مرۆڤ به‌ سروشت خێرخوازه‌ یان شه‌ڕانى؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/12/2019‌ :: 206‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

كه‌ گوێ له‌ ده‌نگوباسه‌كان ده‌گریت و مێژووى مرۆڤت بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ ده‌گه‌یته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه‌ مرۆڤ به‌ سروشت بوونه‌وه‌رێكى شه‌ڕخواز و دڕنده‌یه‌. به‌شێكى زۆرى مێژووى زانراوى مرۆڤ شه‌ڕ و كوشتار بووه‌، چونكه‌ سروشته‌ شه‌ڕانییه‌كه‌ى واى لێكردووه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵ بدات غه‌ریزه‌ ئاژه‌ڵییه‌كانى تێر بكات به‌هه‌ر رێگەیه‌ك بێت. یاسا و رێسا و شه‌ریعه‌ته‌كان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ته‌واوى رێگرى لێ بكه‌ن. 

رۆڵى یاسا و شه‌ریعه‌ته‌كان بۆ دامركاندنه‌وه‌ى ئاره‌زووه‌ ئاژه‌ڵییه‌كانى مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كى كاتیى ده‌وروته‌ئسیریان هه‌بووه‌، چونكه‌ هه‌ركاتێك مرۆڤ ده‌رفه‌تى بۆ هه‌ڵكه‌وتبێت ده‌ستى داوه‌ته‌وه‌ خراپه‌كاریى و پێشێلكردنى سنووره‌ حه‌رامه‌كان، ئه‌م كارانه‌شى به‌ پاساوى یاسا و شه‌ریعه‌تى جۆراوجۆره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

به‌لاى فه‌یله‌سوفانى وه‌ك سوقرات و ئیفلاتونه‌وه‌ ره‌گ و ریشه‌ى شه‌ڕخوازیى و خراپه‌كاریى له‌ مرۆڤدا نه‌فامییه‌. هیچ مرۆڤێك خراپه‌ ناكات ئه‌گه‌ر نه‌زان نه‌بێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر راسته‌. نه‌زانیى یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانى خراپه‌كاریى. به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌روا ساده‌ نییه‌، چونكه‌ هه‌ندێك جار زانیارییش به‌كار ده‌هێنرێت بۆ خزمه‌تكردنى نه‌فامیى و زانستى چه‌واشه‌ و زیانبه‌خش كه‌ سه‌رئه‌نجام خراپه‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

پێویسته‌ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ مرۆڤ هێشتا به‌رزترین زینده‌وه‌ره‌ له‌ڕووى ئه‌قڵ و ره‌فتاره‌وه‌. بۆیه‌ جانجاكڕۆسۆ ده‌ڵێت: "مرۆڤ به‌ سروشت بوونه‌وه‌رێكى خێرخوازه‌ نه‌ك شه‌ڕانى. راسته‌ وه‌كو ئاژه‌ڵه‌كانى دیكه‌ هه‌وڵ ده‌دات پێویستى و ئاره‌زووه‌كانى تێر بكات، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵێك سنوور و یاساى دیاریكراودا".

سه‌ربارى ئه‌مه‌ش مرۆڤ خاوه‌نى ئه‌قڵه‌ كه‌ ده‌توانێت سیستمێكى كۆمه‌ڵایه‌تى وا دابڕێژێت زۆر پێشكه‌وتوتر له‌ ئاژه‌ڵه‌كانى دیكه‌.

تاقیكردنه‌وه‌ ده‌روونییه‌كانیش ئاشكرایان كردووه‌ كه‌ مرۆڤ به‌تایبه‌ت له‌ ته‌مه‌نى منداڵیدا به‌ سروشت جۆرێك چاكه‌خوازیى تیادایه‌. به‌ڵام بۆچى كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت ئه‌و خێرخوازییه‌ى تیادا نامێنێت؟ هۆكاره‌كه‌ كاریگه‌رى ژینگه‌ و كۆمه‌ڵگە و په‌روه‌رده‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌روونى مرۆڤ. 

سیستمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ كه‌ سیستمى ئابوریش ده‌گرێته‌وه‌ هه‌تا پێشكه‌وتووتر و به‌تواناتر بێت كاریگه‌ریى باشترى ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌فتارى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ حوكمڕانیى خراپ و كۆمه‌ڵگەى دواكه‌وتوو له‌ بواره‌كانى ئابوریى و په‌روه‌رده‌ و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا تاكى شه‌ڕانى و خراپه‌كار دروست ده‌كات. 

به‌هه‌رحاڵ هه‌ڵوێستى زانستى ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤمان به‌ هه‌ردوو باره‌كه‌یدا قبووڵ بێت و لێى تێبگه‌ین. واته‌ تێبگه‌ین كه‌ وه‌ك بوونه‌وه‌ره‌كانى تر پێویستى به‌وه‌یه‌ داواكاریى و ئاره‌زووه‌كانى تێر بكات و له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌وڵ ده‌دات سیستمێكى كۆمه‌ڵایه‌تى وا بهێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ بۆ هه‌مووان گونجاو بێت. جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ كاریگه‌رییه‌كانى كۆمه‌ڵگە و ژینگه‌ و په‌روه‌رده‌ له‌سه‌ر ره‌فتارى تاك فه‌رامۆش نه‌كه‌ین.

وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ
پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure