شێركۆ جه‌وده‌ت: یاسای چاكسازى گوزه‌رانى فه‌رمانبه‌ران ده‌گۆڕێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/12/2019‌ :: 11771‌ جار بینراوە
شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان

دواڕۆژ، سامان قوبادى
شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پڕۆژه‌ یاسای چاكسازى ژیان و گوزه‌رانى فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتییان ده‌گۆڕێت، ئه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێێشنیار كراوه‌ كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینى 400 هه‌زار دینار ده‌بێت، ده‌رماڵه‌ى مووچه‌خۆرانیش هاوتاى عێراق ده‌كرێت‌و ده‌شڵێت"په‌رله‌مانتار و وه‌زیر ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نى له‌سه‌ر و 45 ساڵه‌وه‌ نه‌بێت خانه‌نشین ناكرێت".

دواڕۆژ: ماوه‌یه‌كى زۆره‌ پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی دواكه‌وت، كێ له‌مه‌ به‌رپرسیاره‌؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ له‌ حكومه‌تدان، ئه‌وان تاوه‌كو پێكهاتن له‌سه‌ر بڕگه‌كانى یاساكه‌ كه‌ چۆن و چى بێت كاتى زۆى ویست، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ بندیوار و فره‌ مووچه‌ و خانه‌خشینى نایاسایین، ده‌رئه‌نجام ئه‌م یاسایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م كێشه‌یه‌یه‌، بۆیه‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ناو حكومه‌ت هۆكارى دواكه‌وتنى پڕۆژه‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ له‌ 18ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ فراكسۆنه‌كانى تر ئه‌و  پڕۆژه‌كه‌ماندا به‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان، دواى چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى په‌سه‌ندكرا و ده‌نێردرێت بۆ په‌رله‌مان، به‌ ئاماده‌بوونى حكومه‌تى سه‌رجه‌م بڕگه‌كانى تاوتوێ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: گۆڕانكارییه‌كان له‌ چیدا كراوه‌؟ ئه‌گه‌ر بڕگه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتییان نه‌بوو، په‌رله‌مان ده‌توانێت بیگۆڕێت؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بوونى حكومه‌ت ده‌بێت پڕۆژه‌ یاساكه‌ باشتر بكرێت، هه‌ر بڕگه‌یه‌كیش له‌به‌رژه‌وه‌ندى فه‌رمانبه‌ران نه‌بێت ده‌گۆڕدرێت، پاشان په‌سه‌ند ده‌كرێت، جگه‌له‌وه‌ جیاوازى مووچه‌ له‌نێوان پله‌ نزم و باڵاكاندا كه‌مده‌كرێته‌وه‌. 

دواڕۆژ: ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ چى له‌ ژیانى فه‌رمانبه‌ران ده‌گۆڕێت؟ كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نیشى چه‌نده‌ ده‌بێت؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وه‌كو فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى تر پێشكه‌شمان كردووه‌ كه‌ زۆرینه‌ى خاڵه‌كانى خولى پێشوو هێناومانه‌ته‌وه‌ و كارمان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌و بڕه‌ كه‌ وه‌ك كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینى دامان ناوه‌ كه‌متر نه‌بێت، هاوكات زیاتر له‌ 200 هه‌زار بندیوار و فره‌ مووچه‌ و نایاسایى نه‌مێنێت یان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وانه‌ى بندیواره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌وام، ئه‌و كه‌سانه‌ى چه‌ند مووچه‌یه‌كیان هه‌یه‌ یه‌ك مووچه‌یان بدرێتێ، ئه‌وانه‌شى خانه‌نشینى نایاسایین هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له‌ پێش 1991وه‌ پێشمه‌رگه‌ یان سه‌ركرده‌ بوون رێزیان لێ بگیرێت، ئه‌مانه‌ جێگیر بكرێت دۆخى دارایى فه‌رمانبه‌ران و هاوڵاتییان ده‌گۆڕێت.

دواڕۆژ: به‌پێى پڕۆژه‌ یاساكه‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌ت یه‌كه‌كانى 70 و 80 چۆن رێكده‌خرێته‌وه‌؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: داوامان كردووه‌ هه‌موو ده‌رماڵه‌كان هاوتاى عێراق بكرێن، بۆیه‌ له‌ رووى ده‌رماڵه‌وه‌ ده‌رماڵه‌ى هه‌موو مووچه‌ خۆرێك هاوشێوه‌ى یاساكه‌ى به‌غدا ده‌بێت.

دواڕۆژ: كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینى چه‌نده‌؟ ئایا جێگیر كراوه‌؟ هاوكات زۆرترین مووچه‌ چۆن دیارى ده‌كرێت؟

شێركۆ جه‌وده‌ت: كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینى 400 هه‌زار دیناره‌ كه‌ وه‌كو په‌رله‌مان داوامان كردووه‌، راى زۆرینه‌ى فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌سه‌ره‌ كه‌ له‌مه‌ كه‌متر نه‌بێت، له‌كاتێكدا خولى پێشوو 300 هه‌زار دینار بوو، زۆرترین مووچه‌ش به‌پێى خزمه‌ت و ته‌مه‌نى كه‌سه‌كه‌ دیارى ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئایا مووچه‌ى خانه‌نشینى وه‌زیر و په‌رله‌مانتار ده‌مێنێت؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ى 15 ساڵ خزمه‌تیان هه‌یه‌ و ته‌مه‌نیان له‌سه‌رو 45 ساڵه‌وه‌یه‌، خانه‌نشین ده‌كرێن به‌هه‌مان شێوه‌ى یاساكه‌ى عێراق، ئه‌وانه‌ش نابێت زیاتر له‌ 70%ى مووچه‌ى فیعلى بێت.

دواڕۆژ: ده‌وترێت ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى پاسه‌وانى تایبه‌تى به‌رپرسان نامێنێت، ده‌خرێنه‌ سه‌ر میلاكى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، راسته‌؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: ورده‌كارییه‌كه‌ى باس نه‌كراوه‌، ته‌نیا وتراوه‌ پاسه‌وانى تایبه‌ت رێك بخرێته‌وه‌، ئه‌و زۆر و بۆریه‌ نه‌مێنێت، هه‌یه‌ هه‌زاران پاسه‌وانى هه‌یه‌، بۆیه‌ پێوه‌رێك داده‌نرێت بۆ ئه‌مه‌.

دواڕۆژ: چه‌ند مووچه‌خۆرى بندیوار هه‌یه‌، چۆن چاره‌سه‌رى ئه‌مه‌ ده‌كرێت؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 200 هه‌زار بندیوار و فره‌ مووچه‌ و مووچه‌خۆرى نایاسایى هه‌یه‌، بندیواره‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌وام، ئه‌وه‌ى چه‌ند مووچه‌یه‌كى هه‌بێت ته‌نیا یه‌كیانى پێ ده‌درێت، نایاساییه‌كه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و رێزى لێ ده‌گیرێت.

دواڕۆژ: ده‌وترێت به‌پێى پڕۆژه‌كه‌ ده‌رماڵه‌ى به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران ببڕدرێت؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رماڵه‌ نابڕدرێت، به‌ڵكو رێكده‌خرێته‌وه‌، داواده‌كرێت كردووه‌ هاوتاى عێراق بكرێت، واته‌ مامۆستایه‌كى خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌كه‌لیۆرۆس كه‌ 10 ساڵ خزمه‌تى هه‌یه‌ له‌ به‌غدا چه‌ند وه‌رده‌گرێت، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ هه‌رێمیش ئه‌وه‌نده‌ وه‌ربگرێت.

دواڕۆژ: پێتانوایه‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌كۆى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ند بكرێت؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: پێشبینى ده‌كرێت زۆربه‌ی ئه‌ندامان ده‌نگى پێ بده‌ن.

دواڕۆژ: ده‌سته‌ى خانه‌نشینى پێكده‌هێنرێت، بۆ چى مه‌به‌ستێكه‌؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: به‌پێى پڕۆژه‌ یاساكه‌، ده‌سته‌یه‌ك بۆ خانه‌نشینى دروست ده‌كرێت، سندوقى خانه‌نشینى له‌وێ ده‌بێت، ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ سیستمى خانه‌نشینیه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و ده‌سته‌یه‌.

دواڕۆژ: باست له‌وه‌ كرد به‌هۆى چاكسازییه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ى 100 ملیار خه‌رجى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، دواتر ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ چى تر به‌كاردێت؟
شێركۆ جه‌وده‌ت: باس نه‌كراوه‌ له‌ چیدا خه‌رج بكرێت، ئه‌مه‌ ته‌قدیراتى وه‌زاره‌تى داراییه‌ كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌. 









created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure