وێنه‌يه‌ك شه‌قامی سياسى عێراق ده‌شڵه‌ژێنێت

هەواڵ / عێراق :: 12/12/2019‌ :: 1278‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

دواى ئه‌وه‌ى به‌يانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ى كانوونى يه‌كه‌مى 2019، خه‌ڵكى به‌غدا و عێراق به‌گشتى و دانيشتوان و خۆپيشانده‌رانى گۆڕه‌پانى وه‌سبه‌ى شارى به‌غدا، به‌ديمه‌نى وێنه‌ى كه‌سێكى كوژراوى هه‌ڵواسراوى سه‌ربه‌رەو خوار به‌ ستوونێكى ترافیكى ناو گۆڕه‌پانى وه‌سبه‌دا له‌ خه‌و راچه‌ڵه‌كين، ئه‌و وێنه‌يه‌ ده‌نگدانه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌رى و سياسى به‌دواى خۆيدا هێنا.

بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌كه‌ لەكاتێكدايه‌ كۆتايى هه‌فته‌ى رابوردوو واته‌ ته‌نیا يه‌ك هه‌فته‌ پێش ئێستا و له‌هه‌مان گۆڕه‌پان، ژماره‌يه‌ك چه‌كدارى نه‌ناسراو كوشتارگه‌يه‌كيان بۆ خۆپيشانده‌رانى ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ دروستكرد.

چەند چیرۆکێک له‌باره‌ى وێنه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ به‌ كوژراوى له‌ گۆڕه‌پانى وه‌سبه‌ى به‌غدا هه‌يه‌ كه‌ به‌ سه‌ره‌وخوار و به‌ هه‌ردوو قاچ هه‌ڵواسرابوو، یەکێکیان ئه‌وه‌يه‌ كه‌ گوايه‌ ئه‌و كه‌سه‌ (به‌كرێگيراو، مندس)ه‌و به‌ ده‌مانچه‌ى بێده‌نگ، شه‌وى رابوردوو دوو تا چوار خۆپيشانده‌رى ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ى كوشتووه‌، له‌ به‌رامبه‌ريشدا خۆپيشانده‌رانى گۆڕه‌پانه‌كه‌ دواى كوشتنى به‌و شێوه‌يه‌ هه‌ڵيانواسيوه‌.

چیرۆکێکی دیکەشیان بە تەواوی پێچەوانەی چیرۆکەکەی پێشووە و دەوترێت، ئەو کەسە خۆپیشاندەران لەبەردەم ماڵەکەیدا ئاگریان کردووەتەوە و ئەویش داوای لێ کردوون دووربکەونەوە لە ماڵەکەی، بەڵام خۆپیشاندەران هێرشیان کردووەتەسەری، ئەویش ناجار بووە تەقەی لێ کردوون و بڵاوەی پێ کردوون، بەڵام دواتر خۆپیشاندەران چوونەتە سەر ماڵەکەی و بە دوای ئۆتۆمبێلدا رایانكێشاوە و دواتر هەڵیانواسیوە.

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و وێنه‌يه‌ قه‌يس خه‌زعه‌لى، ئه‌منيدارى گشتى عه‌سائيبى ئه‌هلى حه‌ق، له‌ تويتێكدا ده‌ڵێت: تاكه‌ى پشێوى و نه‌بوونى ياسا و لاوازى ده‌زگا ئه‌منييه‌كان و بڵاوكردنەوەى چه‌ك و بڵاوبوونه‌وه‌ى ميليشيا پيسه‌كان به‌رده‌وام بێت!!

ده‌شڵێت: نه‌خێر بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌ك، نه‌خێر بۆ ميليشيا پيسه‌كان، به‌ڵێ بۆ سنووردارکردنی چه‌ك، به‌ڵێ بۆ ده‌زگا ئه‌منييه‌كان.

له‌سه‌ر هه‌مان پرس، په‌يجى نزيك و زمانحاڵى موقته‌دا سه‌در له‌ كۆمێنتێك له‌سه‌ر ئه‌و وێنه‌يه‌ نووسيويه‌تى: ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى 48 كاتژمێردا ئه‌نجامده‌ره‌ تيرۆریسته‌كان نه‌درێنه‌ ده‌ست، ئه‌وا كڵاوشينه‌كان له‌ گۆڕه‌پانى خۆپيشاندانه‌كانى به‌غدا ده‌كشێنه‌وه‌.

له‌وباره‌یەوه‌ ژماره‌يه‌ك خۆپيشانده‌رى گۆڕه‌پانه‌كانى به‌غدا له‌ به‌ياننامه‌یەكدا ده‌ڵێن: ئێمه‌ سزا ناده‌ين، ئێمه‌ داواده‌كه‌ين داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان (هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و دادگا) سزاى دز و تاوانباران بدات، ناكرێت رێگه‌ بده‌ين ناوبانگى شۆڕشه‌ سپييه‌كه‌مان بشێوێنن، ئێمه‌ وه‌ك خۆپيشانده‌ره‌ ئاشتيخوازه‌كان خۆمان له‌و رووداوه‌ى ئه‌مڕۆى گۆڕه‌پانى وه‌سبه‌ بێبه‌رى ده‌كه‌ين، هه‌ر مامه‌ڵه‌يه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ى ره‌فتارى ئاشتيخوازانه‌ بێت ئێمه‌ لێى به‌رين.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure