بڕیارێك له‌باره‌ى 17 هه‌زار موچەخۆرەوە ده‌رده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/12/2019‌ :: 13418‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار
دوای فشارێكی زۆری نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژو یه‌كێتی مامۆستایان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی مامۆستایان وانه‌بێژ چاره‌سه‌ربكات و مانگانه‌ هاوشێوه‌ی مامۆستایانی دیكه‌، كرێی مانگانه‌یان پێبدرێت.

ژیان ئه‌حمه‌د، دوای 16 ساڵ خوێندن و چوارساڵ چاوه‌ڕوانی، دواجار وه‌كو مامۆستای وانه‌بێژ له‌یه‌كێك له‌ خوێندنگاكانی هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای كێشه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌، مانگانه‌ مووچه‌كه‌شی دواده‌كه‌وێت.

مامۆستایانی وانه‌بێژ ژماره‌یان زیاتر له‌ 17 هه‌زار مامۆستایه‌ و به‌پێی بڕوانامه‌و ژماره‌ی وانه‌كانیان مووچه‌یان بۆ خه‌رجده‌كرێت، به‌جۆرێك ئه‌وانه‌ی بڕوانامه‌ی دیبلۆمیان هه‌یه‌ بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك سێ هه‌زارو بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس چوار هه‌زارو بۆ بڕوانامه‌ی ماسته‌ر پێنج هه‌زارو دكتۆراش شه‌ش هه‌زار دیناریان بۆ خه‌رجده‌كرێت.

دواكه‌وتنی مووچه‌ی مامۆستا ژیان، كێشه‌ی زیاتر له‌ 17 هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژه‌ كه‌ له‌سه‌رجه‌م په‌روه‌رده‌كانی هه‌رێم دامه‌زراون، ئه‌و ده‌ڵێت:"هه‌موو رۆژێك چوار وانه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌، كه‌ بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك ته‌نیا چوار هه‌زار دینار وه‌رده‌گرم، به‌ڵام جگه‌ له‌ كه‌می پاره‌كه‌، مانگانه‌ش له‌كاتی خۆیدا نادرێت و هه‌ندێك كات دوو تاوه‌كو سێ مانگ دواده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش گرفتی زۆری بۆ دروستكردووین".

به‌پێی نووسراوی ژماره‌ (1649)ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ 18ی ئه‌یلولی 2019دا، داوا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی كراوه‌، كرێی مانگه‌كانی (4، 5)ی ساڵی خوێندنی (2017_2018) و مانگه‌كانی (10، 11 و 12)ی ساڵی خوێندنی (2018_ 2019)ی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ په‌روه‌رده‌ی شه‌قڵاوه‌ خه‌رجبكات كه‌ بڕی پاره‌كه‌ زیاتره‌ له‌ 777 ملیۆن دینار.

هاوكات له‌ وه‌ڵامی سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كوردستاندا ، ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم راگه‌یاندووه‌:"بۆ پێدانی كرێی مانگانه‌ وانه‌بێژان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ماهه‌نگیان هه‌یه‌ و مانگانه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ گه‌نجییه‌كان خه‌رجبكرێت"

جگه‌ له‌ دواكه‌وتنی كرێی مانگانه‌یان، مامۆستایانی وانه‌بێژ چه‌ند كێشه‌یه‌كی دیكه‌شیان هه‌یه‌.

 كارزان فیزیك نوێنه‌ری مامۆستایانی وانه‌بێژ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دواكه‌وتنی مووچه‌ی مانگانه‌ی مامۆستایان وانه‌بێژ و كه‌می بڕی كرێی وانه‌بێژی، بڕینی مووچه‌ له‌كاتی پشووی ره‌سمی په‌روه‌رده‌كان، به‌ هه‌میشه‌یی نه‌كردنی مامۆستایانی وانه‌بێژ و هه‌ژمارنه‌كردنی ساڵانی خزمه‌ت له‌ گرنگترین كێشه‌كانی سه‌رجه‌م مامۆستایانی وانه‌بێژه‌ له‌ كوردستان".
بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، چه‌ندین جار مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌ شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان گردبوونه‌وه‌و خۆپیشاندان و مانگرتنیان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام تائێستا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌.

كارزان فیزیك، ده‌ڵێت:"بۆ كێشه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌گه‌ڵ وه‌زیری په‌روه‌رده‌، یه‌كێتی مامۆستایان، لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبووینه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ته‌نیا به‌ڵێنیان پێدراوه‌".

نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ، ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر وانه‌بێژان بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی و ساڵانه‌ خزمه‌تیان هه‌ژماربكرێت، ئه‌وا كێشه‌ی 17 هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
هاوكات عه‌تا ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: مامۆستایانی وانه‌بێژ كرێی مانگانه‌یان له‌كاتی خۆیدا پێنادرێت، هه‌روه‌ها چه‌ندین ساڵه‌ نه‌كراوه‌نه‌ته‌ هه‌میشه‌یی و هیچ خولێكیشیان نه‌بینووه‌ بۆئه‌وه‌ی بزانن چۆن وانه‌بڵێنه‌وه‌، بۆیه‌ سته‌م له‌ مامۆستایانی وانه‌بێژ ده‌كرێت.

له‌كۆی كێشه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم بڕیاریداوه‌ كێشه‌ی دواكه‌وتنی كرێی مانگانه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ چاره‌سه‌ربكرێت، به‌ڵام بۆ به‌هه‌میشه‌یی كردنی وانه‌بێژان و هه‌ژماركردنی ساڵانی خزمه‌تیان، ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاربدات.

مه‌ریوان به‌گۆك، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، نابێت چیتر كرێی مانگانه‌ی وانه‌بێژان دوابكه‌وێت، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ر خوێندنگه‌یه‌كیش مانگانه‌ له‌كاتی خۆیدا لیستی مووچه‌كانیان ئاماده‌نه‌كات ئه‌وا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

وتیشی: "ئه‌و دواكه‌وتنی له‌م یه‌ك دوو مانگه‌ روویداوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌مساڵ له‌مانی ئه‌یلول له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی خوێندن ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ وانه‌بێژ دامه‌زراون، بۆیه‌ تاوه‌كو وربینی له‌ ناو و خوێندنگاو پسپۆڕییه‌كان ده‌كرێت، كرێییه‌كانیان دواكه‌وتووه‌ به‌ڵام نابێت چیر كرێی مانگانه‌یان دوابكه‌وێت".
 پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure