زانیاری نوێ له‌سه‌ر پێدانی ئۆتۆمبێل به‌ مامۆستایان

هەواڵ / کوردستان :: 13/12/2019‌ :: 9098‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایان رایده‌گه‌یه‌نێت: پڕۆژه‌ی پێدانی ئۆتۆمبێل به‌ شێوه‌ی قیست به‌ مامۆستایان ئاماده‌یه‌و كاره‌كانی ته‌واوكراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ كۆمپانیایه‌ك ره‌زامه‌ندی نه‌داوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌. 

یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، له‌ رێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك هه‌وڵی دا ئۆتۆمبێلی به‌ قیست بۆ مامۆستایان دابین بكات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا پڕۆژه‌كه‌ نه‌چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان( ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ی كانوونی یه‌كه‌می 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كاره‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌واو بووه‌و ته‌واوی ئه‌و مامۆستایانه‌شی كه‌ خوازیارن ئۆتۆمبێل به‌ قیست بكڕن ناوه‌كانیان تۆماركراوه‌. 
وتیشی: "له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك گفتوگۆمان كرد تاوه‌كو له‌ رێگه‌ی گرێبه‌ستێكه‌وه‌ ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایان دابین بكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر زۆری پاره‌كه‌ هیچ كۆمپانیایه‌ك ره‌زامه‌ندی نه‌دا ئه‌م كاره‌ ئه‌نجامبدات.  

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان رازی بوو به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌، به‌ڵام مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ راژه‌ی مووچه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ی كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌كرێت به‌ قیست بخرێته‌ سه‌ر حیسابی بانكی مامۆستاكه‌ بۆ ئه‌مه‌ش حكومه‌ت له‌ توانای دانه‌بوو راژه‌كه‌ بخاته‌ سه‌ر حیسابی بانكی كۆمپانیاكه‌. 
گه‌رمیانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یه‌كێتی مامۆستایان له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌ و ئێستاش پڕۆژه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك گه‌ر بیه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی مامۆستایان رێك بكه‌وێت و  ئه‌وان ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایان دابین بكه‌ن به‌ قیست كه‌ مانگانه‌ له‌ مووچه‌ی مامۆستایان بڕێك پاره‌ به‌شێوه‌ی قیست ده‌درێته‌ كۆمپانیاكه‌.
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure