له‌ ماوه‌ی 12 ساڵدا داهاتی گه‌شتیاری گه‌یشتۆته‌ یه‌ك ملیار دۆلار

هەواڵ / ئابوری :: 13/12/2019‌ :: 153‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ئاشكرایده‌كت: له‌ ماوه‌ی 12 ساڵدا داهاتی گه‌شتیاری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گه‌یشتووه‌ته‌ یه‌ك ملیار دۆلار و 30 هه‌زار هه‌لی كاریشی ره‌خساندووه‌. 

به‌ پێی ئاماره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار، له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ سێ هه‌زار شوێن و ناوچه‌ی گه‌شتیاری هه‌یه‌ كه‌ شوێنی مانه‌وه‌ و خواردن و شوێنی سروشتی و مرۆیی و چالاكی پێكده‌هێنن به‌جۆرێك ( 625 هۆتیڵ، 350 موتێل، 88 گوندی گه‌شتیاری، 1853 ریستۆرانت و كافێ، 170 شوێنی سروشتی ومرۆیی و جۆراوجۆری تری كات به‌سه‌ربردن له‌ هاوینه‌هه‌وار و هه‌وارگه‌ و ئه‌شكه‌وت و كانی ده‌رماناوی و شوێنه‌واری گه‌شتیاری و مه‌زارگه‌ و شوێنی ئاینی و شوێنی سروشتی).


ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم راشیگه‌یاندووه‌: گه‌شتیاریی پاره‌یه‌كی زۆر ده‌خاته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌و ده‌یان شوێنی تری وه‌ك (دوكانداری، شوفێری، ده‌ستگێڕی، سارده‌مه‌نی، كاری ده‌ستی، میوه‌فرۆشی، ماركێته‌ بچوك و گه‌وره‌كان، فرۆشتنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی) 15 هه‌زار هه‌لی كاریان ناڕاسته‌وخۆ له‌م شوێنانه‌ به‌ هۆی هاتنی گه‌شتیاران ده‌ره‌خسێنێت،به‌وه‌ش به‌ تێكڕا زیاتر له‌ 30 هه‌زار هه‌لی كار فه‌راهه‌م ده‌بێت، هه‌ر چه‌نده‌ گه‌شتیاریش پێش بكه‌وێت و شوێنی گه‌شتیاریش زۆر ده‌بێت و هه‌لی كاری زۆرتر ده‌ره‌خسێت.
به‌پێی خه‌ملاندنێكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌لی كارێك  مانگانه‌ 400هه‌زار دینار داهاتی هه‌بێت، ئه‌وا له‌ ماوه‌ی ئه‌و 12 ساڵه‌دا رێژه‌ی داهات ده‌كاته‌ 12 ملیار دینار، ئه‌گه‌ر 500 هه‌زار دینار بێت ده‌كاته‌ 15 ملیار دینار.

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی گه‌شتیارانیش له‌ ساڵی 2018دا كه‌ زیاتر له‌ 3 ملیۆن گه‌شتیار بوو، نادر روستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ كۆتایی ساڵی 2019 هاتنی گه‌شتیار بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌گاته‌ سێ ملیۆن و 500 هه‌زار  گه‌شتیار، واته‌ ساڵانه‌ش ده‌كرێ بڵێین زیاتر له‌ سێ ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار دێته‌ هه‌رێم.

وتیشی: "به‌ پێی ئه‌و فۆرمانه‌ی ساڵانه‌ش وه‌ك نموونه‌ له‌ ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار له‌ رێگه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان پڕ ده‌كرێنه‌وه‌و وه‌ك نموونه‌ زانیاری له‌ گه‌شتیاران وه‌رده‌گیرێن، هه‌رگه‌شتیارێك زیاتر 300 دۆلار له‌ بازاره‌كانی هه‌رێم خه‌رج ده‌كات، به‌ پێی ئه‌م لێكدانه‌وه‌ش بێت زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلار دێته‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم و هاووڵاتیان سوودی لێوه‌رده‌گرن و گه‌وره‌ترین جوڵه‌ ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌و داهاتی حكومه‌تیش له‌ رێگه‌ی رسومات و باج و كرێی مساته‌حه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر به‌ مه‌زنده‌ وه‌ربگرین ساڵانه‌ 5 ملیار دینار رسومات بێت و 5 ملیار دیناریش باج بێت، داهاتی حكومه‌ت ده‌گاته‌  له‌ 10 ملیار دینار.

له‌ ئاماره‌كه‌ی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار روونیشكراوه‌ته‌وه‌: سووده‌كانی ناڕاسته‌وخۆی گه‌شتیاریش كه‌ ده‌بێته‌ هۆی بوژانه‌وه‌ی گونده‌كان و كشتوكاڵ و ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می كشتوكاڵ و میوه‌جاتی گونده‌كان، به‌ جوڵه‌ى خستنه‌ بازاڕ و لابردنی گوشارێكی زۆری دامه‌زاردن له‌سه‌ر حكومه‌ت، ئه‌م بایه‌خه‌ی گه‌شتوگوزاریش بووه‌ پاڵنه‌ر و هانده‌ر بۆ سه‌رمایه‌داران تاكو زۆرترین وه‌به‌رهێنانی تێدا بكه‌ن، كه‌رتی گه‌شتیاری له‌ سه‌ره‌تای وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ تاكو ساڵی 2019 له‌ 13%ی پێكهێناوه‌، به‌ڵام له‌ 10 مانگی ساڵی 2019 به‌ ته‌نیا له‌ 38%ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستانی پێك هێناوه‌. 


پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure