌وه‌و هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌مابووه‌. 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌: ئێمه‌ نازانین كه‌ ئایا سومه‌ییه‌ پێشتر هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی یان نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نی هه‌بووه‌ یاخود نا كه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی هه‌ستیان پێنه‌كردبێت. 

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی سیده‌كانی باسی له‌وه‌شكرد كه‌: لای ئێمه‌ چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ كراوه‌و دوای ده‌رچوونی ئه‌نجامی پزیشكی دادی هه‌ولێریش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هۆكاری مردنه‌كه‌ی چی بووه‌. 
هاوكات د. راستی عومه‌ر پزیشكی پسپۆری ددان كێشان به‌دواڕۆژی وت: ڕۆژانه‌ له‌سه‌رانسه‌ری دونیا، ملیۆنان نه‌خۆش سه‌ردانی پزیشكی ددان ده‌كه‌ن و به‌نجی خۆجێی وه‌رده‌گرن بێ ئه‌وه‌ی هیچ حاڵه‌تێكی مردن به‌هۆكاری راسته‌وخۆی سڕكردن یان ددان كێشان تۆماربكرێت. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌: له‌ ڕووی زانستی پزیشكیه‌وه‌ ئاساییه‌ تا 11 به‌نجیش به‌كاربێت ئه‌گه‌ر پێویست بكات، وه‌كو تریش به‌نج نابێته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدان به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ هیچ نه‌خۆشی درێژخایه‌نی نه‌بێت. 

هه‌ر له‌سه‌ر گیان له‌ده‌ستدانی سومه‌یه‌ موقه‌ده‌م شه‌ماڵ دێوالی وته‌بێژی پۆلیسی سۆران بۆ دواڕۆژ وتی:" له‌سه‌ر فه‌رمان و بڕیاری دادوه‌ر ته‌رمی كچه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پزیشكی دادی سۆران و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ هۆكاری مردنی كچه‌كه‌ ده‌ستیپێكردوه‌و دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌ ورده‌كاریه‌كه‌ی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.
پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure