چیرۆكی ئه‌و كچه‌ی له‌ته‌مه‌نى 23 ساڵیدا سێ جار فڕۆشراوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/12/2019‌ :: 9192‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزى

ژنه‌ رزگاربوویه‌كى ده‌ستى داعش ده‌ڵێت "له‌ ته‌مه‌نى 23 ساڵیدا دواى هێرشى چه‌كدارانى داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال، له‌ گه‌ڕه‌كى شوهه‌دا له‌ ناوه‌ڕاستى شاره‌كه‌ ده‌ستگیركراین  و سێ جار فڕۆشرام و چه‌كداره‌كانیان یارى تۆپى پێ-یان به‌ كه‌لـله‌ى سه‌رى پیاوه‌كانمان ده‌كرد".


ئه‌و ژنه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌: "له‌ كاتژمێر 8:00ى به‌یانى رۆژى دووه‌مى هێرشى داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال سێ چه‌كدارى داعش له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌مان وه‌ستابوون و چاوه‌ڕێی بڕیارى والى شارى موسڵ بوون بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان پێكه‌وه‌ گولـله‌باران بكه‌ن".

هه‌دیه‌ حه‌سه‌ن خه‌له‌ف كالۆ، ژنه‌ رزگاربوویه‌كى ده‌ستى داعش چیرۆكى به‌ سه‌رهاته‌كانى خۆى به‌م جۆره‌ بۆ دواڕۆژ گێرایه‌وه‌: "دراوسێكانمان نه‌یانهێشت خۆمان بگه‌یەنینه‌ چیاى شەنگال و له‌ ده‌ستى داعش هه‌ڵبێین".

"رۆژى دووه‌م ده‌ستگیركراین"
دراوسێكانمان خیانه‌تیان له‌ ئێمه‌ كرد، به‌ ئێمه‌یان وت له‌ ماڵدا بمێنن ده‌رمه‌كه‌ون و ئێوه‌ له‌ سه‌ربه‌ختى ئێمه‌ن هیچ كێشه‌یه‌كتان نابێت، شه‌وێك له‌ دواى هێرشى داعش له‌ ماڵه‌كه‌ماندا ماینەوە له‌وكاته‌ ته‌واوى شاره‌كه‌ كه‌وتبووە ژێرده‌ستى داعش، رۆژى دووه‌میش هه‌وڵماندا شەنگال جێبێڵین به‌ڵام رێگه‌یان نه‌دا".

"ته‌واوى زێرو پاره‌ى ئێمه‌یان برد"
كاتژمێرى 8:00ی به‌یانى رۆژى دووه‌مى هێرشى داعش بۆ سه‌ر شەنگال، چه‌كداره‌كانیان هاتنه‌ به‌رده‌رگاى ماڵه‌كه‌مان و ته‌واوى زێر و پاره‌ى ئێمه‌یان برد، له‌ بیرمه‌ چه‌كدارێك به‌ناوى ناسر كه‌ خه‌ڵكى ته‌له‌عفه‌ر بوو له‌گه‌ڵ دوو چه‌كدارى تر له‌ به‌رده‌م ده‌رگاى ماڵه‌كه‌مان وه‌ستابوون .

والى موسڵ چى وت؟
كاتێك ئه‌و سێ چه‌كداره‌ى داعش له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌مان وه‌ستابوون، په‌یوه‌ندیان به‌ والى شارى موسڵەوە كرد، گوێم لێبوو پێیان وت: "ده‌ستمان به‌سه‌ر ماڵێكدا گرتووه‌ چوار خێزان پێكه‌وه‌ن، والى موسڵ به‌و چه‌كدارانه‌ی وت هه‌موویان گولـله‌باران بكه‌ن، ئه‌و ژن و كچ و منداڵانه‌ى له‌ناو ئه‌و ماڵه‌دان بیانكوژن".

پێش تێپه‌ڕبوونى 20 خوله‌ك چى روویدا ؟
والى شارى موسڵ به‌و چه‌كدارانه‌ی وت: "چاوه‌ڕێم بكه‌ن دواى 20 خوله‌كى تر په‌یوه‌ندیتان پێوه‌ ده‌كه‌م و ئه‌وكات هه‌مویان گولـله‌باران بكه‌ن، به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌مریان پێكرا و پێش تێپه‌ربوونى بیست خوله‌ك والى موسڵ له‌ ناو مزگه‌وتى شەنگال بوو به‌ ئامانجى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و كوژرا كه‌ یه‌کەمجاربوو دواى چه‌ند كاتژمێرێك له‌ داگیركردنى شەنگال سه‌نته‌رى شاره‌كه‌ بۆردومان كرا".

بریاره‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا
دواى بۆردومانكردنى مزگه‌وتى شەنگال، زانیمان ئه‌و كه‌سانه‌ى ویستیان به‌یعه‌ت به‌ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى بده‌ن له‌لایه‌ن والى موسڵه‌وه‌ له‌ مزگه‌وتى شەنگال پێشوازیان لێكرابوو، له‌و كاته‌دا بوونه‌ته‌ ئامانجى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و دواتر ئه‌و سێ چه‌كداره‌ى له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌مان چاوه‌ڕێى بریارى والیەكه‌یان بوون ئه‌و بریاره‌یان جێبه‌جێ نه‌كرد.

"دواى ده‌ستگیركردنمان بردیانینه‌ فه‌رمانگه‌ى ره‌گه‌زنامه‌ له‌ شەنگال و وتیان ژن و پیاو لەیەك جیا بكه‌نەوە، دواى دوو رۆژ بردیانینه‌ ته‌له‌عفه‌ر، سێ رۆژ له‌ ناو خوێندنگەى ئه‌و شاره‌دا ماینەوە و بردیانینه‌ ناحیه‌ى بادۆش، دواى گه‌یشتنمان ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانه‌وه‌ بۆردومانكرا و جارێكى تر بردیانینه‌ ته‌له‌عفه‌ر".

هه‌دیە له‌ شەنگال چى بینى؟
كاتێك له‌ شەنگال ده‌ستگیركراین له‌ دووره‌وه‌ دوو كه‌سم بینى سه‌ربردرابوون، چه‌كدارانى داعش به‌ زۆره‌ملێ وتیان ده‌بێت سه‌یرى ڤیدیۆى ناو مۆبایله‌كانمان بكه‌ن كاتێك سه‌رى خه‌ڵكى مه‌ده‌نیان ده‌بڕى و بینیم یارى به‌ كه‌له‌ سه‌رى پیاوه‌كانى ئێزدیان ده‌كرد و ده‌یانوت ئه‌مانه‌ كافرن.

موسڵمان بووین
بردیانینه‌ گوندى كه‌سر میحراب له‌ ته‌له‌عفه‌ر، چه‌ند جارێك چه‌كداره‌كانیان هاتن به‌ ئێمه‌یان وت كرین و فرۆشتنتان پێده‌كه‌ین یان ده‌بێت موسڵمان ببن، پێمان وت موسڵمان ده‌بین، چوار مانگ له‌و گونده‌ ماینەوە، جارێك هاتن وتیان هه‌ر كه‌سێك له‌ ئێوه‌ موسڵمان ببێت مێرده‌كه‌ى بۆ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌، دواتر بریارى خۆماندا و مێرده‌كانمان گه‌ڕێندرانه‌وه‌ به‌ڵام منداڵه‌كانمان نه‌گه‌ڕێندرانه‌وه‌".

چه‌كدارانى داعش سێ جار كرین و فرۆشتنیان به‌ منه‌وه‌ كرد له‌ ته‌له‌عفه‌ر، دواتر كه‌ باوه‌ریان كرد موسڵمان بووم و هاوسه‌رگیریم كردووه‌، منداڵ و مێردەكه‌م گه‌ڕێندرانه‌وه‌ و دواى چوار مانگ بردیانینه‌ شارى موسڵ و دواى ماوه‌یه‌ك هێنایانینه‌ گه‌ره‌كى خه‌زرا له‌ ته‌له‌عفه‌ر".

ده‌شڵێت: "كه‌ هێنایانینه‌ ته‌له‌عفه‌ر بردیانینه‌ مزگه‌وت و فێرى نوێژكردن و خوێندنى قورئان كراین، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك توانیبوایه‌ متمانه‌ بۆ چه‌كدارانى داعش دروست بكات كه‌ به‌ ته‌واوى موسڵمان بووه‌ دواتر به‌ رێگەیه‌ك ده‌یتوانى له‌ ژێر ده‌ستی داعش هه‌ڵبێت و له‌و كاته‌دا خۆى بگه‌یه‌نێته‌ سنورى پارێزگاى دهۆك و به‌شێك له‌ ئێزدیانه‌ى كه‌ موسڵمان بوون و دواتر مه‌روماڵاتى چه‌كدارانى داعشیان به‌خێوده‌كرد، به‌شه‌و له‌و گوندانه‌ى خۆیان گه‌یانده‌ سنوورى دهۆك، دوو ساڵ و چوار مانگ له‌ ژێر ده‌ستى داعشدا بووین".

"ئه‌شكه‌نجه‌ى منیان دا و خواردنیان به‌ ئێمه‌ نه‌ده‌دا و وه‌كو خزمەتکار ئیشى ناو ماڵه‌كانیان پێ دەكردین، شه‌ش ئه‌ندامى ماڵباته‌كه‌مان تائێستا چاره‌نووسیان دیارنیه‌".

له‌ كاتژمێر 7:20ی ئێواره‌ی 23ى تشرینى دووه‌مى 2016 توانیمان له‌ قه‌زاى ته‌له‌عفه‌ر له‌ ژێر ده‌ستى چه‌كدارانى داعش هه‌ڵبێین و خۆمان گه‌یانده‌ گوندى ئه‌بو ماریا له‌ میحوه‌رى زوممار له‌لاى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، دواتر كاتژمێر 12ى شه‌و گه‌یشتینه‌ شارى دهۆك، له‌و كاته‌ی چاودێرى مه‌ڕوماڵاتى ئه‌وانمان ده‌كرد ئێمه‌ چوار خێزان پێكه‌وه‌ بووین.

كاتێك به‌ رێگەوه‌ بووین چه‌كدارانى داعش زانیان ئێمه‌ هه‌ڵدێین، به‌ڵام 70 هه‌زار دۆلارمان به‌ قاچاخییه‌كانمان دا بوو ئه‌وان كه‌سى زۆر لێهاتوو بوون و به‌ ره‌گه‌ز عه‌ره‌ب بوون توانیان بمانگه‌یەننه‌ ناوچه‌ى ئارام، دواتر رزگاربووین و گه‌یشتینه‌ لاى كه‌سوكاره‌كانمان".

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure