فیلمێكی سینەمایی لەبواری پەروەردەیی بەرهەم دەهێنرێت

هەواڵ / که‌لتور :: 12/12/2019‌ :: 137‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوكاری دوو كۆمپانیای ناوخۆیی و ئەڵماننی، فیلمێكی سینەمایی بەرهەمهێناوە كە هونەرمەند شەوكەت ئەمین كوردی دەرهێنەری بەناوبانگی كورد كاری دەرهێنانی بۆ كردووە.

(تاقیكردنەوە) ناوی ئەو فیلمە سینەماییە درێژەیە كە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاوكاری كۆمپانیای مەستی فیلم لەكوردستان و كۆمپانیای میتۆس لەئەڵمانیا بەرهەم هێنراوە و باسی رۆڵی پەروەردە لەپێگەیاندنی منداڵ دەكات.

نزیكەی 300 كەس لەم فیلمەدا بەشداربوون، بەڵام 50 كەسیان ئەكتەر بوون، فیلمەكە لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ لەشاری سلێمانی وێنەی گیراوە و لەم هەفتەیەشدا وێنەگرتنی تەواو بووە و دەست بەكاری مۆنتاژی دەكرێت.

شەوكەت ئەمین كوركی، دەرهێنەری بەناوبانگی كورد بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمە چوارەم فیلمی سینەمایی درێژە كاری بۆ دەكات بۆیە شاری سلێمانیشی بۆ وێنەگرتن هەڵبژاردووە، چونكە پێشتر سێ فیلمی لەشارەكانی هەولێر و كەركوك و دهۆك بەرهەمهێناوە، ئەم بەرهەمەشی لەسەر پەروەردەیە و فیلمێكی كۆمەڵایەتییە، رەنگدانەوەی دۆخی ئێستای كوردستانە.

لەم فیلمەدا هونەرمەندانی چوار پارچەی كوردستان بەشدارییان تیادا كردووە، روونیشیكردەوە: كاتێك فیلم دروست دەكات بیر لەو هونەرمەندانە دەكاتەوە كە دەتوانن لەو بەرهەمەدا بەشدار بن، رەنگە ئەو هونەرمەندە لەپارچەیەكی كوردستان بێت، بەڵام بەلایەوە گرنگە بەشدار بێت، ئەو كارە بۆ تێكەڵاوبوونی هونەرمەندانیش كارێكی باشە. 

حەمەڕەشید هەرەس، وەك هونەرمەندێكی بەئەزموون بەشداری لەو فیلمەدا كردووە بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئەم فیلمە ئەزموونێكی نوێ بوو، هەندێك رووداوی تیادایە تازەیە بۆ كوردستان و تازەگەریی تیادایە، چونكە ئەو فیلمانەی پێشتر هەبوون زیاتر مۆركی تەلەفزیۆنی پێوە بووە، بەڵام ئەمەیان زیاتر مۆركی ئەكشنی سینەمایی تیادایە.

جگە لەهونەرمەندانی بەئەزموون، ڤانیا سالار وەك كچە ئەكتەرێكی سەرەكی بۆ یەكەمجارە بەشداری ئەم فیلمەی كردووە بۆ دواڕۆژ ئاماژەی بەوەكرد: چەند مانگێك لەتاقیكردنەوەدا بوون بۆ بەشداربوون لەم بەرهەمە و زۆری پێ خۆشبووە توانیویەتی بەشدار بێت، وەك ئەكتەرێكیش زۆر شت فێربووە بەتایبەتیش لەكاركردن لەگەڵ شەوكەت ئەمین كوركی وەك قوتابخانە بووە بۆی.

زەریا سامی، هونەرمەندێكی بواری شانۆیە و لەم فیلمەدا بەشداربووە، بەدواڕۆژی راگەیاند: نواندن لەبەردەم كامێرا و شانۆ تایبەتمەندی زۆری هەیە، ئەم جیاوازییە لەشانۆوە بۆ سینەما، لەسینەماش لەدەرهێنەر بۆ دەرهێنەرێكی دیكە زۆر جیاوازترە، لەم كارەدا دەرهێنەر بەشێوازێكی نەرم و مرۆڤانە ئەكتەرەكانی دەخستنە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتییەی كە كارەكتەرەكە داوای دەكات، دواتر فیلمە داوای چ جۆرە نواندنێك دەكات.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure